ئه‌ركی به‌دامه‌زراوه‌یی كردنی كوردستان له‌ئه‌ستوَی روَشنبیردایه‌

ئه‌ركی به‌دامه‌زراوه‌یی كردنی كوردستان له‌ئه‌ستوَی روَشنبیردایه‌
روَشنبیری راسته‌قینه‌ به‌به‌رده‌وام له‌ناو پروَسه‌ی مه‌عریفیه‌تدا سه‌رقاڵی پێگه‌یاندن و خوَده‌وڵه‌مه‌ندبوونی فیكرییه‌، بوَیه‌ سه‌رقاڵی داهێنان و هوَشیاركردنه‌وه‌ی كوَمه‌ڵگاكه‌یه‌تی ، ته‌نانه‌ت نه‌ك ته‌نیا سوود به‌هاوولاَتی و تاكه‌كانی ناوكوَمه‌ڵگاكه‌ی ده‌گه‌یه‌نێت، بگره‌ به‌نووسین و بوَچوون و داهێنانه‌كانی سوود به‌كوَمه‌ڵگای مروَڤایه‌تیش ده‌گه‌یه‌نێت، زوَر گرنگه‌ روَشنبیر كه‌سایه‌تی خوَی له‌ده‌ست نه‌دات و بوَچوون و پێشنیاره‌كانی زیان به‌ره‌وتی پێشكه‌وتن و گه‌شه‌ی كوَمه‌لاَیه‌تی و ئابووری و سیاسی نه‌گه‌یه‌نێت. زوَرجار جیاوازی له‌نێوان بیروبوَچوونه‌كان سه‌رهه‌ڵده‌دات، ئه‌مه‌ش حاڵه‌تێكی ئاسایی و سروشتییه‌، چونكه‌ سه‌رچاوه‌ی وه‌رگرتنی زانیارییه‌كانیش فره‌ چه‌شنه‌و له‌رووی زمان و كولتوورو ئاستی گه‌شه‌ی كوَمه‌ڵگاكانیشه‌وه‌ جیاوازی له‌بیركردنه‌وه‌و تێرِوانینه‌كانی لێكه‌وتوَته‌وه‌، به‌لاَم به‌درێژایی قوَناغه‌ مێژووییه‌كانی مروَڤایه‌تی روَشنبیر گرنگی خوَی له‌ده‌ست نه‌داوه‌و نایدات، به‌تایبه‌تی له‌و قوَناغانه‌ی كه‌ به‌ وێستگه‌ی ریفوَرم و پێشكه‌وتن و نوێبوونه‌وه‌ داده‌نرێت، ئه‌م حاڵه‌ته‌ش له‌هه‌رێمی كوردستان دیارو له‌به‌رچاوه‌ ، كه‌ به‌درێژایی حوكمرِانییه‌كانی عێراق به‌ئێستاشه‌وه‌ سه‌دان كوَسپ و ئاسته‌نگ به‌رامبه‌ر روَشنبیرانی گه‌له‌كه‌مان دانراوه‌، به‌لاَم رێگر نه‌بوو له‌به‌رده‌م به‌رده‌وامبوونی ئه‌رك و كاری روَشنبیر. ئه‌مرِوَ له‌ واقیعی ئابووری و سیاسی عێراق و نائارامی ناوچه‌كه‌و ململانێ سیاسییه‌كانی ناو گوَرِه‌پانی سیاسی عێراقی و كوردستانیش ئه‌ركی روَشنبیر زیاتر ده‌بێت ، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌و پێشبینی و پێشهاتانه‌ی كه‌ باس له‌ئه‌گه‌ری گوَرِینی واقیعی سیاسی عێراقی ده‌كات له‌دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق، ئالێره‌دا ئه‌ركی روَشنبیر زیاترو قورستر ده‌بێت و كاریگه‌ری زیاتری له‌سه‌ر یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان و ئاراسته‌كردنی پروَسه‌ سیاسی و ئابوورییه‌كه‌ ده‌بێت و ئه‌ركه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌شی زیاتر ده‌بێت، به‌تایبه‌تی ئه‌و گوَرِانكارییه‌ فره‌چه‌شن و ریشه‌ییه‌ی كه‌ له‌ پێكهاته‌ی كاری حزبایه‌تی روویداوه‌ له‌ناو گوَرِه‌پانی سیاسی عێراقی و كوردستانیدا كه‌ زوَرجار بالاَده‌ستی ئه‌م پارتانه‌ به‌شێوازێكه‌ كاریگه‌ری توندی له‌سه‌ر رێرِه‌وی رووداوو پێشهاته‌كان كردووه‌و شوێنه‌واره‌كانیشی له‌سه‌ر په‌رتبوونی روَشنبیران و ده‌ركه‌وتنی راوبوَچوونی جوَراوجوَری ناكامڵ وایكردووه‌ كولتووری توندوتیژی و دوور له‌ دیموكراتییه‌ت و پاراستنی ئازادییه‌كانی لێبكه‌وێته‌وه‌. روَشنبیر ئه‌ركی هوَشیاری و پێگه‌یاندنی مه‌عریفه‌یی هاوولاَتییان و پێشخستنی نه‌ته‌وه‌كه‌ی باشتر جێبه‌جێ ده‌كات كاتێك خوَی له‌ناو دامه‌زراوه‌كان ده‌بینێته‌وه‌، چونكه‌ له‌دامه‌زراوه‌كاندا تواناكان باشتر كوَده‌كرێنه‌وه‌و رێك ده‌خرێن و ئاراسته‌ی جوَراوجوَر له‌خوَده‌گرێت.
