رەهەندەكانی داهاتووی ماددەی 140
July 9, 2010
وتار و بیروڕا
قۆناغی یەكەمی ماددەی 140 لە 8ی ئازاری 2004دا لەگەلأ یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراقدا دەستی پێكردو لە ماددەی 58 دا خۆی نواندو پاش گواستنەوەی دەقاودەقی بۆ ناو دەستووری 2005، چاوەڕوان دەكرا تا 31ی كانونی یەكەمی 2007 یەك بە یەكی بڕگەكانی جێبەجێ بكرێن. بەڵام پێدەچێ كورد لەم ڕووەوە زێدەڕۆیی لەگەشبینیدا كردبێ، بە تایبەتی لەو ڕوانگەیەوە كە دوای شەش سالأ لەتەمەنی ماددەكە، هێشتا وێستگەی یەكەمی جێبەجێ كردنی ماددەكە كە وێستگەی ئاسایی كردنەوەیە، بە تەواوەتی جێبەجێ نەكراوە.
بەسەرچوونی ماوەی دیاریكراو بۆ جێبەجێ كردنی ماددەكە تین و تاوی ماددەكەی خاوكردەوە و فاكتەری هێزی لە كورد سەندەوە. ئەگەرچی بەسەرچوونی ماوەكە لەڕووی یاساییەوە ماددەكە نامرێنێ بەڵام لەهەمان كاتدا گوڕو تەوژمی ماددەیەكی دەستوریی ماوە بەسەرنەچوو لەگەلأ گوڕو تەوژمی ماددەیەكی ماوە بەسەرچوودا بەراورد ناكرێ. جیاوازیی ماددەكە لە هەردوو قۆناغدا لەوەدایە كە ماددەكە لە قۆناغی یەكەمدا ئەوەندە بەهێزە كە لێی ڕادەبینرێ بتوانێ خۆی بسەپێنێ، لە كاتێكدا لە قۆناغی دووەمدا پێویستی بەوەیە كە هەموو تواناكان بۆ بەزۆر سەپاندنی بخرێنە گەڕ.
قۆناغی دووەمی ماددەكە لە ساڵی 2007 دەستی پێكردو لە 7ی ئازاری رابردوودا كۆتایی هاتء تێیدا نەیارەكان گومانێكی زۆریان لەسەر ڕەوایی ماددەكە دروست كرد. یەكێ لە گرنگترین وێستگەكانی ئەم قۆناغە، ماددەی 23ی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانە كە تایبەتمەندییەكی بۆ كەركووك سەلماندو بەرەچاوكردنی هەندێ لە لایەنەكانی ماددەی 140 میكانیزمی بۆ شێوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دانا.
بەڵام لێرە بە دواوە ماددەكە لەقۆناغی سێیەمدایە كە دەشێ چارەنووسسازترین قۆناغ بێ. تێكەڵبوونی ئەم ماددەیە بە مەسەلەی ململانێی نێوان شیعەو سوننە لە هەندێ هەلومەرجدا بەقازانجی جێبەجێ كردنی ماددەكە شكاوەتەوە بەڵام ئەم مەسەلەیە بەقەد ئەوەی كەپێویستە پشتی پێ نابەسترێ و دەشێ لە هەندێ هەلومەرجی پێچەوانەدا هیچ قازانجی بۆ جێبەجێ كردنی ماددەكە نەبێ.
لەنێو سوننەدا تا ئێستا ئامادەییەكی روونء رۆشن بۆ جێبەجێكردنی ماددەكە نیشان نەدراوە. لەنێو شیعەشدا نەرمییەك لەم بارەیەوە هەیە بەڵام ئەم نەرمییە لەبەر دوو هۆ جێی دڵنیایی نییە. یەكەم، لەبەر نەبوونی كۆدەنگی لەنێو شیعەدا لەسەر ئەم ماددەیەو دووەم لەبەرئەوەی كە هیچ شتێك گەرەنتیی بەدەستهێنانی هەڵوێستێكی پۆزەتیڤء سەقامگیر ناكات. پاساوی ئەم بۆچوونە ئەوەیە كە كردنەوەی شوێنێك بۆ ماددەی 140 لەبەرنامەی حكومەتەكەی نوری مالیكی لەساڵی 2006دا بەو سەرەنجامە نەگەیشت كەببێ بە گەرەنتییەك بۆ جێبەجێكرنی ماددەكە لەسەردەمی مالیكیدا.
لێدوانە دژ بەیەكەكانی نوێنەرانی لیستی دەوڵەتی یاسای مالیكی سەبارەت بە ماددەی 140 گوزارشتێكی چڕن لە شێواویی نۆڕینی لیستی مالیكی. لە كاتێكدا پەرلەمانتار حەسەن سەنید لەلێدوانەكەیدا لەپشتگیریی جێبەجێكردنی ماددەی 140 واوەتر دەڕواو ڕایدەگەیەنێ كە لیستەكەی ئامادەیە گەرەنتی نووسراو سەبارەت بەجێبەجێ كردنی ماددەكە بدا بەكورد، پەرلەمانتار سادق لەببان لە هەمان لیست دژی دەوەستێتەوەو بەرپەرچی هەر هەوڵێكی جێبەجێ كردنی ماددەكە دەداتەوە. ئەمە بەو واتایە دێ كە ڕەوشی كۆشش بۆ جێبەجێ كردنی ماددەكە بەو چەشنەی كە لە دەستووردا هاتووە، دەشێ ئاڵۆزییەكی زۆرتر بەخۆوە ببینێ.
لە دیوێكی ترەوە، ئەمە بەم واتایە دێ كە ڕۆمانسیزمی 2004 بەكەڵكی ئەم ڕەوشە تازەیەی ئێستا نایەو زیاتر پێویستمان بەمیكانیزم و تاكتیكی گونجاوتر دەبێء لەهەندێ رووەوە دەبێ سەرنجی ئەوە بدرێ كەچیتر كات لەقازانجی ماددەكەدا نابێ و چەند زووتر رێوشوێنی لەبارتر پیادە بكرێ، ئەوەندەش زیانەكانمان كەمتر دەبن..