ئەمجارەش چەند نقورچەیەكی دیكە
June 1, 2010
وتار و بیروڕا
رۆژنامەی (ئاوێنە)ش لە بابەتێكیدا بەناونیشانی (لە ئەحمەد تۆفیقەوە بۆ عەزیزی وەیسی) ململانێیەكانی شەستەكان دەخاتە سەر ئەو كوردانەی كە لە ئێرانەوە پەنایان هێنابووە بەر كوردستانی عێراق وەك هەژاری موكریانی و سەعید ناكام و ئەحمەد تۆفیق، هەر ئەو رۆژنامەیە سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی كوردستان تۆمەتی لاگیری لیستێك لە دژی لیستێكی دیكە دەخاتە بەر هەندێ كوردی رۆژهەڵات كە گوایە هەندێكیان بە نووسین و بەیاننامە دەركردن و هەندێكیش بە گۆرانی و مۆسیقا تیایدا بەشدارن و لەم رووەوە ئاماژە بەوە دەكات كە جاران كوردستانی ئێران هێمنی شاعیری دەنارد كە چی ئێستا عەزەی وەیسی..!!
من نازانم بۆ ئەو هەموو سوكایەتییە بە كوردی ئێران؟ بەتایبەتی بە هونەرمەندێكی میللی وەك عەزیز وەیسی؟ ئەو رۆژنامانە كە هەمیشە رەخنەیان لە دەسەڵات دەگرت و دەیانگوت دەسەڵات تەحەمولی ئازادی رادەربڕین ناكات، كەچی بەخۆیان لە یەكەم تاقیكردنەوەدا نەیانتوانی تەحەمولی یەك هونەرمەند بكەن و ئینجا كەوتنە سەرگیانی هەریەك لە هەژاری موكریانی و سەعید ناكام و ئەحمەد تۆفیق و... تاد.
كە هەر هەموویان جێی پەنجەیان لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردا دیارەو ئێمەی كوردی عێراقیش دەبێ خۆمان بە قەرزاریان بزانین نەك بێین و سوكایەتیان پێ بكەین...!!
* ئەو لیستەی كە داوای گۆڕان دەكات پێی وایە ئەو عەقڵیەتە سیاسییەی كە ئێستا كوردستان بەڕێوەدەبات تەحەمولی گۆڕانكاری ناكات و، ئەو لیستەش گوایە هیچ كێشەی لەگەڵ هیچ كەسدا نییە، بەڵكو كێشەكەی لەگەڵ ئەو عەقڵیەتە سیاسییەدایە، بۆیە پێویستە بێتە گۆڕین..!!
من تەنیا دوو رووداو دەگێڕمەوە بۆ ئەوەی خوێنەر لە راستی تێفكرین ئەو لیستە بگات.
رووداوی یەكەم ئەوەیە كە ئەو لیستە لە ماوەی24 سەعاتدا ژمارە (30)ی گۆڤاری(هەڵبوون) ی لە بازاڕی سلێمانیدا كۆكردەوە، ئەویش بەهۆی بڵاوبوونەوەی وتارێك بەناونیشانی(نەوشیروان بۆ وریا وەهابی كوشت؟)..!! لە كاتێكدا ئەو لیستە لەسەر گۆڤاری(لڤین) هەرایەكی عەنتیكەی نایەوە كە گوایە لە زاخۆ سوتێنراوە، كەچی لە دواییدا وا دەرنەچوو.
رووداوی دووەم ئەو سیناریۆیە بوو كە تەلەفزیۆنی KNN دەربارەی قسەكانی حاجی ئاسكە عەلی دروستی كردبوو، كە دوایی ئەویش بەو شێوەیە دەرنەچوو، چۆنیش یارییان بە سۆزی ئەو دایكە كردبوو، قسەكانیشیان لە هەندێ شوێندا پچڕاندبوو.
من تكا لە خوێنەران دەكەم بۆ زانینی ئەو راستییە دەقی دیدارەكەی حاجی ئاسكە بخوێننەوە كە لە ژمارەی(126) ی گۆڤاری( شەقام)دا بڵاوكراوەتەوە.
