توركمانەكان لەتاكتیك و خۆسازدا
June 1, 2010
وتار و بیروڕا
بەدڵنیاییشەوە توركمانەكان بە بایەخێكی زۆرەوە دەڕواننە هەڵبژاردنی داهاتوی ئەنجومەنی نوێنەرانء لەئێستاوە كەوتونەتە دانانی نەخشەی گونجاو بۆ بەدەست هێنانی ئەنجامێكی باشتر لەوەی كە لەساڵی 2005دا بەدەستیان هێناوە.
كێشەی توركمان لەوە دایە كەهەڵبژاردنء سەرژمێری دانیشتوان دەشێ گێچەڵێكی زۆریان بۆ بنێنەوە چونكە لەهەڵبژاردندا قەوارەی سیاسییان ئاشكرا دەبێء لەسەرژمێردا قەوارەی دیموگرافییان. توركمانەكان بۆ خۆیان دەڵێن ژمارەیان لەعیراقدا خۆی لەسێ ملیۆن كەس دەدا. كاتێك ئەو سێ ملیۆن كەسە لەهەڵبژاردندا تەنها حەوت كەسی پی بگەیەنرێتە ناو ئەنجومەنی نوێنەران، دەبێ مەسەلەكە بەشێوەیەكی تر بیری لێ بكرێتەوە. لەكۆبونەوەی مانگی ئەیلولی رابردوی نێوان نوێنەرانی توركیاو گروپە توركمانەكاندا لەئەنكەرە، نوێنەرانی توركیا هەڕەشەیان كرد كەئەگەر توركمانەكان لەهەڵبژاردنی داهاتوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا 10%ی كورسییەكان بەدەست نەهێنن، هاوكاریی ماددییان لێ دەبڕن.
لێرەدا مەسەلە مەسەلەی گوشارو هەڕەشە نیە چونكە سەنگی دیموگرافیی توركمان لەعیراقدا لێی رانابینرێ بتوانێ سەركەوتنی بەرچاویان بۆ بەدەست بێنێء لەڕاستیشدا هیچ گروپێكی دانیشتوان ناتوانێ ئەنجامی گەورەتر لەقەوارەی خۆی بەدەست بێنێ.
ئەمە بەم واتایە دێ كەهێزی سیاسیی توركمان ناتوانێ لەسنوری قەوارەی دیموگرافییان وەك كەمینە بترازێ. رەنگە دیارترین تاكتیكی توركمانەكان بۆ بەدەست هێنانی زۆرترین دەنگ لەهەڵبژاردنی داهاتوودا، چونە ناو لیستەكانی ترە. ئەگەرچی دەشێ بەرەی توركمانی بەلیستێكی سەربەخۆ بەشداری لەهەڵبژاردندا بكاو دەنگێكی زۆری توركمانەكانی كەركوكء موسلء هەرێم بەدەست بێنێ. بەڵام هیچ گەرەنتییەك نیە كە لەیەك كورسی زیاتر بەدەست بێنێ، وەك ئەوەی كە لەهەڵبژاردنی ساڵی 2005دا رویدا. گروپەكانی تر بە بەرنامە پەیوەندییان بەلیستەكانی ترەوە كردوەو هەر یەكێكیان چۆتە ناو لیستێكەوەو لەم سەروبەندەدا پارتی توركمان ئیلی لەلیستی ئیئتیلافی نیشتمانیدا جێی بۆ خۆی كردۆتەوەو یەكێتیی ئیسلامیی شیعیی عەباس بەیاتی لەگەڵ لیستەكەی نوری مالكیدا یەكی گرتۆتەوەو گروپەكەی جەمال شان چۆتە ناو لیستەكەی ئەیاد عەللاویء دواتریش پارتی عەدالەت خۆی لەگەڵ لیستی حزبی ئیسلامیی عیراقدا یەكخست .
ئەزمونی توركمان لەم هەڵبژاردنەدا لەئەزمونی هەمو پێكهاتەكانی تر جیاوازترە چونكە توركمانەكان نە لەئەنكەرە، سەرەڕای یارمەتیء هاندانی توركەكان، لەسەر پێكهێنانی لیستێكی یەكگرتوو رێككەوتن نە لەكۆبونەوەكەی ئوتێلی مەنسوری بەغداو لەهەمان كاتیشدا فرە لیستییەكەشیان بەم مانایە نیە كەهەر گروپێكیان بەلیستێكی جیا دەچێتە هەڵبژاردنەوە، بەڵكو زیاتر بەم مانایە دێ كەهەر گروپێكیان بەپێی لێكدانەوەو هەڵسەنگاندنی خۆی، دەچێتە ناو لیستێكی عەرەبی سوننەو شیعەوە بۆ ئەوەی لەم رێگەیەوە زۆرترین كورسیی ئەنجومەنی نوێنەرانیان چنگ كەوێ. شكستی توركمان لەپێكهێنانی یەك لیستی یەكگرتو شتێكی وای لێ هەڵدەكڕێندرێ كەناوماڵی توركمان ئەوەندەی لەناوەوە كێشەی هەیە، ئەوەندە لەگەڵ دەرەوە كێشەی نیە.
بچوكترین گومان لەوەدا نیە كەتوركمانەكان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دەیانەوێ سود لەلیستە گەورەكان وەرگرن، بەڵام دەبێ ئەوەش لەبەرچاو بێ كەلیستە گەورەكانیش بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دەیانەوێ سود لەتوركمان وەرگرن. هەر چۆنێك بێ، ئامانجی هەمو تاكتیكەكانی توركمان بەدەستهێنانی رێژەی 10%یە كەئەنكەرە داوای لێ كردون بەدەستی بێنن. هیچ گومانێكیش لەوەدا نیە كەتوركمانەكان لێبڕاوانە هەوڵی بەدەستهێنانی ئەم رێژەیە دەدەن بەڵام گومان هەیە بتوانن بەدەستی بێنن.