سەرۆكایەتی ئیئتیلافی یەكگرتوو

سەرۆكایەتی ئیئتیلافی یەكگرتوو
ئەو شێوازەی كە ئیئتیلافی یەكگرتووی عێراقی پێ بەڕێوە دەچێت شاراوە نییە، بەتایبەتی لەلای ئەو كەسانەی كە ئاگاداری رێڕەوی ئەو ئیئتیلافەن، كە لەسەرەتادا لەحزبی دەعوە بە هەردوو باڵی ئیسلامی و رێكخستنی عێراق و رەوتی سەدر و حزبی فەزیلەو هەندێ لەكەسانی سەربەخۆ پێكهاتبوو، ئەمە سەرەڕای ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی بەگشت پێكهاتەكانییەوە، وەك دەزگای شەهیدی میحراب و رێكخراوی بەدر.
شێوازی بڕیار وەرگرتن لەناو ئەو ئیئتیلافە و بەشداری هەندێ لەلایەنە سەرەكییەكانی لەگەڵ چەند لایەنێكی دیكەی دەرەوەی ئەو ئیئتیلافە لەچەند بەرەیەكی ئاست بەرزدا، دوو هۆكاری سەرەكین كە وایانكرد ئەو ئیئتیلافە لاواز بێت و لەیەك بترازێ و چەند لایەنێكی لێ دەربچێ وەك رەوتی سەدر و حزبی فەزیلە.
ئەو تەوافوق و رێككەوتنەی كە پەیڕەوی ناوخۆی ئیئتیلافی یەكگرتووی عێراق ئاماژەی پێكردبوو، وای لەگشت لایەنەكانی كرد بۆ سەرۆكایەتیكردنەكەی تەنازول بۆ سەید عەبدولعەزیز ئەلحەكیم بكەن، ئەمە سەرەڕای چەند هۆكارێكی دیكە كە بەر لەهەموویان:
1-سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵایە، كە ئەو كات لەرووی جەماوەرییەوە لە پێش حزبی دەعوە بوو.
2-بە تەمەنترین كەس بوو لەسەركردایەتیەكەی .
3-بەها ئیعتبارییەكەی لەسەركردایەتی كردنی لەلایەن كەسێكی بنەماڵەی ئەلحەكیم.
لەبەرامبەردا سەرۆكایەتی وەزیران درا بە حزبی دەعوە، بەتایبەتی پاش ئەوەی رەوتی سەدر ئەو پۆستەی رەتكردەوە، نەوەكو یەكێكی ئەو لەو پۆستەدا نەتوانێ بەدروستی هەڵسوكەوت لەگەڵ هێزی هاوپەیماناندا بكات و ئەم هەڵسوكەوتەش ببێتەهۆی تێكچوونی پەیوەندییەكان، كە ئەمەیش هەمان هۆكار بوو كە وای لە موقتەدا سەدر كرد، واز لە هەموو پۆستێكی سیاسی بێنێ، كە تایبەتمەند بوو بە ئیئتیلافی یەكگرتووەوە، كە ئەمەیش لە بەرژەوەندی ئەنجوومەنی باڵا بوو و پێگەیەكی دیكەی پێ بەخشی سەرەڕای ئەم پەیوەندییە رووكەشە، ناكرێ بڵێین كە هەر یەك لە دوو ستوونە سەرەكییەكەی ئیئتیلاف، حزبی دەعوەو ئەنجوومەنی باڵا دیدێكی جیاوازیان نەبوو دەربارەی چۆنییەتی بەڕێوەبردنی ئیئتیلاف و شێوازی بڕیار وەرگرتن تیایدا، هەروەها لەچۆنییەتی بەڕێوەبردنی حوكمی عێراق لەرێی سەرۆكایەتی وەزیران و دەستەی سەرۆكایەتییەوە.
بەدرێژایی تەمەنی ئەو ئیئتیلافە، هەوڵی وەرگرتنی بڕیار بەشێوەیەكی تاكڕەوانەو لەچەند مەسەلەیەكدا دووبارەبوونەوە، وەك پشتگیریكردنی ئەنجوومەنی باڵا لە داواكاری كورد بەلابردنی د. ئیبراهیم ئەلجەعفەری لەپۆستی سەرۆك وەزیران و هەوڵی سەپاندنی د. عادل عەبدولمەهدی لەجێگەكەی و هەروا بەشداری هەردوولا، واتە دەعوەو ئەنجوومەنی باڵا لەهاوپەیمانییە چوار قۆڵییەكە لەگەڵ دوولایەنی كوردیدا بەبێ ئەوەی پرس بەلایەنەكانی دیكەی ناو ئیئتیلافەكە بكەن.