* هەولێرییەكان پێیان وایە لیستی گۆڕان لە پێناو ئەواندا دروستبووە. ئەمە قسەی سەفین مەلا قەرەیە كە لە پاشكۆی (بەرەو گۆڕان)ی ژمارە(15) بڵاوكراوەتەوە كە تیایدا دەڵێ: هەولێرییەكان لەلایەن حكومەتەوە فەرامۆش كراون و هاووڵاتیانی هەولێر حیسابی هاووڵاتییەكی پلە دووشیان بۆ نەكراوە، هاووڵاتی پلەسێن.
بەڕاستی ئەمە بێ ویژدانییەكی زۆرە كە یەكێكی وەك سەفینی مەلا قەرە بێ و بڵێ هاووڵاتیانی هەولێر هاوڵاتی پلە سێن...!! باشە ئەگەر ئەوان هاوڵاتی پلە سێ بن ئەی دەبێ كێ پلەی یەك و دوو بێ؟ ئایا كەستان دیووە لە شارەكەی خۆیدا هاوڵاتی پلە سێ بێ؟
برا هەولێر هەولێرە و هەولێرییەكانیش شانازی بە شارەكەی خۆیان دەكەن و باشیش دەزانن كە كێ خزمەتی كردوون و كێش زەم و سوكایەتی پێ دەكردن.
ئەگەر سەفین مەلا قەرە بەڕاستی هەولێری بووایە ئەو كات ئەو سوكایەتییەی قبوڵ نەدەكرد كە سەرۆك لیستەكەی بەرامبەر بە هەولێر و هەولێرییەكانی دەكرد.
* نووسەرەوەیەكی دەوشڕ كە تا دوێنێ بەرپرسی سایتێك بوو قسەی بە نەوشیروان مستەفا و كۆمپانیا وشە دەگوت، ئەمڕۆ بە قودرەتی قادر بووەتە دەمڕاستی لیستی گۆڕان و هێرش دەكاتە سەر لیستی كوردستانی و سەركردایەتی كورد.
لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی KNN دا بە هەموو عەقڵە سادە و زمانە شڕەكەیەوە كە بێجگە لە جنێودان هیچی تر نازانێ دەڵێ: جەلال تاڵەبانی و مسعود بارزانی دەیانەوێ بە قوفڵێكی حیز..!! خەڵك هەڵخەڵەتێنن.
مەبەستی ئەو نووسەرەوەیە لەو قوفڵە قوفڵی هەناردنی نەوتی كوردستان بوو، كە هەموو جیهان بەو هەناردەیە سەرسام بوو، بەغداش پێی تەنگاو بوو، كەچی ئەو نووسەرەوەیە بەرامبەر ئەو رووداوە گرنگە و بەرامبەر ئەو قوفڵەی كە بووە هێمای هەناردنی نەوتی كوردستان چ وشەیەكی ناشرین بەكاردێنێت.
بۆ ئاگاداری ئەو نوسەرەوەیە لەسەر هەندێ مەسائیلی دارایی و ئەخلاقی و ئیستغلال كردنی سایتەكە دژی سەرۆكی ئەو لیستەی كە ئێستا كاری بۆ دەكات، بەبێ ئاگاداری ئەو لایەنەی كە سەرپەرشتی سایتەكەی دەكرد تڕۆكراو لەسەر كارەكەی لابرا.
* ئێستا لیستێك فێربووە كەسانی وەك ئەو نووسەرەوەیە بەكاردێنێ بۆ ئەوەی گەمە بە ئەعسابی چەند نووسەر و رۆژنامەنووس و سیاسەتكارێكی لیستی كوردستانی بكەن، ئەویش لە رێی ناردنی SMS بۆیان كە پڕن لە قسەی سووك و ناشرین.
بەڕای من ئەم كارەی ئەو لیستە ئەو پەڕی بێ ئەخلاقییەت دەنوێنێ و لە هەمان كاتدا بێ ئەخلاقییەتی ئەو نووسەرەوانە دەسەلمێنێ، ئەگینا جوندان بە دایكی یان خێزانی نووسەرێك یان رۆژنامەنووسێك كە لەوانەیە دایكی 75 ساڵیشی تێپەڕاندبێ ئەگەر بێ ئەخلاقی نەبێ، ئەی دەبێ چ ناوێكی لێ بنێین..!!
