كودەتایەكەی دژ بە مالیكی چی بەس

كودەتایەكەی دژ بە مالیكی چی بەس
پەیوەندی نێوان نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرەو خراپی دەچێت، ئەو پەیوەندییەش تارادەیەكی زۆر هەر بە پەیوەندییەكەی سەردەمی ئیبراهیم جەعفەری سەرۆك وەزیرانی پێشوو دەشوبهێنرێت.
بەر لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان وا بڕیار بوو مالیكی سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و لەگەڵ سەركردایەتی كوردا دەربارەی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان بەغدا و هەولێر گفتوگۆ بكات.
ئەوكات لە لێدوانێكمدا بۆ رۆژنامەیەكی كوردی ئەو سەردانەم بە دوور زانی و گوتم مالیكی تاكۆتایی بە هەڵبژاردن نەهێنرێ و ئەنجامەكەی نەزانرێ سەردانی هەولێر ناكات، ئێستا هەڵبژاردنەكە كۆتایی پێ هاتووە و میدیاكانیش دووبارە باس لەو سەردانەی مالیكی دەكەن، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە بەر دەستمدان بەر لە سەردانەكەی مالیكی شاندێكی حزبی دەعوە سەردانی هەولێر دەكات و ئەو سەردانەش وەك زەمینە خۆشكردن وایە بۆ سەردانەكەی مالیكی.
هەرچەندە چاودێران پێیان وایە ئەگەر ئەو دوو سەردانە ئەنجام بدرێن كێشەكانی نێوان هەردوولا دێنە چارەسەركردن، بەڵام من پێموا نییە ئەو دوو سەردانە بتوانن چارەسەری هەموو كێشەكان بكەن، بەتایبەتی پاش هەڵبژاردن كە مالیكی هەست دەكات ئێستا بەهێزترە و زۆر لایەنیش پشتگیری لە هەڵوێستەكانی دەكەن، چونكە سەرۆك وەزیرانە و بەرژەوەندییەكانیشی حوكم لەسەر زۆر شت دەكەن، بەتایبەتی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی پاش شكستەكەی لە دوا هەڵبژاردندا، ئێستا وازی لە بیرۆكەی بەرپاكردنی كودەتایەك دژ بە مالیكی هێناوە و بەرپرسانیشی قسە لەسەر بەهێزكردنی ئیئتیلافە شیعیەكە دەكەن.
پرسیار ئەوەیە: ئایا هیچ بیرۆكەیەك بۆ بەرپاكردنی كودەتا دژ بە مالیكی لە ئارادا بوو یان نەء؟
ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی كە هیچ كاتێك نە لەگەڵ جەعفەری و نە لەگەڵ مالیكی و نە لەگەڵ حزبی دەعوە بە باڵە جیاجیاكانییەوە زۆر تەبا نەبووە، پاش هەڵبژاردنی پارێزگاكان و شكستی ئەنجوومەنی باڵا هەستكرا كە مانەوەی مالیكی مەترسییەكی گەورەیە و ئەگەر زوو بیر لەلابردنەوەی نەكرێ ئەوا پاش هەڵبژاردنی پەرلەمانی كە بڕیار وایە لە كۆتایی ئەمساڵدا بەڕێوە بچێت مەسەلەی لابردنی زۆر بە زەحمەت دەبێ.
هەر چەندە د. عادل عەبدولمەهدی و د. ئەیاد عەلاوی سەرۆكی لیستی ئەلعێراقیە د. فوئاد مەعسوم سەرۆكی هاوپەیمانی كوردستانی و هەروا هادی ئەلعامری سەرۆكی رێكخراوی بەدر ئەوەیان رەتكردەوە كە هەوڵێك یان پلانێك لە ئارادابێ بۆ لابردنی مالیكی لە پۆستی سەرۆك ئەنجوومەنی وەزیران، بەڵام عزەت شابەندەر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە لیستی ئەلعێراقییە، بوونی ئەو هەوڵە یان ئەو پلانەی پشت راست كردەوە.
