زیانە ژینگەییەكانی دوای تۆپبارانكردنی ناوچە سنوورییەكانی هەرێم

زیانە ژینگەییەكانی دوای تۆپبارانكردنی ناوچە سنوورییەكانی هەرێم
سوتاندنی لەوەڕگاو دارستان و گژوگیای قەدپاڵ و دەشتەكان ئەو ئاگر تێبەردانەیە، یان گڕتێبەردانەیە كە بە زەحمەت كۆنترۆڵ دەكرێت، چونكە ئاگرەكە، پاش كەوتنەوەی بەهۆی راستەوخۆی وەك تێبەردان بێت یان بۆردومان بێت، پشت دەبەستێت بە سووتەمەنی سروشتی ناوچەكە وەك گەڵای دارەكان و، گژوگیاو بەری درەختەكان و، چینی داپۆشەری قەدی دارەكان.
لەم ئاگر كەوتنەوانەدا سێ گۆشەیەكی كاریگەر هەیە كە پێی دەڵێن سێگۆشەی ئاگر كەوتنەوە، كە لە سێ هۆكاری وەك:
ئاگر(گەرمیی) و، سووتەمەنی و ئۆكسجین، پێك دێت هەروەها ئەم ئاگر كەوتنەوانە دوو جۆری سەرەكین.
+ یەكەم: ئاگر كەوتنەوەی ئاسۆی، كە سەر زەوی دادەگرێت و، ڕووەكە نزمەكان و گژوگیا دەسووتێنێت، بەخێرایی تەشەنە دەكات و گەرمییەكی زۆر دروست دەكات، هەندێك جاریش بۆ درەختە بەرزەكان سەردەكەوێت.
+ دووەم: ئاگركەوتنەوەی ستوونی: كە بەهۆی گەڵا و لقی درەختەكانەوە ئاگرەكە دەگاتە لوتكەی درەختە بەرزەكان و لە ئاستی سەرەوەدا بۆ درەختەكانی دیكە تەشەنە دەكات.
بەم جۆرەش هەندێك جار ئاگر كەوتنەوەی ئاسۆیی دەگۆڕێت، بۆ ستوونی و، زۆرجاریش ستوونی دەگۆڕێت بۆ ئاسۆیی.
هۆیەكانی ئاگر كەوتنەوە لە دارستانەكان
1- هۆكارەكانی كەش و هەوا: وەك بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە مانگی حوزەیران هەتا مانگی ئەیلوول.
2- سروشتی رووەكەكان: كە توانای گڕگرتنی هەیە بە ئاسانی.
3- هۆكارە بە ئەنقەستەكان: وەك هەڵەی شوان و شوفێر و رەزەكان كە ئەنجامی ئاگركەوتنەوەی زیانبەخش و مەترسیداری لێدەكەوێتەوە.
4- جەنگ و تۆپبارانكردن: كە لە ئەنجامی تۆپبارانكردنی ناوچەیەكی گەورە دێتە ئارا و زیانی ژینگەیی و ئابووری و مرۆیی گەورەی لێدەكەوێتەوە، وەك تۆپبارانكردنی ئەمدواییەی هێزەكانی ئێران و توركیا بۆ سەر ناوچە سنوورییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستانی عێراقدا، بە بیانووی راوەدوونانی چەكدارانی پژاك و پەكەكە لەو ناوچانە.
گرنگی رەزودارستانەكان لە رووی ژینگەییەوە
1- رەزو دارستان و ناوچە سەوزەكان، رۆڵی گەورەیان هەیە لە پاراستنی هاوسەنگی ئیكۆلۆژیدا لە نێوان هەردوو گازی ئۆكسجین و دووەم ئۆكسیدی كاربۆندا، چونكە رۆژانە هەر یەك هێكتار لە دار و درەخت بڕی(200) دوو سەد كیلۆگرام لە گازی ئۆكسجین بەرهەم دەهێنین.
2- كەمكردنەوەی ئاسەوارە نێگەتیڤەكانی ژاوە ژاو.
3- هەڵمژینی بڕێكی زۆر لە گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن و كەمكردنەوەی پلەی گەرمی و دابەزاندنی بڕی گەرمی بەڕێژەی(40%) ساڵانە.
4- پاراستنی گڵ و خۆڵی قەدپاڵەكان لە داڕمان و داچۆڕان بەهۆی ئاو و رەشەباوە.
