سێ دیاردە لەسایەی هەمواركردنی دەستوور لە توركیا
June 1, 2010
وتار و بیروڕا
لەو دانیشتنەی كەماددەی هەشتەم دەنگی پێویستی تێدا بەدەست نەهێنا، دەكرێ سەرنجی سێ دیاردە بدرێ. یەكەمیان ئەوەیە كەپارتی دادو پەرەپێدان 336 پەرلەمانتاری هەیە كەچی تەنها 327 پەرلەمانتار پشتگیریی ماددەی هەشتەمیان كردووەو هیچ ماددەیەكیش بەكەمتر لە 330 دەنگ تێناپەڕێ. ئەمە بەو مانایە دێ كە بەشێكی پەرلەمانتارانی پارتی دادو پەرەپێدان پشتگیرییان لەهەمواركردنی ئەو ماددەیەی دەستوور نەكردووە كەخەریك بوو خودی حزبەكەیانی پێ قەدەغە بكرێ. دەكرێ بەدوو شێوە سەیری ئەم مەسەلەیە بكرێ، یەكەمیان بەشێوەیەكی پۆزەتیڤ، چونكە ئەمە بەو مانایە دێ كەپەرلەمانتارانی پارتی دادو پەرەپێدان بەڕیمۆنت كۆنترۆڵ كار ناكەن و كەسایەتیی سەربەخۆی خۆیان هەیەو توانای رووبەڕووبوونەوەی سەركردایەتیی حزبی خۆیان هەیە. هەروەها دەكرێ بەشێوەیەكی نەگەتیڤ سەیری بكرێ، چونكە ئەم مەسەلەیە ئاماژەیە بۆ فرەبۆچوونیەك لەناو حزبەكەدا كەڕەنگە هەندێ جار ئاسەواری خراپی لێ بكەوێتەوە، سەرباری ئەوەی كەشتێكی وا لێی رادەبینرێ ببێ بەمایەی پەیدابوونی قەیرانی متمانە لەنێوان حزب و پەرلەمانتارەكانی.
دیاردەی دووەم ئەوەیە كەهۆی دەنگ نەدانی ژمارەیەك ئەندامی پارتی دادو پەرەپێدان بەماددەی هەشتەم زیاتر بۆ توندڕەویی نەتەوەیی ئەو پەرلەمانتارانە دەگەڕێتەوە كەپێیان وایە قورس كردنی میكانیزمی هەڵوەشاندنەوەی حزبەكان لەقازانجی كورد دایە. پارتی دادو پەرەپێدان دەیویست دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی حزبەكان لەدادگای دەستووری بسەنێتەوەو بەپەرلەمانی ببەخشێ. ئێستا پاش ئەوەی كەهەمواركردنەكە لەپەرلەمان تێنەپەڕی، دەسەڵاتەكە وەكو جاران بەدەست دادگای دەستوورییە و پەرلەمان لەمبارەیەوە هیچی پێناكرێ.
هەڵوێستی ئەم پەرلەمانتارانە دەریدەخا كەپارتی دادو پەرەپێدان لەهەستی توندڕەویی نەتەوەیی دانەماڵدراوەو رەوتێكی دژە كورد لەناو حزبەكەدا هەیە كە لەكاتی پێویستدا خۆی دەردەخاو دەرفەتەكان بەقازانجی بۆچوونەكانی دەقۆزێتەوە. پێویست بەوە ناكا بڵێین كە ئەم پەرلەمانتارانە بەر لەوەی زیان لەكورد بدەن، زیانیان لەحزبەكەی خۆیان داوە، چونكە ئەو ماددەیەی دەستوور كەدەشێ هەر حزبێكی كوردی پێ هەڵبوەشێنرێتەوە، هەمان ماددەیە كەدەشێ پارتی دادو پەرەپێدانی پێ هەڵبوەشێنرێتەوە.
دیاردەی سێیەم ئەوەیە كەپەرلەمانتارە كوردەكانیش بەهەمان پێودانگ دژی ئەو هەمواركردنەی دەستوور وەستان كە لەبەرژەوەندیی خۆیاندایە، بەتایبەتی ئەو دوو ماددەیەی كەتایبەتن بەمەرجەكانی قەدەغەكردنی حزبەكان و دادگایی كردنی سەرانی كودەتاكەی ساڵی 1980. پشتیوانی نەكردن لەهەمواركردنی دەستوور لەلایەن پەرلەمانتارە كوردەكانەوە بەڵگەی كورتبینیی سیاسییە، چونكە لەم هەلومەرجەی ئێستادا ئەم هەمواركردنەی لێ دەرچێ دەرفەتی هیچ شتێكی تر لەئارادا نییە. گومان لەوەدا نییە كەهەمواركردنەكە نموونەیی نییەو لێی رانابینرێ چارەسەرێكی گونجاو بۆ مەسەلەی كورد بدۆزێتەوە، بەڵام ئەو بارودۆخەی كەئەم هەمواركردنە پێكدەهێنێ دەرفەتی باشتر بۆ گۆڕانكاریی زۆرتر لەداهاتوودا دەستەبەر دەكا.
بیست پەرلەمانتارە كوردەكەی پارتی ئاشتی و دیموكراسی لەبنەڕەتدا ئەندامی دەتەپەن كەساڵی پار بەو ماددەیەی دەستور هەڵوەشێنرایەوە كەئێستا پەرلەمانتارە كوردەكان دەنگ بۆ گۆڕینی نادەن. مانەوەی ئەم ماددەیە وەكو خۆی، هەڕەشەیە بۆ سەر پارتی ئاشتی و دیموكراسی كەڕەنگە، ئەگەر ئاگای لەخۆی نەبێ، بەهەمان دەردی دەتەپە بچێ.
بەهەر حاڵ، شیكردنەوەی ئەم سێ دیاردەیە نیشانی دەدا كەسۆسیۆلۆژیای پێوەندییە سیاسییەكان لەتوركیا كەموكوڕیی زۆرەو دەشێ بەردەوامبونی ئەو كەموكوڕییانە ببێ بەمایەی تەگەرەدان لەهەر هەوڵێك بۆ هەنگاونان بۆ پێشەوە. سۆسیۆلۆژیای پێوەندی وەك چۆن پێویستی بەداناییە، هەروەها پێویستی بەپشوودرێژی و وردبینیە.