له‌م قوَناغه‌دا زوَر گرنگه‌ روَشنبیران كار بوَ چه‌سپاندنی دامه‌زراوه‌كان بكات و له‌ رِێگای دامه‌زراوه‌ی نوێوه‌ تواناكانی روَشنبیران ئاراسته‌ بكرێت و وای لێبكرێت به‌رامبه‌ر هه‌موو مه‌ترسی و رووداوێكی كتوپرِ خوَی ئاماده‌ كردبێت، به‌تایبه‌تی له‌م واقیعه‌و قوَناغه‌ی سیاسی عێراق و كوردستانیدا، روَشنبیر ئه‌ركی گوَرِینی به‌رنامه‌ی پارته‌ سیاسییه‌كانی له‌ئه‌ستوَیه‌، پێشتر له‌شوَرِشی چه‌كداری و خه‌باتی پارتیزانی و رێكخستنه‌كان روَڵی گرنگی هه‌بووه‌، ئێستا ئه‌م كاره‌ی زوَر قورستره‌و ئه‌ركی به‌دامه‌زراویكردنی پارته‌ سیاسییه‌كان و داموده‌زگاكانی حكومه‌تی له‌ئه‌ستوَیه‌، بوَیه‌ ده‌بێت كار بوَ دامه‌زراندنی ده‌زگای زانستی و ئه‌كادیمی بكات، چونكه‌ به‌بێ ئه‌م ده‌زگایه‌ ناكرێت تواناكانی خوَی رێك بخات و كوَیان بكاته‌وه‌و ئاراسته‌یه‌كی زانستییانه‌ی بداتێ، ته‌نانه‌ت ئه‌م دامه‌زراوانه‌ له‌ناو خودی زانكوَكانی كوردستانیشدا بوونیان نییه‌و لاوازن. روَشنبیر كاری دژایه‌تیكردنی گه‌نده‌ڵی و رِێگاگرتن له‌ نادادپه‌روه‌ری له‌ئه‌ستوَیه‌، نه‌ك خزانه‌ ناو ململانێ و نووسینی وتاری توندوتیژو دوور له‌ كیانی دیموكراسی و سنوور به‌زاندنی ئازادییه‌كانی تاك و یا گه‌یانن به‌به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌كه‌مان. گرنگه‌ و پێویسته‌ روَشنبیر له‌ بیرو راكانیدا سه‌ر به‌به‌ره‌ی میلله‌ت بێت و روَڵی بێلایه‌نه‌ له‌ بیروبوَچوونه‌كانیدا ره‌نگ بداته‌وه‌، به‌تایبه‌تی له‌بواری دیموكراتی و چه‌سپاندنی ئارامی و پاراستنی ئه‌زموونه‌كه‌مان و فێركردنی ده‌ستاوده‌ستكردنی كورسی ده‌سه‌لاَت ، ته‌نانه‌ت مومكین نییه‌ كه‌سی روَشنبیر ته‌نیا به‌رژه‌وه‌ندی چین و توێژو لایه‌نێك بكات و ئه‌وانی تر پشتگوێ بخات، یا بوَ مه‌رام و مه‌به‌ستی تایبه‌تی كار بكات.