* سەرۆك بارزانی هەمیشە داكۆكیكار بووە لە مافی گەلی كوردستان و هیچ كاتێكیش ئامادەنەبووە سازش لەسەر ئەو مافانە بكات، بەڵام بەداخەوە هەندێ لیستی ركابەر رۆژانە شت بڵاو دەكەنەوە كە گوایە دەستووری هەرێمی كوردستان سەبارەت بە سنووری هەرێم و ماددەی 140 سازشی تێدا كراوە لە راستیدا من هەمیشە گوتوومە راگەیاندن چەكێكی دوو لایەنەیە، یان ئەوەتا ئەو شتەی بڵاوی دەكەیتەوە لە بەرژەوەندیت دەبێت یانیش بە پێچەوانەوە، من لێرەدا تەنیا مانشێتێكی لاپەڕەیەكی گۆڤاری (لڤین) وەبیر خوێنەران دەهێنمەوە كە قسەیەكی سامی ئەلعەسكەری راوێژكاری نوری مالیكییە كەدەڵێ: هەتا وەكو مسعود بارزانی هەڵوێستی نەگۆڕێت مالیكی ئامادە نییە لەگەڵیدا كۆببێتەوە..!!
ئەو مانشێتە خۆی لە خۆیدا ئەوە دەسەلمێنێ كە سەرۆك بارزانی خاوەن هەڵوێستێكی نەتەوەییە و ئەم هەڵوێستانەشی ناحەزانی كورد و كوردستانییان نارەحەت كردووە بۆیە داوای لێ دەكەن كە لەو هەڵوێستانەی خۆی پاشگەز ببێتەوە.
لە هەمووی خۆشتر سامی ئەلعەسكەری لەو لێدوانەیدا بۆ گۆڤاری لڤین ئاماژە بە لێدوانێكی نەوشیروان مستەفا دەكات كە بۆ كەناڵی ئەلحورە دابووی و گوتبووی:
(نەوشیروان مستەفا لە دیمانەكەی كەناڵی ئەلحورە باسی لەوەكرد كە سیستەمی عێراق پەرلەمانی دیموكراتییە، بەڵام بە گوێرەی دەستووری هەرێم دەسەڵاتێكی زۆر دراوە بە سەرۆكی هەرێم كە ئەمەش پێچەوانەی دەستووری عێراقە).
ئەی ئافەرین تاكی كوردستان، لە كاتێكدا سیستەمی عێراق بە سیستەمێكی پەرلەمانی دیموكراتی دادەنێ كەچی نوری مالیكی رۆژ نییە باس لە بەهێزكردنی مەركەز و سیستەمی سەرۆكایەتی نەكات..!! باشە بۆ بەرامبەر ئەم قسانەی مالیكی نقەت لێوە نایەت، كەچی بەرامبەر بەهی كوردستان دێی و دەڵێی دەسەڵاتێكی زۆری داوەتە سەرۆكی هەرێم كە بەخۆشت دەزانی وا نییە.
* سیاسەتكارێك كاتی خۆی هەراو هوریاییەكی وای دروستكردبوو كە هەرێمی كوردستان لەبەردەم هەڕەشەیەكی گەورەدایە، كەچی ئەمڕۆ و بۆ چەند مەبەستێكی سیاسی لەو قسانەی خۆی پەشیمان بووەتەوە و دەڵێ هیچ هەڕەشەیەك لەبەردەم كوردستاندا نییە و ئێرانیش وەك نموونە دەهێنێتەوە و دەڵێ: ئەگەر مەترسی ئێرانمان لەسەرە بۆ كونسوڵەكانیان دەرناكەن لە هەولێر و سلێمانی، ئەگەر مەترسیمان لەسەرە بۆ سنوورەكان داناخەن ؟ لە باشماخەوە تا زرێبار، لە سلۆپییەوە تا برایم خەلیل، لە حاجی ئۆمەرانەوە تا بانە، لۆری بەڕیز وەستاوە..!!