عزەت شابەندەر لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی ئەلشەرقولئەوسەت ئەوەی راگەیاند كە مالیكی بە هەموو هێزێكییەوە دژ بە هەڵبژاردنی ئەیاد ئەلسامەڕائی پاڵێوراوی حزبی ئیسلامی عێراق بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران وەستا و راشیگەیاند كە ئەلسامەڕائی بەشێك بوو لە سەفقەیەكی كورد و ئەنجوومەنی باڵا و چەند هێزێكی دیكە كە دەیانویست لە رێی دەنگدانی پەرلەمانییەوە رۆڵی مالیكی لە پرۆسەی سیاسی كەم بكەنەوە، یانیش لە پۆستەكەی لایببەن.
هەر چەند عەباس ئەلبەیاتی لە لێدوانێكیدا ئەم هەوڵەی بە هەوڵێكی نا واقیعی دانا و گوایە بەمەبەستی فشارخستن بۆ سەر مالیكی ئەو قسەیە دەكرێ، بەڵام ئاماژەیەكی زۆر بچووكی دا كە ئەم هەوڵە ئەگەر بشدرێت سەرناكەوێ چونكە متمانە سەندن لە مالیكی بە واتای هەڵبژاردنی سەر لە نوێی پەرلەمان دێت و بەپێی دوا راپرسیش مالیكی چانسێكی زۆری لە پێشە بۆ ئەوەی سەركەوتن وەدەست بێنێ.
راشیگەیاند ئەستەمە ئەم كارە بكرێ، چونكە بەشكاری تایفی كاریگەرییەكی گەورەی هەیە لە پێكهێنانی حكومەت و پەرلەماندا، ئەوەی لە پشت پەردەكانی سیاسەتی عێراقدا روو دەدات، بەتایبەتی لەئەنجوومەنی سەرۆكایەتی و جووڵەی ئەم دواییەی هەندێ لە پەرلەمانتاران و دەستنیشانكردنی ئاراستەی قەوارەكان و رۆڵی مەرجەعییەت لە كێشەكە دا هەموویان تەئكید لەوە دەكەنەوە كە بەكردەوە پلانێك یان هەوڵێكی وا لە ئارادابوو.
سەردانەكەی مالیكی بۆ لای سیستانی و باسكردنی پەیوەندییە خراپەكانی نێوان لیستی ئیئتیلاف دەوڵەتی یاسا لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵا بە سەرۆكایەتی عەبدولعەزیز ئەلحەكیم و نیەتی مالیكی بە كردنەوەی فایلی گەندەڵی دژ بە ئەنجوومەنی باڵا، یەكەم هۆكاربوو كەوای لە ئەنجوومەن كرد كە بیر لە هەوڵێكی وا بكات و دەشیویست ئەم كارە بە هاوكاری كورد و حزبی ئیسلامی و لیستی ئەلعێراقیە و بە پشتگیری مەرجەعیەت ئەنجام بدات.
ئەوەی پەیوەندی بە كوردەوە هەیە دیار و ئاشكرایە، پەیوەندییەكانی لەگەڵ مالیكیدا خراپە، مالیكی بە هەموو هێزێكییەوە دەیەوێ رادەیەك بۆ دەسەڵاتی كورد دابنێ و تەگەرەش بخاتە بەردەم ئەو مەسەلانەی كە سەبارەت بە كورد چارەنووسسازن، بۆیە هەقی خۆیەتی بیر لە كردەوەیەكی وا بكات، بەڵام ئەی سەبارەت بە لیستی ئەلعێراقییە؟
بەپێی ئەو زانیارییەی بەدەستمان كەوتووە، ئەنجوومەنی باڵا بەڵێنی بە د. ئەیاد عەلاوی دابوو كە لە بارێكدا ئەگەر بەشداری لەلابردنی مالیكی بكات و د. عادل عەبدولمەهدی جێی ئەوی گرتەوە، ئەوا پۆستی جێگری سەرۆك كۆماری پێ دەسپێردرێ.
د. ئەیاد عەلاوی بۆ دڵنیابوون لە هەڵوێستی مەرجەعییەت، كە پێی وایە ئەم كارە بەبێ رەزامەندی مەرجەعییەت سەر ناگرێ، هەر زوو سەردانی سیستانی كرد، بەڵام لەو سەردانەیدا هەستی بەوە نەكرد كە مەرجەعییەت پشتگیری لە هەوڵێكی وا دەكات، بۆیە پاش ئەنجامدانی زنجیرە كۆبوونەوەیەك لە نێوان عەبدولعەزیز ئەلحەكیم و د. ئەیاد عەلاوی، هەریەك لە ئەیاد عەلاوی و د. عادل عەبدولمەهدی و هادی ئەلعامری لە چەند لێدوانێكدا ئەم هەوڵەیان رەتكردەوە، هەتا گەیشتە ئەو رادەیەی كە هادی ئەلعامری بڵێ: ئێمە بە هەموو هێزێكمانەوە بەرگری لە مانەوەی مالیكی دەكەین و ئیئتیلافی یەكگرتووش بەهێزتر دەكەین..!