ئەوەی زانراوە ئەو شێوازەی كە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی پێی بەڕێوە دەبرێت جیاوازی هەیە، لەگەڵ ئەو شێوازەی كەحزبی دەعوەی پێ بەڕێوە دەبرێت.
ئەوەی روونە لەناو حزبی دەعوە دا جۆرە پەراوێزێكی فراوان هەیە بۆ دانوستان و بڕیار وەرگرتن كە ئەمەیان لەناو ئەنجوومەنی باڵادا بەدی ناكرێ.
هۆی سەرەكی لەبوونی ئەو جیاوازییە دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندییەكانی ئەنجوومەنی باڵا بە كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە كە یەكێك لە دەرهاوێشتەكانی ئەو پەیوەندییە باوەڕهێنانە بە بیردۆزی ویلایەتی فەقیهـ كە بەدیدی زۆربەی بیرمەندانی شیعە جۆرە دیكتاتۆریەتێكە كە پێی دەگوترێ دیكتاتۆریەتی ئیسلام، كە ئەم پەیوەندییەش رێ بۆ عەمار ئەلحەكیم خۆش دەكات، بۆ ئەوەی جێی باوكی بگرێتەوە لەسەرۆكایەتیكردنی ئەنجوومەنی باڵادا و بەهۆی ئەو نەهجەوەش توانرا حەكیمی كوڕ ببێتە جێگری باوكی وەك هەنگاوێك بۆ ئەوەی لەباری كۆچی دواییكردنی باوكیدا بكرێتە سەرۆكی ئەنجوومەنەكە، ئەمە لەكاتێكدا چەند كەسایەتییەكی دیكەی سیاسی و ئایینی لەسەركردایەتی ئەو ئەنجوومەنەدا هەیە كە توانایەكی رادەبەدەریان هەیە، ئەم شێوازو ئەم نەهجە لەگەڵ شێوازو نەهجەكەی حزبی دەعوەی ئیسلامی یەك ناگرێتەوە كە باوەڕی بەكاری دامەزراوەیی و سەركردایەتییەكی بەكۆمەڵ هەیە وەك ئەمانەش گشتی و مەكتەبی سیاسی، كە ئەمەیش وامان لێ دەكات بە نەهج و شێوازەكەی حزبی عەدالەت و پەرەپێدانی توركیا بیشوبهێنی كە هەردووكیان دەیانەوێ لەژێر پەردەی ئیسلامیدا دەوڵەتێكی مەركەزی بەڕێوە ببەن و گشت نەتەوەكانی دیكەی غەیرە عەرەب لە عێراقدا و غەیرە تورك لە توركیادا لەناو بۆتەی ئەو دەوڵەتە ئیسلامیەدا بتاوێننەوە.
حزبی دەعوە دیدێكی عروبەوی هەیە ئەگەر بۆی بلوێ بەهەموو هێزێكییەوە هەوڵی كەمكردنەوەی دەسەڵاتی كورد دەدات، نموونەی ئەو هەڵسوكەوتەشی زۆرن و پێویست بەدووبارە و سێبارە كردنەوەیان ناكات، هەروا حەز لەحوكمێكی مەركەزی دەكات، كە ئەمەیش دژی حەزو ویستەكانی ئەنجوومەنی باڵایە كە دەیەوێ هەرێمێكی فیدراڵی شیعی لەناوەڕاست و باشووری عێراقدا دابمەزرێنێ.
ئەنجامەكانی دوا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و وەدەستێهێنانی حزبی دەعوە 126 كورسی بەرامبەر بە 53 كورسی ئەنجوومەنی باڵا وایان لەو حزبە كردووە كە لەریزبەندی یەكەمدا بێت پاش ئەوەی كە لەساڵانی رابردوودا لە ریزبەندی دووەمدا بوو، بەتایبەتی لەناوچە شیعەنشینەكاندا، كە ئەمیش لە ئەگەری دامەزراندنی ئەو هەرێمە شیعییەی كەمكردۆتەوە و ئەم ئەنجامەش جێی نیگەرانی كۆماری ئیسلامی ئێرانە.
