هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا
ئەمڕۆ یەكەم رۆژی دەستپێكردنی پڕوپاگەندە كردنەكردنە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق، كە (14) پارێزگای عێراق ی بەخۆوە گرتووە و، پارێزگای كەركوك و سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستانیش جارێ وەكو خۆیان دەمێننەوە، لەم (14) پارێزگایە، (504) قەوارەو لیست و كەسایەتی جیاواز بەشداری تێدا دەكەن، ئەم پڕوپاگەندانە بەردەوام دەبێت تا 29/1/2009 و رۆژی 30/1 كۆتایی بە هەڵمەتی راگەیاندن دێت و رۆژی 31/1 پڕۆسەی هەڵبژاردنەكە دەستپێدەكات.
بوونی (504) لیست و قەوارەی جیا جیا لە یەكتر، گوزارشت لەو جیاوازییە قووڵانە دەكات كە لە نێوگرووپ و كۆمەڵ و پێكهاتەكانی خەڵكی عێراق دا رەگی داكوتاوە، ئەو خەڵكەی كە هیچ بەرژەوەندییەكی هاوبەش نییە ئارەزوومەندانە كۆیان بكاتەوە، بۆیە ناكۆكییەكانیشان هەمیشە وەك پشكۆی ژێر خۆڵەمێش وان و لەگەڵ هەر كزەبایەكدا دەگەشێنەوە، ئەوە نییە لەگەڵ هەر گوتارو لێدوانێكی سیاسی یا لەگەڵ هەر جوولەیەكی سەربازی یا ئیداریدا پشكۆكان دەگەشێنەوە؟
پێكهاتەكانی عێراق زۆر لەیەك جیاوازن، بۆیە بەرژەوەندییەكانیشیان لەیەك جیاواز دەبن، بوونی ئەم جیاوازییانەش لە بوونی (504) لیست و قەوارەی جیا جیادا رەنگی داوەتەوە .ئەمەش بمانەوێ و نەمانەوێ قەیران و تەنگژەی ناسنامەی دەوڵەت نیشاندەدات، قەیران و تەنگژەی یەكێتی نیشتمانی (یەكێتی دەوڵەت) نیشاندەدات، قەیرانی هەرە گەورەش لەوەوە دەستپێدەكات كە نەتوانرێ بەرژەوەندی هاوبەش بۆ تەواوی گرووپ و كۆمەڵ و نەتەوەو لایەنەكان دابین و مسۆگەر بكرێ.راستە هونەرە بتوانرێ بەرژەوەندی هەموان مسۆگەر بكرێ، بەڵام مەحاڵیش نییە، لە حكومەتێكی دیموكراتیدا دەتوانرێ بڕێكی زۆری ئەو داخوازییانە دابین بكرێن و ئەو كاتە ئینتیمای نیشتمانیش قایمتر دەبێت .كەچی ئێستا عێراق وڵاتێكە لە جیاتی سەرقاڵی دابینكردنی بەرژەوەندییەكان بوایە بۆ تەواوی پێكهاتەكانی عێراق، كە ئەمەش بە دیموكراسی و بەشداریكردنی راستەقینەی لایەنەكان لە حوكم و راوێژ پێكردنی هەموان تا رادەیەك دەهاتەدی، (هەرچەندە لە وڵاتێكی رۆژهەڵاتیی وەكو عێراق زۆر زەحمەتە بەرژەوەندی هەموو ئەو پێكهاتانە بەم هەموو بەرژەوەندییە جیاوازانەوە بێنە دی)، كەچی دەبینین مەیلی تاكڕەوی لە حوكمڕانیدا زیاتر زاڵەو پانتاییەكانی دیموكراسی رۆژ لە دوای رۆژیش بەر تەسكتر دەبێتەوە، ئەوەتا مالیكی ئەوەندەی سەرقاڵی بەهێزكردنی ناوەندو قایمكردنی دەسەڵاتەكانی خۆیەتی، نیو ئەوەندەش لە خەمی تەبایی و پێكەوەژیانی ئاشتییانەو دروستكردنی ئینتیما بۆ عێراقی نوێ نییە، ئەمەش عێراق بەرەو لەیەكترازان و هەڵوەشانەوە دەبات،نەك پاراستنی یەكێتییەكەی.
ئەمڕۆ كە یەكەمین رۆژی دەستپێكردنی پڕوپاگەندەكردنە بۆ لیستەكان، (كورد گوتەنی هەر یەكەو بە یاری خۆیدا هەڵدەڵێت) ئیتر لەمڕۆوە حەماسی وتارەكان بەرزتر دەبن و ناكۆكییەكانیش بەرامبەر بە یەكتری زەقتر دەبن، دوور نییە حكومەتی مالیكی كە ئەمڕۆ چەندین دامەزراوەی جۆراوجۆری بەدەستەوەیە، پێشێلی زۆر شت بكات بۆ بەرژەوەندی لیستەكەی خۆی بۆ ئەوەی رێگە بۆمانەوەی خۆی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتووش خۆش بكات. بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە، كورد هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوە بێت زۆرترین كەس بەشداری لە هەڵبژاردنەكان بكەن، تا بتوانرێ بەرژەوەندییەكانی خۆی بپارێزێ، چونكە كورتهێنانی كورد لە هەڵبژاردندا بارەكە لاسەنگ دەكات و دروستكردنەوەی پارسەنگەكە بێگومان گومرگانەی خۆی دەوێ، بۆیە كورد گوتەنی تا ماشە هەبێت دەستی خۆت مەسووتێنە، مادام دەتوانین بە هەڵبژاردن پێگەی خۆمان لە عێراقدا دیاری بكەین و بەرژەوەندییەكانمان بهێنینە دی، بۆچی زۆر بە تاسەوە بەشداری نەكەین، كە باشترین رێگایە بۆ ئەوەی مالیكی-ش پێ بهێنینەوە سەر خەت.
Top