مەسەلەی فەیسەل شازادو دوراییە كەلتورییە- كۆمەڵایەتییەكانی

مەسەلەی فەیسەل شازادو دوراییە كەلتورییە- كۆمەڵایەتییەكانی
ئەو پرسیارەی كە لەم دوایییەدا لەئەمەریكا زۆر بەگەرمء گوڕی هەوڵی دۆزینەوەی وەڵامەكەی دراوە ئەوەیە كە: چی وای لەفەیسەل شازاد كردووە هانا بۆ كردەوەیەكی تیرۆریستی ببات؟ هۆی سەرقاڵبوون بەدۆزینەوەی وەڵامێك بۆ ئەم پرسیارە پاساوی خۆی هەیە. لە راستیدا مەسەلەی فەیسەڵ شازادی پاكستانیء پێش ئەو مەسەلەی عومەر حەمامیی سۆماڵی كەهەردووكیان موسڵماننء رەگەزنامەی ئەمەریكاییان هەیە، دوو مەسەلەن بونەتە هۆی بەگومان كەوتن لەتواناو كارایی سیستمی كۆمەڵایەتی- ئابووریی رۆژئاوا كە نەیتوانیوە هەلومەرجێكی لەبار بۆ تێكهەڵكێش بوونی پەنابەرە موسڵمانەكان لەگەلأ ژینگە تازەكەیاندا دەستەبەر بكات.

مەسەلەی فەیسەل شازاد تایبەتمەندیی خۆی هەیە چونكە كەس چاوەڕوانی ئەوەی لێ نەدەكرد لەهەرێمی وەزیرستان لەپاكستان فێری هونەری دروستكردنی بۆمب بێء لەگۆڕەپانی تایمز سكوێر لەنیویۆرك پلانی كردەوەیەكی تیرۆریستی دابنێ. كابرا تەمەنی 30 ساڵەو هەمووی ساڵێكە رەگەزنامەی ئەمریكیی وەرگرتووە. جگە لەوە، خێزاندارەو خاوەنی دوو منداڵە. بێكاریش نەبوو. موچەكەی بەشی دەكردو لەشوێنێكی باشیش دامەزرا بوو. سەرنجڕاكێشترین تایبەتمەندیش ئەوەیە كە شازاد لەپاكستان لەسەر دەستی مەلا توندڕەوەكان پەروەردە نەكراوەو باوكی ئەفسەرێكی هێزی ئاسمانیی پاكستان بوو. بنەماڵەكەی نە لەپاكستان هەژاریی بەخۆوە دیوە نە لەئەمریكا. هەر توێژینەوەیەك لەم بارەیەوە بەو ئاكامە دەگات كەوەرچەرخانی شازاد بەلای تیرۆردا شتێكی چاوەڕوان نەكراوە.

لەم بارەیەوە ئەمە یەكەم نمونە نییە. ساڵی پار عومەر حەمامی ئەمریكای بەجێ هێشتء گەڕایەوە بۆ وڵاتی خۆیء لەوێ پەیوەندیی بەگروپە توندڕەوەكانەوە كردو چەكی هەڵگرت.
ئەمە دەری دەخا كەبەشێكی زۆر لەهاووڵاتییانی جیهانی ئیسلام كە بەڕۆژئاوا سەرسامنء وڵاتی خۆیان بەجێ دێڵنء دەچن لەوێ دەژین، زۆر نابا هەست بەنامۆیی دەكەنء ناتوانن تێكهەڵكێشی شارستانێتییە تازەكە بنء لەگەلأ دابء نەریتء شێوەی ژیانی ژینگە تازەكەدا ناگونجێنء وردە وردە لێی دور دەكەونەوە، بەڕادەیەك كە لەسەرەنجامدا هەندێكیان بەدوركەوتنەوە داناكەون بەڵكو هەڵدەگەڕێنەوەو تەواوی ژینگەكە بەدوژمن دادەنێن. لەنمونەی حەمامیدا، كابرا وڵاتە پێشكەوتووەكەی بەجێ هێشتء بۆ یەكێ لەبەجێماوترین وڵاتانی جیهان گەڕایەوە، چووە ریزی رێكخراوە تیرۆریستەكەی لاوانەوەو كەوتە ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆریستی. لەنموونەی دووەمدا، شازاد بڕیاریدا لەو وڵاتەدا كردەوەی تیرۆریستی بكا كەتێیدا دەژی.
ئەم دوو نمونەیە لەكاتێكدا دەبنە مایەی كەمكردنەوەی متمانەی هاووڵاتییانی رۆژئاوا بە پەنابەرە موسڵمانەكان، دەرخەری ئەوەشن كە شارستانێتیی رۆژئاوا بەو هەموو هەژمونء تواناو پێشكەوتنەی نەیتوانیوە مەرجی پێویست بۆ تێكهەڵكێشبونی كەلتورە جیاوازەكان فەراهەم بكات.

بەشێكی بۆچونە ئەمەریكییەكان ورد بۆ مەسەلەكە دەچنء هەمو ئۆباڵەكە ناخەنە سەر كەلتوری باوی جیهانی ئیسلام. وتارێكی رۆژنامەی یوو ئیكسپرێس سەرنجی بەلای ئەوەدا راكێشا كە لەساڵەكانی بیستء سیی سەدەی رابردوو، كاتێك هێشتا دیاردەی ئیسلامی رادیكال سەری دەرنەهێنابوو، بەشێكی ئەمریكایییە بەبنەچە ئەڵمانەكان بەرژێمی هتلەر ئەوەندە سەرسام بوون كەنەیانتوانی دڵسۆزیی خۆیان بۆ ئەمەریكا ساغ بكەنەوەو مەسەلەكە گەیشتە رادەی بەگومان كەوتنی كاربەدەستانی ئەمەریكا لەهەر ئەڵمانییەكی ئەمریكیء گرتنی.

لێكۆڵینەوە سۆسیۆلۆژییە ئەمەریكییەكان زۆرتر جەخت لەسەر ئەوە دەكەنە كە كەسانی وەك شازادو حەمامی لەبەر چەردەیەك هۆكار سەریان لێ شێواوەو كۆنترۆڵی خۆیان لەدەست داوەو نەیانتوانیوە لەو ژینگە مۆدێرنەی تێیدا دەژین، حەزو ئاواتەكانیان بەدی بێنن. ئەمە بەو مانایە دێ كەئەم كەسانە ویستویانە تۆڵە لەو كۆمەڵگایە بكەنەوە كەئاواتەكانیان تێدا نەهێناوەتە دیء بەسەرلێشێواوی رێگایەكیان هەڵبژاردوە كەتەنانەت بۆ خۆیشیان زیانبەخشە.
بەهەر حالأ، مەسەلەی شازاد لەئەمریكا زۆر بەوردی لێی دەكۆڵدرێتەوەو هیچ گومانێك لەوەدا نییە كەئەنجامی ئەم لێكۆڵینەوەیە كاریگەری لەسەر هەنگاوەكانی ئایندە بەجێ دێڵێ.
Top