شتێكی سروشتییە حزبی دەعوە ئاگاداری هەنگاوی دانانی عەمار ئەلحەكیم بێت وەك جێگری ئەنجوومەنی باڵا، كە لە ماوەیەكی كورتدا، ئەگەر ئیئتیلافەكە وەكو خۆی بمێنێتەوە، لەوانەیە ببێتە سەرۆكی ئیئتیلافەكەش و هەروەها بە جدییەت بۆ رێكخستنی ئەولەویاتەكان هەڵسوكەوت بكات كەبەر لە هەموو شتێك بونیادنانەوەی ئیئتیلافی یەكگرتووە بەپێی دەرهاویشتە مەیدانییە نوێیەكان، بە حیسابی ئەوەی كە لەپێش لایەنەكانی دیكەدایە.
بەپلە یەك ئەوەی وا لە حزبی دەعوە دەكات كە سەرلەنوێ ئیئتیلافەكە بونیاد بكاتەوە، رەزامەندی گەڕانەوەی ئەو لایەنانەیە كە پێشتر لێی كشابوونەوە، مادامەكی شێوازی بڕیار وەرگرتنەكە دەگۆڕێ و كەسیش پشتگوێ ناخرێ، بەتایبەتی پاش ئەوەی كە رەوتی سەدر ئەوەی سەلماند كە یاریزانێكی بەهێزە و كەس ناتوانێ پشتگوێی بخات و ئەگەر ژمارەی كورسییەكانی بخرێتە ناو سەبەتەكەی حزبی دەعوە، ئەوا ئەو حزبە دەتوانێ لەبەرامبەر ئەنجوومەنی باڵا زۆرینە پێك بهێنێ.
ناكرێ لەو هاوكێشەیەدا پاشەكشەی ئەنجوومەنی باڵا لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا پشتگوێ بخەین كە هۆكارێكە بۆ دووبارە هەیكەلەكردنی ئیئتیلافی یەكگرتوو لەلایەك و كاریگەری ئەو پاشەكشەیە لەسەر هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران كە بڕیار وایە لە كۆتایی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت.
لەبەرامبەردا پێشكەوتنی حزبی دەعوە بەو جیاوازییە زۆرە حەتمەن لە پێش هەموو لایەنەكانی دیكە دەبێ بۆ وەرگرتنی سەرۆكایەتی ئەو ئیئتیلافە.
پرسیار ئەوەیە: ئایا كاردانەوەی ئەنجوومەنی باڵا لە بەرامبەر هەر ئەگەرێكی وا چی دەبێت؟
لەوانەیە وەڵامی ئەو پرسیارە هێشتا پێویستی بە كاتێكی زیاتر هەبێت، بەڵام دەكرێ لەو رووەوە ئاماژە بە جوڵەی ئەم دواییەی ئێران بكەین، بەتایبەتی دوا سەردانەكەی هاشمی رەفسنجانی بۆ عێراق و دیدارەكەی لەگەڵ سیستانیدا، كە بەقسەی خۆی بۆ دیراسەی ناكۆكییەكانی ئەو هێزانە بوون كە لاگیری لە شۆڕشی ئیسلامی دەكەن و مەبەستیشی لەم قسەیە ناكۆكییەكانی نێوان حزبی دەعوە و ئەنجوومەنی باڵابوو، كە ئێستا سەرەڕای هەندێ مەسەلە، لەسەر هەمواركردنی دەستوور بەشێوەیەك كە رێ بە حزبی بەعس بدات بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران بدات ئەو ناكۆكییانە زیاتر بوونەتەوە، لە كاتێكدا مالیكی ئەنجوومەنی باڵا بەكاركردن بۆ دابەشكردنی عێراق تۆمەتبار دەكات لەبەرامبەردا ئەنجوومەن سەركردایەتی جوڵەیەكی كرد دژ بە مالیكی بە مەبەستی كەمكردنەوەی بودجە و هەروەها دژ بە هەوڵی مالیكی بەدانوستان لەگەڵ بەعسییەكاندا.
