جموجۆل و هاوپەیمانێتییە سیاسیی

جموجۆل و هاوپەیمانێتییە سیاسیی
بەهۆی نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران
جموجۆل و هاوپەیمانێتییە سیاسییەكان و پێگەی كورد لەناویاندا

راگەیاندنی قەوارەیەكی نوێی ئیئتیلاف بۆ رۆژی 24ی ئەم مانگە دواخرا، هەندێك هۆكاری رانەگەیاندنی دەگەڕێننەوە بۆ بوونی ناكۆكی لەنێوان حزبی دەعوە و ئەنجوومەنی باڵا لەسەر شێوەی پێكهاتەكە و دابەشكردنی كورسییەكانی ئەو ئیئتیلافە و هەروەها لەسەر پۆستی سەرۆك وەزیران، حزبی دەعوە پێیوایە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان سەلماندیان كە قورساییەكەی لەگۆڕەپانی سیاسی عێراقیدا لەئەنجوومەنی باڵا زۆرترە، بۆیە پێویستە ژمارەی كورسییەكان لەلایەنەكانی دیكە زیاتربێ، ئەگەر زیاتریش نەبێ ئەوا پۆستی سەرۆك وەزیرانی پێ بدرێتەوە. لەبەرامبەردا ئەنجوومەنی باڵا پێیوایە كە ئەو قورساییەی حزبی دەعوە لەهەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەماندا وەك خۆی نامێنێت و رازیش نییە جارێكی دیكە پۆستی سەرۆك وەزیران بدرێتە حزبی دەعوە.
ئەوەی بەوردی سەیری نەخشەی هاوپەیمانێتی بكات بۆی بەدیار دەكەوێت كە رەوتی سەدر و رەوتی چاكسازی و رێكخراوی بەدر و بەشێكی حزبی دەعوە- رێكخستنی عێراق و هەندێ لایەنی دیكە پشتگیری لەئەنجوومەنی باڵا دەكەن.
لە بەرامبەردا، لیستەكەی نجێفی لەموسڵ و سەحواتی دیالا و ئەنبار كە سێ پێكهاتەی سونین پشتگیری لەحزبی دەعوە و شەخسی مالیكی دەكەن و هەروەها سەبارەت بەبزوتنەوەی (النهوض الوطنی) لەسەرۆكایەتی شێخ خالید ئەلیاوەر كە ئەویش پێكهاتەیەكی سوننیە و گرووپەكەی د. حوسێن ئەلشەهرستانی و باڵەكەی د. خضیر ئەلخوزاعی لەرێكخستنی عێراق كە دوو گروپ و باڵی شیعەن.
بەكورتی ئەگەر بەگوێرەی حەزی مالیكی بێ ئەوا دەیەوێ قەوارەیەكی تایبەت بەخۆیەوە پێكبهێنێ و هەر بەو قەوارەیەش بەشداری لەهەڵبژاردنەكانی داهاتوودا بكات.
ئەوەی راستی بێ حزبی دەعوە نایەوێ داخیلی ئیئتیلافێك بێت كە فەزیلەی تێدابێ، چونكە ئەو حزبە هەمیشە لەدژی مالیكی بووە، هەروەها نایەوێ داخیلی ئیئتیلافێك بێ كە قەوارەی (تضامن) و (المؤتمر الوطني العراق) بەسەرۆكایەتی ئەحمەد چەلەبی تێدابێت، چونكە مالیكی و حزبی دەعوە پێیانوایە ئەو لایەنانە ئیفلاسیان كردووە و خاوەنی یەك كورسیش نابن لەپەرلەمانی داهاتوودا، كەواتە بۆچی قوربانی بەكورسییەكانی خۆی بدات و بیانداتە لایەنی دیكە، بەتایبەتی مالیكی باش ئەوە دەزانێ كە كوتلەیەكی گەورەی وەك ئەنجوومەنی باڵا لەپاشەكشەدایە، بەتایبەتی لەڕووی جەماوەرییەوە.
پرسیار ئەوەیە: ئایا حزبی دەعوە دەتوانێ قەوارەیەكی سەربەخۆ بۆ خۆی پێكبهێنێ و ئەو حەزەی خۆی بێنێتەدی؟
ئێران لەهەوڵێكی زۆردایە بۆ ئەوەی مالیكی و حەكیم لەیەك بەرەدا كۆبكاتەوە، باشیش دەزانێ كە ئەنجوومەنی باڵا بەبێ حزبی دەعوە ناتوانێ سەركەوتنێكی گەورە بەدەستبێنێ و ناشتوانێ بەتەنیا پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ شیعە زامن بكات، كە ئەمەش هەمان خەمی سیستانییە كە دەیەوێ بەهەموو شێوەیەك ئەو دوو لایەنە لەیەك جیانەبنەوە.