5- گێڕانەوە و بەرپەرچدانەوەی رەشەبای خۆڵاویی و، بەرگریی كردن لە بە بیابانبوون.
6- پاراستنی توندوتۆڵی گڵ و خۆڵ و چینی سەرەوەی زەوی .
7- بەشداریی كردن لە زیادكردنی بڕی ئاوی كانیاو و ژێر زەوی.
8- پاشماوە ئۆرگانییەكانی وەك وزەی نوێبووەوە تەماشا دەكرێت كە ژینگە پیسی ناكەن.
زیانەكانی تۆپباران و سووتاندنی رەزو دارستانەكان
1- كەمكردنەوەی رووبەڕی سەوزایی و، تێكدانی هاوسەنگی.
2- كەمكردنەووەی بڕی بە هەڵم بوونی ئاو و كاریگەریی خراپ لەسەر باران.
3- داڕنینی توێژاڵی رووەكی و، لەبەریەك هەڵوەشانەوەی یەكگرتوویی گڵ و خۆڵی قەدپاڵەكان.
4- داڕمانی قەدپاڵەكان و، كۆبوونەوەی خۆڵی قەدپاڵەكان لەسەر رێگە و، لە پشت بەنداوەكانەوە.
5- كەمكردنەوەی بڕی ئاوی ژێر زەوی، چونكە ڕووەك هۆكاری گلدانەوەی ئاوی سەر زەوییەو، ناردنییەتی بۆ ژێر زەویی.
6- كەمكردنەوەی بڕی ئۆكسجین و، زیادكردنی بڕی گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن.
7- كەمكردنەوەی بەرگریی درەختەكان و، خێرا پووەكانەوەیان بەهۆی ئەو نەخۆشییانەی كە بە ئاسانی زیانیان پێدەگەیەنن.
8- لە ناوبردنی ژمارەیەكی زۆر و لە جۆرەكانی باڵندە و زیندەوەران و رووەكەكان كە ئەمەش زیانی گەورە لەجۆرەكانی زیندەوەران دەدات.
9- پەیدابوونی دووكەڵ كە تێكەڵەیەكە لە گەردیلەی ورد و گازەكانی كاربۆن مۆنۆ ئۆكساید و، دووەم ئۆكسیدی كاربۆن و ئۆكسیدەكانی نایترۆجین و، زیان بە چاو و سییەكانی مرۆڤ دەگەیەنن.
هەنگاوەگانی رێگرتن لە تۆپباران كردن و كردە سەربازییەكان
1- بەگەڕخستنی هەوڵە دیپلۆماسییەكانی عێراق بۆ ئاگاداركردنەوەی هەردوو دەوڵەتی توركیا و ئێران لەو پڕۆتۆكۆڵ و پەیماننامە نێو دەوڵەتییانەی كە رێگە چارەی سەربازی تاك لایەنە لەسەر زەوی وڵاتێكی دیكە، كارێكی نائاسایی و نایاساییە.
2- هەوڵدانی وەزارتەكانی ژینگە و تەندروستی و كشتوكاڵ بۆ بیرخستنەوەی هەردوو دەوڵەتی ئێران و توركیا سەبارەت بە ئەركەكانیان بۆ پاراستنی ژینگەی ناوخۆ و جیهانی بەپێی ئەو رێكەوتننامە نێودەوڵەتیانەی كە خۆیان واژوویان كردووە.
3- بەدەنگ هاتنی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی چالاك لە بواری ژینگە پارێزیی و مافەكانی مرۆڤ بۆ ژیانی بەسەربردن لە ژینگەیەكی سەلامەت و خاوێندا.
4- بەدەنگەوە هاتنی بەرنامەی پاراستنی ژینگەی(UNEP) لە نەتەوە یەكگرتووەكان سەبارەت بەو زیانە ژینگەییانەی كە ئەم تۆپبارانانە بە خاك و ئاوی هەرێم و عێراقی دەگەیەنن.
5- خۆ ئامادەكردنی باشتری دەزگاكانی بەرگری شارستانی لە هەرێمی كوردستان و، هاوردەكردنی ئامێر و دەزگای نوێ و تەكنەلۆژیای سەردەم بۆ كۆنترۆڵ كردنی خێرایی ئەم ئاگركەوتنەوانەی دوای تۆپبارانەكان، كەمكردنەوەی زیانە ژینگەیی و ئابووری و كشتو كاڵییەكان.
Top