حوكمڕانی و ئایندەی كوردستان
February 23, 2010
وتار و بیروڕا
ناڵێین ئەم دەستكەوتە هی تەنها كەسێك یا سەركردەیەكە، ئەوە شاراوە نییە ئەو هەماهەنگییەی ئێستا لە نێوان هەموو لایەنە سیاسییەكاندا هەیە، باشترین هۆكارن بۆ بەردەوامبوون و ئینجا پێشخستنی ئەو حوكمڕانییە، هەموو ئەو كارە باشانەی دەكرێن، ئەگەر بەرنامەیەك بۆ پاراستن و پێشخستنیان رەنگڕێژ نەكرێت، بە دڵنیاییەوە ئەوەی ئەو چەند ساڵە بونیادیشمان ناوە لەسەری دادەنێین و دەست بەتاڵ لێی دێینە دەر .بەڵام خۆشبەختانە جۆری ئەو حوكمڕانییەی كە لە كوردستاندا پیادە دەكرێت، هیچ ترس و گومانێكی نەهێشتۆتەوە.
راستە خەڵك بەلایەوە گرنگە حكومەتەكەی زیاتر لە ئێستا شەفاف بێت، كارە خزمەتگوزارییەكانی زیاتر لە ئێستا بێت و، ببینە نموونەیەك نەك هەر بۆ ناوچەكە بەتەنها بگرە بۆ جیهانیش، ئەمانە خەونی خۆشن، بەڵام هەمووشمان دەزانین حكومەتێك كە تەنها شەش حەوت ساڵێكە متمانەی خەڵكی وەدەست هێناوە كە بەردەوام دەبێت و ساڵ لە دوای ساڵیش باشتر پێشدەكەوێ، هیچ لۆژیكێك نییە، ئەم حكومەتەی كە هێشتا گرفتە هەرێمییەكان وەك تەونی جاڵجاڵۆكە دەوریان داوە و ناهێڵن هەناسە بدات، ئێمە بێین بەراوردی بكەین لەگەڵ هەر حكومەتێكی تر كە لانی كەم تەمەنی حوكمڕانییەكەی لە دوای شەڕی دووەمی جیهانییەوەیە.
ئەمە سەرباری ئەوەی ئەو كۆمەڵگایانەش دەمێكە قۆناخی دەرەبەگیان بڕیوەو پێیان ناوەتە قۆناخی سەرمایەدارییەوە، ئاخر لە كۆمەڵگایەكی دەرەبەگیدا ناتوانرێ نەوت بەرهەمبهێنیت و ئاسن (ئۆتۆمبێل یا دەبابە یا...یا....)ی پێ دروست بكەیت .بۆیە داگیركەرانی كوردستان بۆ ئەوە كوردستانیان داگیرو پارچە پارچە كرد، تا ماوەیەكی زۆر درێژ لە قۆناخی دەرەبەگیدا بچەقین و نەگەینە قۆناخی سەرمایەداری، چونكە ئەمە یاسای ژیانە دەوڵەت لە قۆناخی سەرمایەدارییەوە دروست دەبێت نەك لە قۆناخی دەرەبەگی، لە سەدەكانی رابردوودا ئەو هەموو میرنشینانەمان هەبوو بەڵام چونكە لە قۆناخێكی كشتوكاڵی و دەرەبەگیدا بوون، نەك هەر نەیانتوانی دەوڵەتی كوردی دابمەزرێنن، بەڵكو ئاسۆی بینینیشیان وا نەبوو بیرێكی جیدی لێبكەنەوە.
راستە هێشتا ئێمە نە خاوەن دەوڵەتین و نە خاوەن حكومەتێكی بە فەڕمی دانپێدانراویشین لە لایەن نزیكترین حكومەت كە بەغدایەو هەر بەو عەقڵییەتە مامەڵەمان لەگەڵ دەكەن كە لە هەموو كاروبارەكانی خۆماندا مۆڵەت لەوان وەربگرین و ئەوانیش خێرمان پێ بكەن، ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئێستا هەوڵەكانی خۆی لەوەدا چڕكردۆتەوە، كە لە لایەك كورد ببێتە نەتەوەیەكی بەرهەمهێن، كە ئەمەیان زۆر گرنگە، لە لایەكی تریشەوە بواری گەشەپێدان و ئاوەدانكردنەوەو پەروەردەو تەندروستی و پەرەپێدانی مرۆیی و كاری كۆمەڵایەتی و خۆشگوزەرانی خەڵك بەگشتی لە قۆناخی بەرەوپێشچوونێكی باشن، بەڵام ناكرێت باس لە بەرەو دەوڵەتبوونمان بكەین، ئەگەر بواری بازرگانی و سەرمایە لە كوردستاندا لەوپەڕی نزمیدا بێت، سەرمایەداریش بەوە نابێت خاوەنی پارەیەكی زۆری بلۆككراوبیت(واتە هەڵتگرتبێت و نەیخەیتە گەڕ) ئەمە لە قۆناخی دەرەبەگیش هەیە، بۆیە سەرمایەداری بەوە دەبێت لە لایەك سەرمایەكەت لە پڕۆژەی گەورەو ستراتیژی دوورخایەن خەرج بكەیت، لە لایەكی تریشەوە كۆمەڵگە كۆمەڵگەیەكی بەرهەمهێن بێت، نەك نا بەرهەمهێن، ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان بەو ئاراستەیەیە، پڕۆژەی زۆر گەورەو ستراتیژی لە كوردستان هەن كە زۆر دەخایەنن، هەروەها هەموو ئاسانكارییەكیش دەكات بۆ ئەوانەی كە دەیانەوێ سەرمایەكەیان لە كوردستانی خۆیان بخەنە كار، تا ئەم ئاراستەیە بەردەوام نەبێت و كۆمەڵگە لە قۆناخی كشتوكاڵی-دەرەبەگی دەرنەچێت و بە تەواوی نەچینە ناو قۆناخی سەرمایەدارییەوە، بوونی دەوڵەتی كوردی لە خۆهەڵخەڵەتاندن بەو لاوە رەنگە شتێكی ترمان بۆ بەرهەمنەهێنێ، بەڵام ئەوەی دووەم كە قۆناخی سەرمایەدارییە، پێم وایە بێ ئەوەی جارێكی تر قوربانی لەبن نەهاتوو بدەین دەتوانین وەدەستی بهێنین، بۆیە ئینتیمای نیشتیمانیمان ئەوەمان لێ دەخوازێ، لە كاتێكدا پێویستە داوای باشتركردنی ئەدای حوكمڕانی بكەین لە كوردستاندا و تێبینییەكانمان بەرزبكەینەوە، بەڵام دەشبێت هانی هاوڵاتی بدەین هاوكاری حكومەت بێت بۆ سەرخستنی بەرنامەو پڕۆژەكانی بۆ گەیاندنی كۆمەڵگە بە كۆمەڵگەیەكی بەرهەمهێن، كە بێشك ئەوكات لە خەونی سەدان ساڵەشمان نزیكدەبینەوە كە دەوڵەتی نەتەوەیی خۆمانە.