مالیكی زۆر بایەخ بەو هەوڵەی ئێران نادات، بەڵام خەمی ئەو فشاری سیستانییە كە ناتوانێ بەبێ رەزامەندی ئەو، لیستەكەی خۆی پێكبێنێ، بۆیە وایدەبینین ئەگەر مالیكی لەگەڵ ئیئتیلافە كۆنەكە بمێنێتەوە هەر لەبەر فشارەكەی سیستانی دەبێ، نەك ئێران، چونكە مالیكی ماوەیەكە هەوڵی ئەوە دەدات كە لەژێر كاریگەری ئێران خۆی رزگاربكات.
* ناكۆكییەكانی نێوان مالیكی و حەكیم رۆڵێكی بەرچاویان گێرا لەو درزەی كە كەوتە نێو حزبی دەعوە- رێكخستنی عێراق و ببێتە دوو بەش، بەشێكیان بەسەرۆكایەتی عەبدولكەریم ئەلعنزی و ئەویتریان بەسەرۆكایەتی خضیر ئەلخوزاعی.
ئەوەی یەكەمیان لاگیری لە ئەنجوومەنی باڵا دەكات و ئەویتریان لە مالیكی، هەتا لەمەشیاندا ئێران نەیتوانی چارەسەری كێشەی نێوان ئەو دوو باڵە بكات.
* حزبی فەزیلە توانی خۆی لەو ناكۆكییانە بپارێزێ و ئێستا بەرەیەكی بەناو (عراق النزاهة والتنمیة)ی پێكهێناوە بۆ بەشداریكردن لەهەڵبژاردنی داهاتوودا، ئەم بەرەیەش سەرەڕای حزبی فەزیلە قەوارەی جامعیون و قەوارەی ئیصلاحیون و هەندێ كەفائاتی نیشتمانی و كەسایەتی ئایینی و شێخ عەشیرەتەكانی لەگەڵدایە.
حزبی فەزیلە پاش ئەوەی هەستی كرد لەلایەن حزبی دەعوەوە فەرامۆشكراوە بەهۆی فەشەلهێنانی لەهەڵبژاردنەكانی 31/1 ئەم هەنگاوەی نا و وا تەوەقوع دەكرێ كە ئەگەر حزبی دەعوە رازی نەبێ بێتە ناو ئیئتیلافی نوێوە، لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵا یەك بگرێ.
* هیچ شتێك نەماوە كە پێی بگوترێ بەرەی تەوافوق، هەر لایەنێكی ئەو بەرەیە ئازادە لەبەستنی هاوپەیمانێتی، جا ئەو هاوپەیمانێتیە لەگەڵ كورد بێ یان شیعە.
ئێستا ئەو بەرەیە لەحزبی ئیسلامی و رەوتی (المستقل) بەسەرۆكایەتی رافیع ئەلعیساوی و لیستەكەی د. تاریق ئەلهاشمی پێكهاتووە، ئەمە سەرەڕای بوونی پەیوەندییەكی نادیار لەگەڵ ئەنجوومەنی حیواری شێخ خەلەف ئەلعەلەیان و گرووپی ئەهل ئەلعیراق بەسەرۆكایەتی عەدنان ئەلدلێمی.
كەواتە ئەو بەرەیە كە پێشتر لەسێ لایەن پێكهاتبوو، ئێستا بووەتە پێنج.
هاشمی دوور لەحزبی ئیسلامی دەیەوێ لیستێك بۆخۆی پێكبهێنێ و تا ئێستا چەند دانیشتنێكی لەگەڵ د. ئەیاد عەلاوی ئەنجامداوە بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردن بكەن و زۆینەی پەرلەمان وەدەستبێنن و بەهۆی ئەو زۆرینەش پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ قەوارەكەیان مسۆگەر بكەن و لەو هەوڵەشیاندا ساڵح ئەلموتڵەگ بەدوور نییە.
راستە كودەتایەكی سپی دژ بەهاشمی لە ناو حزبی ئیسلامیدا روویدا، بەڵام هاشمی توانی پاش ئەو كودەتایە درزێك بخاتە ناو حزبی ئیسلامییەوە و هەر یەك لەعەبدولكەریم سامەڕائی و عومەر كەربولی رازی بكات كە بێتە ناو لیستەكەیەوە.
