توركیا و گەڕان بەدوای ناسنامەی®

توركیا و گەڕان بەدوای ناسنامەی®
لەسەردەمی عوسمانییەكانەوە سوپا لەتوركیا دەست لەسیاسەت وەردەدا. مێژووی عوسمانی نیشانی دەدا كە تا سەردەمی سوڵتان مەحمودی دووەم سوپا گەورەترین تەگەرە بووە لەبەردەم چاكسازی. ئەركی لەكۆڵ خۆكردنەوەی تەگەرەی سوپا كە لەسەر دەستی سوڵتان مەحمودی دووەم هاتە دی، بەئاسانی نەهاتە دی. دەوڵەت بۆ هەڵوەشاندنەوەی سوپای یەنی چەری نرخێكی زۆری داو رێوشوێنی بێ بەزەیییانەی لەم بارەیەوە بەكار هێنا.
بەڵام هەڵوەشاندنەوەی یەنی چەری كۆتایی بە رۆڵی سوپا لەسیاسەتدا نەهێنا. توركیای ئەمڕۆ زادەی هەوڵ و كۆششی سوپایە كەسەركەوتنی بەسەر یۆنانییەكاندا هێناو ئزمیری لێ سەندنەوەو هاوپەیمانەكانی بردە سەر هەڵوەشاندنەوەی پەیمانی سیڤەر. كێشەی ئێستای توركیا لەوەدایە كە لەدیموكراسیدا سوپا ملكەچی سەركردایەتییە مەدەنییەكەیەو هیچ رۆڵێكی لەسیاسەتدا نیەو ئەگەر توركیا بیەوێ وەك بەشێكی جیهانی دیموكرات بمێنێتەوە دەبێ سوپا لەسیاسەت دور بخاتەوە.
بێگومان نە سوپای ئێستای توركیا یەنی چەرییەكەی جارانەو نە سەرەك وەزیران ئەردۆگانیش سوڵتان مەحمودی دووەمە. بەڵام ئەو پەیوەندییە گرژەی نزیكەی 200 ساڵ لەمەوبەر لەنێوان یەنی چەری و سوڵتان مەحموددا هەبو، ئەمڕۆ لەنێوان سوپاو ئەردوگاندا هەیە. لەم بارەیەوە ئەردۆگان هیچ بەرنامەیەكی بۆ پاكتاوكردنی سوپا نیەو بیریش لەئەلتەرناتیڤ ناكاتەوە. ئەوپەڕەكەی كەئەو هەوڵی بەدی هێنانی دەدا، دورخستنەوەی سوپایە لەسیاسەت كەئەمەش لەناوەڕۆكدا بەو مانایە دێ كەدەبێ سوپا ملكەچی دەسەڵاتی هەڵبژێردراوی مەدەنی بێ و سیاسەت بۆ سیاسەتمەداران بەجێ بێڵێ. ئەگەر ئەمە هاتە دی، دەكرێ سوپاو حكومەت بەبێ سڵكردنەوە لەیەكتری، پێكەوە بژین.
تائێستا سوپا گەورەترین تەگەرەیە لەبەردەم چاكسازیدا. چاكسازیی چاوەڕوانكراویش بەبێ گۆڕینی دەستور هیچ بەهایەكی نیە. بەڵام بەوەی كەسوپا گۆڕینی دەستور بەهێڵی سور دادەنێ، هەر هەنگاوێك لەم بارەیەوە بڕێكی زۆر مەترسیی تێدایە. راپۆرتی 10ی شوباتی پەرلەمانی ئەوروپا بەئاشكرا داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستوری توركیا دەكاو بەلەمپەری بەردەم چاكسازی و چارەسەركردنی گرفتەكانی دادەنێ. راپۆرتەكە پێی وایە ئەو پڕۆژە دەستورەی كەپاش هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2007 هەڵپەسێردرا، بایەخێكی تایبەتی هەیەو توركیا زۆر پێویستی پێیەتی. بەڵام كێشەكە تەنها پەیوەندیی بەدەستورەوە نیە كەپێویستی بەگۆڕینە بەڵكو هەندێ یاساش دەگرێتەوە لەوانە یاسای حزبە سیاسییەكان كەرەخنەیەكی زۆری لێ دەگیرێ و بەیاسایەكی خراپ دادەنرێ. ئەوروپایییەكان لەو بڕوایە دان كەیاسای حزبەكان لەتوركیا بەپیر پێداویستییە دیموكراتییەكانەوە ناچێ و پێویستی بەوە هەیە كەپەیڕەوی لەو پێوەرانە بكا كەكۆمیسیۆنی ڤینیسیای سەر بەئەنجومەنی ئەوروپا ئامادەی كردون.
رەوشی یاسایی لەتوركیا لەڕەوشی یاساییی هیچ وڵاتێك ناچێ. یاساكان بەجۆرێك داڕێژراون كە لەكاتی پێویستدا دەتوانرێ بۆ سنورداركردنی ئازادییەكان سودیان لێ وەربگیرێ. كێشەی رۆژنامەنوس ویداد كورشون لێی رادەبینرێ بتوانێ بەشێوەیەكی چڕ گوزارشت لەمەسەلەكە بكا. رۆژی 19ی شوبات دادگای دیاربەكر دوای ئەوەی كە 105 تۆمەتی خستە پاڵ رۆژنامەنوسەكە، حوكمی 525 ساڵ زیندانیی بۆ دەركرد. ئەم چەشنە یاسایانە بەكەڵكی ئەم سەردەمە نایەن و ئەگەر توركیا دەیەوێ جێیەكی شایستە لەسەدەی 21دا بۆ خۆی بدۆزێتەوە، دەبێ لەگۆڕینی یاساكان و دەستورەوە دەست پێ بكا. بەدڵنیایییەوە گۆڕینی یاساكان و دەستور بەدڵی سوپا نیە بەڵام كاتی ئەوە هاتوە گیانی عەسكەرتاریایی پشو بداو سوپا ملكەچی دەسەڵاتی مەدەنی بێ. ئەم سەردەمە سەردەمی عەسكەرتاریا نیە.
Top