باشە بۆ ئەنجوومەنی باڵا دەیویست ئەوكارە بكات و دواتر لێی پاشگەز بووەوە؟
ئەنجوومەنی باڵا لەوە دەترسا نەوەكو سەركەوتنەكەی مالیكی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا دووبارە ببێتەوە و بەمەیش ئەنجوومەنی باڵا بخاتە هەڵوێستێكی لاوازەوە، كە ئەو كاتیش لابردنی لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ئەستەم دەبێت.
هەروەها ئەنجوومەن پێی وابوو جوولەی مالیكی بەگێڕانەوەی رەوتی سەدر و حزبی فەزیلە و هاوپەیمانی بەستن لەگەڵ ئەنجوومەنی دیالۆگ بەسەرۆكایەتی خەلەف ئەلعەلەیان هەڵوێستی دژە دۆستەكان تێك دەدات بەشێوەیەك كە پێیان ناكرێ وەكو پێشوو بە ئازادییەوە بجوولێن، بۆیە هەر لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی پارێزگاكان، ئەنجوومەنی باڵا و هەندێ لایەن كەوتنە خۆ و سوودیشیان لەو جووڵەیەی مالیكی وەرگرت بە بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ رەوتی سەدر و فەزیلە و ترساندنی سیستانی لەو هاوپەیمانییە نوێیەی مالیكی كە دەیەوێ جێی ئیئتیلافی یەكگرتوو بگرێتەوە.
راستە ئەو هاوپەیمانییە نوێیە بیرۆكەی موقتەدا سەدرە و ئەو بیرۆكەیەشی لە نامەیەكیدا كە بۆ ئیئتیلافی یەكگرتوو و ناردبووی خستبووەڕوو، بەڵام لە واقیعدا بیرۆكەی موقتەدا و مالیكی بوو، مەبەستیش راكێشانی بەرەكە بوو لە بن پێی ئەنجوومەنی باڵا.
حەیدەر ئەلعبادی كە سەركردەیەكی ناسراوی ناو حزبی دەعوەیە و یەكێكە لەو كەسانەی كە لە مالیكی نزیكە دەڵێ: ئێمە ئیئتیلافێكی نوێمان گەرەكە كە پشت بە چەند بنچینەیەكی نوێ ببەستێ، بە ئیعتباری ئەوەی كە ئیئتیلاف ئێستا لە بارودۆخێكدا هاتبووە ئارا كە جیاوازە لەگەڵ بارودۆخی ئیستادا.
سەبارەت بەوەش كە ئایا ئەو دیدەی حزبی دەعوە ئەنجوومەنی باڵاش دەگرێتەوە یان نەء؟ ئەلعبادی دەڵێ: ئێمە ئامادەین دانوستان لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵادا بكەین، بەڵام لەسەر بنچینەیەكی نوێ، نەك بنچینە كۆنەكە، كە ئەمەیش ئاماژەیەكە بۆ ئەو كەشەی كە لە ساڵی 2005دا باوبوو، واتە ئەو كاتەی شەعبیەتی ئەنجوومەنی باڵا لەشەعبیەتی حزبی دەعوە زۆرتر بوو.
بەهەرحاڵ پێنەكردنی چرای سەوز بۆ عەبدولعەزیز ئەلحەكیم و هەروا بۆ د. ئەیاد عەلاوی لەلایەن سیستانییەوە و هۆشداری دان بە مالیكی كە لە ریزی ئیئتیلافی یەكگرتوو دەرنەچێ وای لە ئەنجوومەنی باڵا كرد كە لەو هەوڵی خۆی پاشگەز ببێتەوە و خەریكی رێكخستنی ناوماڵی شیعە بێ، بۆ ئەم مەبەستەش كۆبوونەوەیەكی ئەو ئیئتیلافە بە ئامادەبوونی مالیكی گرێدرا و تەئكید لەسەر گرنگی مانەوەی ئیئتیلافی یەكگرتوو و بەهێزكردنی كرایەوە، ئەویش بە گێڕانەوەی ئەو لایەنانەی كە لێی دەرچووبوون.