روَشنبیر كار بوَ داكوَكیكردن له‌مافی ئافره‌تان و منداڵ و مروَڤه‌كان ده‌كات و دژی بێكاری و گرانی و هه‌ژاری و ده‌یان ده‌ردو كێشه‌و گرفتی تری ئابووری و كوَمه‌لاَیه‌تی بێت، روَشنبیر ئه‌و ئه‌ركه‌شی ده‌كه‌وێته‌ سه‌رشان له‌ناو خودی پارته‌ سیاسییه‌كان كار بوَ ئه‌وه‌ بكات رِێز له‌چه‌مكی هاوولاَتیبوون بگیرێت ، له‌سه‌رجه‌م وێستگه‌ سیاسی و ئابوورییه‌كان خوێندنه‌وه‌ی بوَ رووداوو گوَرِانكارییه‌كان هه‌بێت دوور بێت له‌ بوغزو كین و مه‌به‌ستی تایبه‌تییه‌وه‌و ته‌نیا به‌رژه‌وه‌ندی گه‌له‌كه‌ی له‌بیر بێت، روَڵی روَشنبیر له‌ پروَسه‌ی بونیاتنانه‌وه‌ی كوردستان كه‌م نییه‌و ده‌بێت كار بوَ نزیكبوونه‌وه‌ی نێوان حكومه‌ت و هاوولاَتی بكات نه‌ك به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هاوولاَتی دوور بخاته‌وه‌ له‌حكومه‌ته‌كه‌ی ئه‌و حكومه‌ته‌ی له‌بنه‌رِه‌تدا خزمه‌تگوزاری هاوولاَتییه‌و خاوه‌نه‌ به‌رده‌وامه‌كه‌شی خودی هاوولاَتییه‌، هاوولاَتی و حكومه‌ت له‌چوارچێوه‌ی ئه‌رك و مافه‌كاندا روَشنبیر كوَیان ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌ ئه‌ركی روَشنبیره‌ هانی حكومه‌ت بدات بوَ رِێزگرتن له‌بنه‌ماكانی دادپه‌روه‌ری و پاراستنی ئازادییه‌كان، دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان و شوێنی نیشته‌جێبوون و پاراستنی ئارامی و سه‌قامگیری سیاسی له‌هه‌رێمه‌كه‌دا زامن بكات، هه‌روه‌كو چوَن ئه‌ركی هاوولاَتییه‌ له‌ناو ئه‌م پروَسه‌یه‌دا رِێز له‌یاساو رێنمایی و پێدانی باج و پابه‌ندی ئیلتزاماته‌كانی سه‌رشانی بێت، لێكنزیكبوونه‌وه‌ی پێوه‌ندی نێوان حكومه‌ت و هاوولاَتی و رِێزگرتن له‌ ئه‌رك و مافه‌كان و چه‌سپاندنی یاسا و ده‌یان بواری گرنگی تر به‌بێ دامه‌زراوه‌كردنی كوردستان جێبه‌جێ نابێت.
هاوولاَتییان له‌رابردوودا له‌ململانێی توندوتیژی پارته‌ سیاسییه‌كان سوودمه‌ند نه‌بوون و باجێكی زوَریان دایه‌وه‌و خه‌ڵكانی به‌عسی و بێتواناو لاواز هاتنه‌ پێشه‌وه‌ ، روَشنبیر ئه‌و ئه‌ركه‌ی له‌سه‌ر شانه‌ كه‌ بوَ هه‌مووی ئاشكرا بكات كه‌ پاراستنی كه‌سێتی تاك و كوَمه‌ڵ له‌پله‌ی یه‌كه‌می به‌رنامه‌و كاری دایه‌، كاری روَشنبیره‌ كه‌ فشارو پاڵه‌په‌ستوَ له‌سه‌ر هه‌موو لایه‌نێك دابنێت كه‌ ده‌بینێ زیان به‌ئه‌زموون و پروَسه‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نێت، هه‌روه‌كو چوَن ئه‌ركی چاودێری و ره‌خنه‌گرتنی له‌حكومه‌ت هه‌یه‌، هه‌رواش رووبه‌رووی هه‌موو كه‌موكورتییه‌ك ده‌بێته‌وه‌ .
Top