ئای لەو سیاسەتكارە سوپەرە كە ئەوە بۆچوونی سیاسی بێت، بەخۆی لە هەموو كەس باشتر دەزانێ كە بژێوی خەڵكی كوردستان لەسەر هێنانی ئەو كەلوپەلانەیە كە لە وڵاتانی دەورووبەر دێت، ئایا دیوتە دەسەڵاتێكی وڵاتێك یان هەرێمێك كە خەمخۆری بژێوی خەڵكەكەی بێت سنووری خۆی داخات و میللەتەكەی تووشی قاتوقڕی بكات، وەڵڵا چییە هەڕەشەی لەسەرە؟ ئەمانە دوو بابەتی جیاوازن كە هەقە لە یەكتر جیابكرێنەوە. تۆ ئەگەر سیاسەت دەكەیت دەبێ بژێوی خەڵكەكەی خۆت دابین بكەیت و، لە هەمان كاتدا هەوڵی كەمكردنەوەی ئاستی ئەو هەڕەشانە بدەیت و پەیوەندییەكی دۆستانە لەگەڵ ئەو وڵاتانە ببەستیت، نەك بێیت و سەرەڕای هەڕەشە میللەتەكەشت لە برسان بكوژی.
قوڕ بەسەر ئەو میللەتەی كە كەسانێكی وا دەسەڵات دەگرنە دەست، خۆ میللەتەكە دەكوژن.
* چەند لیستێك، هەتا چەند پاڵێوراوێك بۆ پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم هەمیشە هاتوو هاواریانە كە گوایە لە بێ پارەیی و لەبێ بوونی كەناڵێكی راگەیاندن ناتوانن وەك لیستی كوردستانی پڕوپاگەندە بۆ خۆیان بكەن.
ئەوەی جێی سەرنجە وتەبێژی یەك لەو لیستانە و لەو چاوپێكەوتنێكدا و بەبێ حیساب كردن بۆ ئەو قسانەی كە پێشتر دەیكرد دەڵێ: بوجەمان كراوەیە..!! باشە كە ئێوە حزب نین ئایا هەقی ئێمە نییە لەو برادەرە بپرسین ئەو هەموو پارەیەتان لە كوێ هێنا ؟ تكایە ئەمەم پێ مەڵێن كە ئەمە خەڵكە و پارە دەبەخشێتە لیستەكەتان.
* حوسێن گەرمیانی پاڵێوراوی پۆستی سەرۆكی هەرێم لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەی(رووداو) دا دەڵێ:
سەفین 500 دەنگ دەهێنێ و د. كەمال میراودەلی1000 دەنگ و هەڵۆش زۆر كەمتر لەوانە، سەبارەت بە خۆیشی دەڵێ من تەنیا ركابەری بارزانیم.
حوسێن گەرمیانی هۆكاری پاڵاوتنی خۆیشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە 12 ساڵە هیوایەی ئەوە بووە بچێتە ناو پەرلەمان یان حكومەت، بۆیە كاتێ سیستەمی سەرۆكایەتی لە پەرلەمانییەوە گۆڕا بۆ جەماوەری ئەو دەرفەتەی بە دیموكراسی زانیوە و ئیتر خۆی هەڵبژاردووە كەواتە ئەو پاڵێوراوە دان بەوەدا دەنێ كە سیستەمەكە جەماوەری و دیموكراسییە، بۆیە خۆی هەڵبژاردووە، كە ئەم قسەیەش كیفایەتە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو كەسانەی بە ئەنقەست شتی پێچەوانە بڵاودەكەنەوە.
دڵنیای كاكەحوسێنیش دەكەمەوە كە دەنگەكانی لە سێ پاڵێوراوەكەی دیكە زیاتر نابێ و دەشبینین.
* هەر رۆژێ شتێك دەربارەی رابینینی لیستەكان سەبارەت بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی كوردستان دەخوێنمەوە، لیستێك دەڵێ من 25-30 كورسی وەدەست دێنم، یەكێكی تر دەڵێ من 30 كورسی وەدەست دێنم و یەكێكی تریش دەڵێ 15 و ئەویتر 5 و تا دوایی، ئەگەر بە حساباتی ئەوانەبێ ئەوا 20-25 كورسی بۆ لیستی كوردستانی دەمێنێتەوە.