ئەوەی پێویستە بگوترێ باڵی هاشمی لەلایەن چەند وڵاتێكی عەرەبی و ئەقلیمیەوە پاڵپشتی دەكرێ، بەتایبەتی لەلایەن توركیاوە كە دەیەوێ هاشمی بگەیەنێتە پۆستی سەرۆك كۆمار و عەلاویش بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، ئەمە ئەگەر پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ عەرەبی سوننە یەكلاكرایەوە.
باڵەكەی تری حزبی ئیسلامی كە ئوسامە ئەلتكریتی سەرۆكایەتی دەكات و ئەیاد سامەڕائی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقی لەگەڵدایە ئەوا لە رووی تەوەجوهاتەوە لەئەنجوومەنی باڵا و هاوپەیمانی كوردستانی نزیكە، كە ئەمەیش وای لە هاشمی كردووە كە بڕەك لە هاوپەیمانی كوردستانی دووربكەوێتەوە.
* مالیكی بەرامبەر بەئەنجوومەنی باڵا و مسۆگەركردنی لاگیری هاوپەیمانی كوردستانی بۆ مانەوەی لەو پۆستەی ئێستای، سەردانێكی هەرێمی كوردستانی كرد و لەگەڵ سەرۆك كۆمار و سەرۆك بارزانی كۆبووەوە.
مالیكی ترسی دەستێوەردانی وڵاتانی ئەقلیمی لێنیشتووە و هەست دەكات كە ئێران پشتگیری لە ئەنجوومەنی باڵا دەكات، بۆیە بەو هاتنەی ویستی ئەو بەستەڵەكە نەهێڵێ كە لەنێوان خۆی و سەركردایەتی كورددا هەیە و ئیتر بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێری دا و بۆ ئەم مەبەستەش، بڕیاردرا كە شاندێكی هەرێمی كوردستان بچێتە بەغدا و چەند لیژنەیەكیش بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دروستكران.
هەرچەند پاش گەڕانەوەی مالیكی بۆ بەغدا جێبەجێنەكردنی ماددەی (140)ی خستەسەر ئەستۆی سەرۆكایەتی كۆمار و پەرلەمانی عێراق، بەڵام كورد پێیوایە بەو لیژنانەش ئەو كێشانە نایەنە چارەسەركردن، چونكە ئەزموونێكی تاڵیان لەگەڵ مالیكیدا هەبووە و لە بەڵێنەكانیشدا مالیكی هەمیشە راستگۆ نەبووە.
* كورد چاوەڕوانی هەنگاوی كردەكین لە مالیكی، لەوانەیە ئەمەریكاش پێی خۆش بێ كورد لەگەڵ مالیكیدا بن، بە دەلیلی ئەو دانووستانەی كە لەگەڵ سەركردایەتی بەعس دەیكات بەمەبەستی گێڕانەوەیان بۆ عێراق و بەشدارییان لەپرۆسەی سیاسی و ئیحراج نەكردنی مالیكی بەرامبەر بەهاوپەیمانەكانی (ئەنجوومەنی باڵا و هاوپەیمانی كوردستانی).
* ئێران بڕیاریداوە كە ئەگەر مالیكی رازی نەبێ لەگەڵ ئەلحەكیم كاربكات، پشتگیری لەئەنجومەنی باڵا و هاوپەیمانەكانی بكات، هەروا شانشینی سعودی ئەویش لەسەر خەتە و پشتگیری لە عەرەبی سوننە دەكات و لە هەوڵێكی چڕدایە بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ ئەو عەرەبانە مسۆگەربكات.
ئەگەر مالیكی نەیتوانی قەناعەت بە پارتی و یەكێتی بێنێ بۆ هاوپەیمانیكردن، ئەوا هیچ بەدوور نازانرێ هەوڵی هاوپەیمانی بەستنی بدات لەگەڵ لیستی گۆڕان كە بڕیاری داوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بەلیستێكی سەربەخۆ بەشداری بكات و هەروا سەبارەت بە هەندێ لایەنی تری كوردی.
ئەی ئەوە سكرتێری حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان نییە كە دەڵێ:
ئێمە لەگەڵ كەسێكی وەك مالیكی گفتوگۆ دەكەین، بەڵام لەگەڵ حزبە كوردییەكان نایكەین.
