سەرۆكی سەدەی بیست و یەكەم نەك تە
June 1, 2010
وتار و بیروڕا
مێژووی بزووتنەوە رزگاریخوازەكانی دونیا، بوونەتە شەقڵ و مۆركی هزرو ئیرادەو متمانە بەخۆبوونی سەرۆكەكانیان،ئەوەتا بزووتنەوە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی دونیاچەندە جۆراوجۆرن، ئەوەندە سەرۆك و سەركردەی جۆراوجۆریشی بەرهەمهێناوە. لە بزووتنەوەی شۆڕشگێریدا سەرۆكی وەك لینین و ماوتسیتۆنگ بەرچاون، لە بزووتنەوەی نیشتمانیدا سەركردەی وەك ئەحمەد سوكارتۆ لە ئەندۆنیزیا دژی داگیركەری هۆڵەندی و...لە بزووتنەوە رەمزییەكانیشدا غاندی كە بە ناتوندوتیژی دەسەڵاتی بەریتانی دەركردو ماندێلاش لە بەرامبەر رەگەزپەرستیدا نەرمترین و نوێترین و نموونەییترین خەباتی پێشكەش كرد، دیارە دیگۆل و بسمارك و...هتد هەریەك لەو سەرۆكانە شوێن پەنجەیان لە بوارێكی زیندووی نیشتمانیدا دیارە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، سەرۆك مەسعود بارزانی لە هەرسێ بزووتنەوە شۆڕشگێڕی و نیشتمانی و رەمزییەكاندا ئاوێتە بووە،خۆی پێشمەرگەبووەو رابردوویەكی پڕ لە گیانفیداكاری بۆ گەلەكەی رەنگرێژكردووە، كە كتێبێكی سەدهەزار لاپەڕەیی لە قۆناخی بزووتنەوەی رزگاریخوازیدا بۆ رەنگرێژكردووە، لە قۆناخی بزووتنەوەی نیشتمانی تەنها بە پشتبەستن بە نەتەوەكەی وتوویەتی نابێ جارێكی دی كوردستان ببێتەوە پێخوستی داگیركەران و سەرۆك بارزانی گەورەترین كۆسپ بووە بۆ هاتن و دەستتێوەردانی وڵاتانی هەرێمی و هەر وڵاتێكی دیكە. سەرۆك بارزانی لەدوای راپەڕینەوە لەگەڵ بەغداش سیاسەتێكی حەكیمانەی پەیڕەوكرد كە نەیهێشت جارێكی دیكە خەڵك رووبەرووی كۆچڕەو ببێتەوە،لەو كاتەوە واتا دوای راپەڕین بارزانی كەوتە نێو قۆناخی بزووتنەوەی رەمزی بە تایبەتی كاتێك بۆ سەرۆكی هەرێم هەڵبژێردرا وتی سەرۆكایەتییەك ناكەم ئەگەر نەتوانم كۆتایی بە شەڕی ناوەخۆ بهێنم،ئەم خەباتە ناتوندوتیژییە هیچی لە خەباتەكەی غاندی كەمتر نەبوو، چونكە بەكردەوەش وایكرد نەك هەر كۆتایی بە شەڕی ناوەخۆ هێنا، بەڵكو خەریكە وا شوێنەواری ئەو شەڕەش رەشدەبێتەوە.هونەری سەركەوتنی بارزانی لەوەدایە چەند شۆڕشگێڕ بووە ئەوەندەش دژی توندوتیژی بووە، لەكاتێكدا ئەم دوو چەمكە بە تەنها سەرۆكێك پەیڕەوناكرێ. ئەوكاتەی عێراق و ئەمریكا سەرقاڵی شەڕ بوون توركیا بە هەلی زانی و سوپای خۆی هێنایە سەر سنووری هەرێم، بەڵام وەڵامی مەسعود بارزانی رێك وەڵامی سەرۆكێكی بەهێز و بڕوا بەخۆبوو بوو، كاتێك وتی دەبابەی توركی ئەوكاتە دەتوانن وڵاتەكەم پێشێل بكەن كە بەسەر جەستەی مندا بپەڕنەوە، لێرە ورەی هەموو میللەتی كردە یەك ورەی پۆڵایین و یەك هێزو یەك سیاسەت.یان ئەو كاتانەی میللەت چاوەڕوانی قسەیەكی سەرۆكەكەی دەكرد تا دڵنەواییەك، ئارامییەك، بداتە میللەتەكەی، لەو كاتەی كە لە بیرناكرێ لە نەورۆزی (2003) هەموو خەڵك بەڕێگاوەبوو كۆچڕەوێكی تر بكات و ماڵو حاڵی خۆی جێدەهێشت، یان ئەوەی ماشبوو چاوەڕێ بوو لە هەر چركەیەكدا ماڵو حاڵەكەی جێبهێلێت، بەڵام سەرۆك بارزاني ئەمجارەش وەك سەرۆكێكی نموونەیی وەك سەرۆكێكی سەدەی بیست و یەك هاتە سەر شاشەی تەلەڤزیۆن و داوای لە خەڵكی كوردستان كرد كە هیچ كەسێك ماڵ و حاڵی خۆی جێنەهێڵێ و جارێكی دیكە نیشتمان بۆ كەس جێناهێلین. ئەم لێدوانەی مەسعود بارزانی لەم رۆژە پڕ تەنگانەیەدا بەقەد راگەیاندنی سەربەخۆیی بۆ كوردستان گرنگ بوو.ئەوەیە سەرۆكی گەورە لەكاتی تەنگانەكاندا دەگەڕێتەوە ناو میللەت و لەناو قووڵایی نەتەوەكەیەوە بەرز و مەزن دەبێتەوە. چونكە دەبێتە باشترین پەناگە بۆ میللەتەكەی.
زۆر خاڵی دیكەی گرنگی مەسعود بارزانی وایان كردووە، كە بە یەكێك لە بەهێزترین سەرۆكەكانی سەدەی بیست و یەك ناوزەد بكرێت، چونكە ئەركی سەختی مەسعود بارزانی دروستكردنی ئەو قەوارە سیاسییەیە كە بە درێژایی مێژوو لێیان زەوت كردین،بارزانی بە حیكمەتەكانی خۆی خەریكە وەریدەگرێتەوە، بۆیە دەبێت هەموومان بۆ ئەو سەرۆكە ئامادەی قوربانیدان بین، مادام ئەو بۆ گەلی كوردستان لە خەباتی نەپساوەو قوربانیدانە .