ئەو بەرپرسە ئێرانییە كاتێ سەردانی نەجەفی كرد، ویستی سیستانیش هەڵبقورتێنێتە ناو ئەو شەڕەی كە دژ بە مالیكی بەڕێوە دەچێت، هەتا ئەگەر بە لێدوانێكیشی بێت كە تیایدا ئاماژە بەوە بكات كە پێویستە حكومەت سەبارەت بە مەسەلەی هەرێمەكان و دەسەڵاتەكانیان پابەندی دەستوور بێت.
ئێران دژی ویستەكەی مالیكییە بۆ بە مەركەزیەتكردنی دەوڵەتی عێراق، ئەم هەڵوێستەی ئێرانیش لەگەڵ ویستی كورد یەك دەگرێتەوە كە پێیان وایە ئەم ویستەی مالیكی پێچەوانەی دەستوورە كە تیایدا تەئكید لەسەر بەهێزكردنی هەرێمەكان دەكرێتەوە. بەپێی راپۆرتێكی ئەلغەدی ئەردەنی وەنەبێ مالیكی هەستی بەو نیازەی رەفسنجانی نەكردبێ، بۆیە بەو گەرمیە پێشوازی لە رەفسنجانی نەكرد كە سەرۆك كۆمار لێی كردبوو، بۆیە هەر زوو راوێژكارێكی خۆی ناردە واشنتۆن بۆ ئەوەی ئاگاداری بكاتەوە كە كورد بە لاگیری كۆماری ئیسلامی ئێران خەریكی پیلانێكە دژ بە ئەو و ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیش كەپشتگیری لەو هەنگاوەیاندا دەكات.
ئەگەر ئەو راپۆرتەی ئەلغەدی ئەردەنی راست بێ، ئەوا بەو واتایە دێ كە ئێستا حزبی دەعوە یاری لەسەر پەتەكەی ئەمەریكا دەكات و ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیش لەسەر پەتەكەی ئێران.
عەبدولعەزیز ئەلحەكیم خاڵی سەرەكی پەیوەندی بوو لە نێوان ئەمەریكا و ئێران، هەردوولا پشتیان بە نێوانبەرییەكەی دەبەست لە مەسەلەی رێكخستنی هەماهەنگی و هاریكاری نێوان هێزەكانی ئەمەریكا و میلیشیاتی تایفی كە ئێران پشتگیریان لێ دەكات، لە چوارچێوەی هەوڵی هاوبەشی هەردوولا لە هێنانەدی سەقامگیری لە عێراقدا و هەروا لە دابەشكردنی بەرژەوەندییەكان لە نێوانیاندا بەهۆی ئەو هەماهەنگییەش بڕیاروابوو ئامادەكاری پێویست بكرێ بۆ ئەوەی عادل عەبدولمەهدی جێی نوری مالیكی بگرێتەوە، بەڵام ئەمەریكا لەو هەنگاوە پاشگەز بووەوە نەوەكو عێراق بە هاتنی عادل عەبدولمەهدی خۆی لە بازنەی ئێران قەتیس بكات، ئەمە سەرەڕای گرەوی مالیكی لەسەر سەركەوتنی ئۆباما و پشتگیری ئۆباماش و بایەخدانی بە مالیكی وایكرد كە پێگەی ئەنجوومەنی باڵا پاشەكشە بكات.
ئێستا ئەمەریكا و ئێران پێویستیان بە نێوانبەرێكی نوێ هەیە بۆ هەماهەنگی كردن لە نێوان ئەمەریكا و ئێران بەشێوەیەك كە زامنی سەقامگیرییەك بێ لەناو هاوپەیمانی شیعیدا و هەروا زامنی وەدەستهێنانی كورسی پێویست بێ بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ پاش هەڵبژاردنی پەرلەمانی و هەروا چاوخشاندنەوە بە میكانیزمی كشانەوەی ئەمەریكا بۆ ئەوەی سەركەوتن و سەرنەكەوتنی هێزی تر كار نەكاتە سەر هاوكێشەی ئێستا.
دوا پرسیار ئەوەیە ئایا ئێران رازی دەبێ حزبی دەعوە سەرۆكایەتی ئیئتیلافی یەكگرتوو بكات و ببێتە ئەو نێوانبەرەی كە ئاماژەمان پێ كرد؟ وەڵامی ئەو پرسیارەش پێویست بە كات دەكات.
Top