لەقەندیل و مەخمورەوە بەرەو یاس

لەقەندیل و مەخمورەوە بەرەو یاس
كتوپڕ، گەڕانەوەی 34 كەس لەهەرێمی كوردستانەوە بۆ توركیا، بوو بەنمایشێك بۆ نواندنی هێزو پڕوپاگەندەكردن بۆ پەكەكەو عەبدوڵڵا ئۆجەلانی بەندكراو لەزیندانی ئیمرالی. ئەو 34 كەسەی لەبرایم خەلیل خۆیان رادەستی هێزەكانی تورك كرد، كەهەشتیان پێشمەرگەی پەكەكەن و 26 كەسەكەی تر لەئاوارەكانی كامپی مەخمورن، لەكاتی لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا، هەموویان یەك وەڵامی ئامادەیان هەبو: ئێمە لەسەر داوای ئۆجەلان گەڕاوینەتەوە. ئەمەش گومانی ئەوەی لێ دەكرێ كەهەر هەمویان بەر لەوەی بەرەو دەروازەی برایم خەلیل بەڕێ كرابن، فێر كراون پاش خۆبەدەستەوەدان چی بڵێن. تەنانەت هەندێكیان ئەوەندە بەڕەقی وەڵامی پرسیارەكانیان دەدایەوە، دادوەرەكان ناچار بون لێیان بپاڕێنەوە كەنەختێك نەرمتر قسە بكەن و هەلومەرجەكە لەبەرچاو بگرن.
لەكۆتاییشدا، پاش ئەوەی ئازاد كران، دەتەپە پێشوازییەكی گەرم و گوڕی بۆ ساز كردن و جەماوەرێكی زۆری بۆ بەخێرهاتنەوەیان هێنایە سەر شەقامەكان. سەرەنجام، پێشوازییەكە لەوە ترازا كەتەنها پێشوازی بێ و بوو بەنمایشێك بۆ نواندنی دەستڕۆیشتوییی پەكەكەو بانگەشەكردن بۆ دەستپێشخەرییەكانی ئیمرالی.
بەدڵنیایییەوە، پارتی دادو پەرەپێدان چاوەڕوانی شتێكی وای نەدەكردو لەكاتێكدا دەیویست خۆبەدەستەوەدانەكە وا پیشان بدات كە ڕەنگدانەوەی سەركەوتنی سیاسەتەكەیەتی و دەشێ خۆبەدەستەوەدانی ئەم ژمارە كەمە دەروازەی خۆبەدەستەوەدانی ژمارەیەكی زۆرتر لەسەر گازی پشت بكاتەوە بەجۆرێك كەئیدی رەنگە چەكدارەكان پۆل پۆل بگەڕێنەوە، دەتەپە هەمو بەرنامەكەی پارتی دادو پەرەپێدانی تێكداو ویستی خۆبەدەستەوەدانەكە بەقازانجی خۆی بقۆزێتەوە.
لەڕوانگەی ئەنكەرەوە، گەڕاوەكان پەشیمانن و بەپێی یاسای پەشیمانی خۆیان بەدەستەوە داوە، لەكاتێكدا دەتەپە وەك پاڵەوان پێشوازیی لێ كردن و واشی نیشاندا كە گەڕانەوەیان زادەی دەستپێشخەرییەكەی ئیمرالییەو پەیوەندیی بەدەستپێشخەرییەكەی ئەنكەرەوە نیە، مەسەلەیەك كە ئەردوگانی هاندا بەرپەرچی ئەم بانگەشەیە بداتەوەو دەتەپە لەوە وریا بكاتەوە كە "هەوڵدان بۆ بەدەست هێنانی قازانجی سیاسی، ناچارمان دەكا قۆناغەكە راگرین و بگەڕێینەوە سەر خاڵی سفر".
نیگەرانیی ئەنكەرە لەجێی خۆیەتی چونكە نمایشە كتوپڕەكەی دەتەپە دەشێ هەڕەشە لەو پرۆسەیە بكا كەئەنكەرە یەكلایەنە دەستی پێ كردوەو هێشتا لەسەرەنجامەكەی دڵنیا نیە. بەدڵنیایییەوە، نمایشەكە ئۆپۆزسیۆن و سوپاو بەشێكی فراوانی توركەكانی راچڵەكاند و هانی دان دەستپێشخەرییەكەی ئەنكەرە لەبنەڕەتەوە بدەنە بەر توانج.
لەڕاستیدا، دەتەپە پەلەی لەم مەسەلەیە كردو بەخۆڕایی نمایشێكی ساز كرد كەهیچ خزمەت بەهەوڵەكانی ئاشتی ناكا. دەبوایە كوردی توركیا ئەوەی لەبەرچاو بوایە كەپارتی دەسەڵاتدار لەپانتایییەكی تەنگەبەردا جموجۆڵ دەكاو لەدەستپێشخەرییەكەیدا سەرەڕای كرچ و كاڵی و كەموكوڕیەكانی، پەراوێزێكی گونجاوی بۆ وروژاندنی پێویستیی چارەسەركردنی مەسەلەی كورد پەیدا كردوە. ئەم دەستپێشخەرییە بەبێ پشتیوانیی كورد سەركەوتن بەدەست ناهێنێ و لەم چوارچێوەیەدا دروستكردنی كێشە بۆ ئەنكەرە لەهەوڵەكانیدا بۆ بەئاكام گەیاندنی پڕۆژەكە، زۆرتر بەزیانی كورد دەشكێتەوەو بەرژەوەندیی كورد لەسەركەوتنی پڕۆژەكە دایە نەك شێواندنی.
دەبێ دان بەوەدا بنرێ كەفەراهەم كردنی هەلومەرجێك كەتێیدا گروپە 34 كەسییەكە توانیویەتی لەسایەیدا بگەڕێتەوە بۆ توركیا، بەرهەمی دەستپێشخەرییەكەی ئەنكەرەیەو ڕۆڵی ئیمرالی لەڕۆڵی پشتیوان و یارمەتیدەر بەولاوە هیچی تر نیە. ئەنكەرە بەپێویستی دەزانێ بەڵگەیەكی راست و ڕەوانیی سیاسەتەكەی بەدەستەوە بێ. كوردیش دەبێ لەم روەوە یارمەتیی بداو دەستپێشخەرییەكەی لێ تێك نەدا.
Top