ئەوەی پێویستە بگوترێ، سەرەڕای هەڵوێستی سیستانی، ئەو لایەنانەی كە باسمان كردن نەیاندەتوانی بۆ لابردنی مالیكی دەنگەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران وەدەست بێنن، بەڵكو بۆ ئەنجامدانی ئەو كارەیان پێویستیان بە دەنگی تر هەبوو كە نەدەكرا وا بە ئاسانی وەدەستی بێنن.
لایەنە بێ لایەنەكان لەو شێوازەی كە دەویسترا بە هۆیەوە پلانەكە جێبەجێ بكرێ دوودڵ بوون، ئەمە سەرەڕای مەترسیان لەو كارتانەی كە دەكرا مالیكی بە سەركەوتوویی بەكاریان بێنێت و بارەكە بەسەر نەیارانیدا سەرەوژێر بكات.
با ئەوەشمان لە بیرنەچێ، ئەو لایەنانە لە ئاراستە نەتەوەییەكەی دوو حزبە كوردییەكە دەترسان، بەتایبەتی هەندێ لایەنی عەرەبی سوننە لە كەركووك و مووسڵ و دیالا و هەروەها لە ئاراستەكەی حزبی ئیسلامی كە دەیەوێ هەر بەخۆی دەست بەسەر بەركەوتی عەرەبی سوننە بگرێ.
لەلایەكی دیكەوە، هەموو ئەو لایەنانە، بێجگە لە كورد، بەهێزبوونی ئەنجوومەنی باڵایان بەرامبەر بە مالیكی پێی ناخۆش نییە، ئەویش لەبەر چەند هۆیەك، كە بەر لە هەموویان پرۆژە فیدراڵیەكەی ناوەڕاست و باشوورە كە ئەنجوومەن بانگەشەی بۆ دەكات و لەم دواییەدا تووشی جۆرە شكستێك بوو.
پرۆژەكەی ئەنجوومەنی باڵا لە دیدی ئەو بێ لایەنانە پێشەكییەكە بۆ دابەشكردنی عێراق و جیاكردنەوەی 10 پارێزگای شیعەنشینی عێراقە بۆ ئەوەی سەر بە حوكمی ویلایەتی فەقیهی ئێران بێت.
هەروا داوای مالیكی بە هەمواركردنی دەستوور بە شێوەیەك ناوەند بەهێزتر بكات لەلایەن چەند قەوارەیەكی پەرلەمانیەوە لاگیری دەكرێ كە نەدەكرا ئەو لاگیرییە لەكاتی دەنگداندا پشتگوێ بخرێ.
ئەمە لە كاتێكدا گیروگرفتی حزبی ئیسلامی لەوەدابوو كە مالیكی رازی نەبووە دەنگ بە پاڵێوراوەكەی ئەو حزبە بدرێ و چەند لایەنێكی سونیش لاگیری لەو هەڵوێستەی مالیكی دەكەن و، پێیان وایە عەرەبی سوننە تەنیا حزبی ئیسلامی عێراق نییە، وەك ئەنجوومەنی دیالۆگ و هەروا ئەنجوومەنەكانی سەحوە و گردبوونەوەی عەشایەری ئەنبار.
بەكورتی، ئێستا كورد بەتەنیا ماوەتەوە، ئەنجوومەنی باڵا خەریكی رێكخستنەوەی پەیوەندییەكانییەتی لەگەڵ مالیكی و عەلاویش دەڵێ ئەگەر ئەلتەرناتیڤێكی دیكە نەبێ و بارەكە لە بنەڕەتەوە نەگۆڕێ گۆڕینی مالیكی هیچ سوودێكی نابێ و حزبی ئیسلامی عێراقیش وەك پێشان ئەو پێگەیەی نەماوە كە هەیبوو، بۆیە هەقە كورد بە وردی لەسەر ئەو مەسەلەیە بووەستێ و بڕیارێكی گونجاوی بۆ بدات.
Top