حزبی بەعس و هەوڵدان بۆ گێڕانەوە
June 1, 2010
وتار و بیروڕا
شیكردنەوەی وردی بەیاننامەكە هیچ گومانێك لەسەر ئەوە ناهێڵێ كەحزبی بەعس دان بەهیچ گۆڕانێكی دوای 9ی نیسانی 2003دا نانێ و هەمو هەوڵدانەكەشی تەنها بۆ گێڕانەوەی كاتە بۆ دواوە، بۆ دروستكردنەوەی هەمان عیراقی پێش 9ی نیسان.
لەناو 13 خاڵەكەی دەرخەری ئامانجەكاندا، لانی كەم خاڵێكیان كەحەوتەمە، بەرونترین شێوە گوزارشت لەنەگۆڕانی بیركردنەوەی بەعس دەكا كەتێیدا بەرە پەنجا گروپییەكە خۆی بەسەرلەنوێ دروستكردنەوەی سوپای پێشوو و دەزگای پێشوی ئاسایش و هەواڵگری و گاردی كۆمارو دەزگاكانی تر پابەند دەكا، مەسەلەیەك كەناوەڕۆكەكەی ئاماژەیە بۆ پیادەكردنی هەمان سیاسەتی پێشو بەرامبەر بەكوردو شیعە.
حزبی بەعس ناتوانێ بەچاویلكەیەكی تر جگە لەچاویلكەی عەرەبایەتی تەماشای عیراق بكا. بەدڵنیاییەوە ئەم عیراقەی ئێستا كەكورد دەستێكی باڵای لەدروستكردنیدا هەیە مایەی رەزامەندیی حزبی بەعس نیە. لەڕاستیدا حزبی بەعس تەنها یەك عیراق دەناسێ، ئەویش ئەو عیراقەیە كەكورد تێیدا لەئۆتۆنۆمییە هاوشێوەكەی ساڵانی 1974-1990 بەولاوە شایستەی هیچ مافێك نیەو لەم روەوە خاڵی نۆیەم دیموكراسی بەعەرەبایەتییەوە دەبەستێتەوە، بەچەشنێك كەهەر چی مەیلی عەرەبایەتیی نیە، هیچ مافێكی گشتیی بۆ ناسەلمێنرێ. ئەمە، بەپێچەوانەی ئەوەی كەروكەشی خاڵەكە نیشانی دەدا، تەنها كورد ناگرێتەوە كەرەگەزێكی لەعەرەب جیاوازە، بەڵكو تەنانەت شیعەكانیش دەگرێتەوە كە لەگەڵ سوننەكاندا هاوڕەگەزن چونكە حزبی بەعس بەگومانەوە دەڕوانێتە مەیلی شیعەگەراو بەدژی عەرەبایەتیی دادەنێ.
ئەو دوو مەسەلەیەی كەلەم هەلومەرجەی ئێستادا بایەخی خۆیان هەیە بریتین لەگەڕانەوەی حزبی بەعس بۆ دەسەڵات و چونی هاوسۆزان و هاوبیرانی بەعس بۆ ناو ئەنجومەنی نوێنەران. مەسەلەی یەكەم گفتوگۆ هەڵناگرێ چونكە گەڕانەوەی بەعس بۆ دەسەڵات لەعیراقدا، بەبێ كەمترین گومان، بەمانای هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆو هاتنە كایەی قۆناغێكی دورو درێژی نائارامی دێ و تەنانەت دەشێ عیراق بكاتە سۆماڵێكی خراپترو شێواوتر.
مەسەلەی دووەم، ئەگەرچی یاساو سیاسەت بەرپەرچی دەدەنەوە، بەڵام هەڕەشەكەی ناگاتە رادەی هاتنەوە سەر كاری حزبی بەعس و دەشێ بەشێوەیەكی ئارامتر هەڵسوكەوتی لەگەڵدا بكرێ. تێكەوڵاوكردنی ئەم دوو مەسەلەیەو بەیەك چاو تەماشاكردنیان لێی رانابینرێ لێكدانەوەیەكی دروست بۆ رەوشەكە فەراهەم بكات. هەڵسوكەوت كردن لەگەڵ بەعس وەك گروپێكی نهێنیی پێكهاتو لەشانەو رێكخستن جیایە لەهەڵسوكەوت كردن لەگەڵ بەعس وەكو بیرو ئەندێشە. ئەو راستییەی كەدەبێ هەمیشە لەبەرچاو بێ ئەوەیە كەبەعسی تەنها ئەو كەسە نیە كەئەندامی حزبی بەعسە بەڵكو ئەو كەسەشە كەبیرو ئەندێشەی بەعسییانەی هەیەو لەپراكتیكدا وەكو بەعس بیر دەكاتەوەو هەڵسوكەوت دەكا.
بەڵام كێشەكە لەوە دایە كەماددەی حەوتی دەستورو یاسا فیدرالییەكان ئەوەندەی كە بەكەڵكی بەرپەرچدانەوەی بەعسیزم وەك قەوارەیەكی ماددی دێن ئەوەندە بەكەڵكی بەرپەرچدانەوەی وەك بیرو ئەندێشە نایەن و هەر ئەمەشە كەپەراوێزێك بۆ چونی هاوسۆزان و هاوبیرانی بەعسیزم بۆ ناو ئەنجومەنی نوێنەران پێك دێنێ. ئەستەمە بتوانرێ ئەم مەسەلەیە بەدەقێكی یاسایی یەكلا بكرێتەوە.
لەناوچونی بەعسیزم وەك قەوارەیەكی ماددی، وەك چۆن ساڵانێكی زۆری خایاند، لەناوچونی بیروباوەڕەكەشی پێویستی بەماوەیەكی دورو درێژە. بەدڵنیاییشەوە ئایندە نە بۆ حزبی بەعسەو نە بۆ بیروباوەڕەكەی بەڵام مەسەلەكە پێویستی بەپشو درێژی هەیە.