تو خوا ئەمە مەنتیقە، كاكە گیان تۆزێ سەبر تۆزێكیش لەو رابینینە خەیاڵییانەی خۆتان وەرنەخوار و چاوەڕێی ئەنجامەكان بن، ئەو سا بۆتان مەعلوم دەبێ كە زۆربەی جەماوەر لەگەڵ كێدایە.
* رۆژنامە(رۆژنامە) لە هەواڵێكیدا سەبارەت بە راگرتنی هەفتەنامەی بارزان دەڵێ:(بەهۆی ئەوەی كە لە ماوەی رابردوودا رووماڵی هەواڵەكانی كۆمپانیای وشەیان كردووەو لە هەمان كاتدا دیداریان لەگەڵ هەڵۆی ئیبراهیم ئەحمەد كردووە، سەرچاوەیەكی نزیك لە هەفتەنامەی بارزان بە رۆژنامەی راگەیاند: لەلایەن فەیسەڵ دەباغ سكرتێری رۆژنامەوانی سەرۆكی هەرێم تەلەفۆن بۆ عەبدولقادر حەمەدئەمین كراوەو پێی ڕاگەیاندراوە چۆن دەبێت كە ئێوە بودجە لە حكومەت وەردەگرن و رێكلام بۆ لیستەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی دەكەن و دیدار لەگەڵ كاندیدەكانی لیستی گۆڕان دەكەن، لە هەمان كاتدا دیدارتان لەگەڵ ئەو كەسانە كردووە كە دەیانەوێ ململانێی مسعود بارزانی بكەن بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم).
هەر چەندە هەقی خۆمە ئەو گلەییە لە كاك عەبدولقادر بكەم، بەڵام تەلەفۆنەكەی من دوورە لەو شتانەی كە رۆژنامەی رۆژنامە بڵاوی كردۆتەوە، من تەنیا وەك برادەر تەلەفۆنم بۆ كاك عەبدولقادر كرد پاش ئەوەی بەیاننامەیەكی ژمارەیەك لە رۆژنامەنووسانم لە سایتێكی كوردی خوێندەوە كە ناوی كاك عەبدولقادری لەسەر بوو، تەلەفۆنەكەم هەر بۆ ئەوەبوو كە لێی بپرسم ئایا ئەو ناوەی كە بڵاوكراوەتەوە خۆیەتی یان نا، كە گوتی بەڵێ منم ئیتر هەر ئەوەندەم پێگوت كە ئەو مێژووییەكی هەیە و چۆن ناوی خۆی تێكەڵ بە ناوی كەسانێك دەكات كە ئەسڵەن رۆژنامەنووس نین و پێشم گوت ئەمە تەڵەیەك بوو كە بۆی دانرابوو، هەق وابوو بەر لەوەی ناوی خۆی بنووسێ بزانێ كێی لەگەڵە و ئەویش لاگیری قسەكانی كردن بەمەش كۆتایی بە قسەكانمان هێنا و خواحافیزیمان لە یەكتر كرد.
كەواتە ئەوەی رۆژنامەی رۆژنامە دەیڵێ دوورە لە راستی و مەسەلەی لەو داخستنیشی كە گوایە بەهۆی ئەوەی بێلایەنانە كاریكردووە بڕیاری داخستنی دراوە ئەمەشیان هیچ ئەسڵ و ئەساسێكی بۆ نییە، چونكە راستە ئەو رۆژنامەیە بە هاریكاری لایەنێك دەردەچوو، بەڵام ئەو لایەنە توانای داخستنی نییە، ئەوەی من زانیوومە ئەو لایەنە تەنیا هاریكارییەكەی لێ بڕیووە كە لێشی بڕا هەر خودی ستافی رۆژنامەكە، بڕیاری راگرتنیان دا، چونكە بە قسەی سەرنووسەرەكەی بەبێ ئەو هاریكارییە ناتوانن رۆژنامەكە دەربكەن.
ئەمە یەكەم جار نییە رۆژنامەی رۆژنامە بوختانی وام پێ دەكات، بەڵكو ئەمە دووەم جارە، بۆیە هیوادارم لەمەو دوا وردتر بەدواچوونی خۆی لەسەر هەواڵەكان بكات، بەتایبەتی ئەوەی كە پەیوەندی بە منەوە هەبێت.