بۆ ئاگاداری، لیستی گۆڕان هەر لەئێستاوە خۆی بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی كەركووك ئامادەكردووە، بۆ ئەم مەبەستەش بەر لەچەند رۆژێك لەگەڵ عەرەب و توركمانەكانی كەركووك كۆبوونەوەی ئەنجامداوە تا پێكەوە بەشداری لەو هەڵبژاردنە بكەن، هەتا ئەندامێكی توركمان لەئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك تورهان موفتی كەسەر بە بەرەی توركمانییە لە لێدوانێكیدا رایگەیاندبوو كە نەوشیروان مستەفا هەڵوێستێكی میانڕەو و هاوسەنگی هەیە بەرامبەر بەكەركووك و ئەوەشی راگەیاندبوو كە نەوشیروان مستەفا یەكێتی كەركووك و یەكێتی عێراقی پێ پەسەندترە، لەوەی شارەكە بچێتە سەر هەرێمی كوردستانەوە، نەك هەر ئەمەو بەس، بەڵكو لیستی گۆڕان بەتەمایە، ئەگەر بۆی بچێتە سەر پۆستی سەرۆك كۆماریش وەرگرێ.
* هەر پەیوەست بەپۆستی سەرۆك كۆمارەوە، چەند كەسایەتییەكی عەرەبی سوننە لەهەوڵی ئەوەدان ئەو پۆستە بۆ خۆیان وەرنەگرنەوە و بۆ ئەم مەبەستەش ئێستا عەممانی پایتەختی وڵاتی ئوردەن لەبزاوتێكی فراواندایە و تا ئێستا 8 كەس كێبڕێكێی یەكتر دەكەن بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، كە هەندێكیان لەناو پرۆسەی سیاسی دان و هەندێكیشیان لەدەرەوەی پرۆسەكەن، كە ئەمانەن:
ئەحمەد ئەبو ریشە سەرۆكی ئەنجوومەنی سەحوەی عێراق، حەمید ئەلهایسی سەرۆكی ئەنجوومەنی رزگاركردنی ئەنبار، تاریق ئەلحەلبوسی و خەمسی ئەلهەنداوی كە هەردووكیان بازرگانن و نیشتەجێی وڵاتی ئوردنن، ئەمە بێجگە لە تاریق ئەلهاشمی جێگری سەرۆك كۆمار كە لەلایەن توركیاوە پشتگیری دەكرێ و ساڵح ئەلموتڵەگ سەرۆكی بەرەی حیواری وەتەنی و نەهرۆ عەبدولكەریم كەسنەزانی ئەمینداری گشتی گردبوونەوەی یەكێتی نیشتمانی و هەروا بەدیع عارفی پارێزەر.
* پارتی و یەكێتی لەهەوڵی پێكهێنانی لیستێكی نیشتمانین لەكورد و شیعە و سوننە، ئەوانەی باوەڕیان بەعێراقی نوێ و سیستەمی فیدراڵی و دەستوور هەیە، ئەم بیرۆكەیە نوێ نییە، بەڵكو لەهەڵبژاردنەكانی ساڵی 2005 یش ئەو بیرۆكەیە لەئارادابوو، بۆ ئەم مەبەستەش كۆبوونەوەیەك لە دوكان بەڕێوەچوو كە تیایدا بڕیاردرا ئەوانەی بەشدارن بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردنەكە بكەن، بەڵام ئەوانەی نوێنەرایەتی شیعە و سوننەیان دەكرد، پاش گەڕانەوەیان پەشیمان بوونەوە و هەر یەكە و بەلیستێكی جیاواز بڕیاری بەشداریكردنی دا كە ئەمەیش وای لەكورد كرد ئەویش بەلیستێكی جیاوازەوە بەشداربێت.
* هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق بۆ كورد زۆر گرنگە، لەهەمووی گرنگتریش بەشداریكردنییەتی بەیەك لیست، هەتا لەبارێكدا ئەگەر لیستێكی نیشتمانی لەكورد و شیعە و سوننە پێكهات، تا ئێستا لیستی كورد لە هەموو لیستەكانی دیكە پتەوتربوو، بەڵام لەهەڵبژاردنی ئەمجارەی هەرێمی كوردستان ئەو پتەوییە درزێكی تیا كەوتووە و دەبێ ئەو درزە بێتە چارەسەركردن و پڕبكرێتەوە، ترسەكە لەوەدایە نەوەكو لایەنێكی وەكو گۆڕان یان هەر لیستێكی دیكە، بچنە پاڵ لیستێكی عێراقییەوە و خۆیان لەهاوپەیمانی كوردستانی جیا بكەنەوە، ئەگەر خوانەكا ئەمە روویدا ئەوا كورد بەگشتی زەرەمەند دەبێت، بەتایبەتی ئەو لایەنانەی كە خۆیان جیا دەكەنەوە، چونكە گەلی كوردستان لەوانەیە قبولی رای جیاواز لە نێو خۆیدا بكات، بەڵام بەهیچ شێوەیەك قبولی ئەوە ناكات كە لایەنێكی لەسەر حیسابی كورد هاوپەیمانی لەگەڵ لیستێكی عێراقیدا بكات.
Top