گەردەلوولە داراییەكەی ئەمەریك
February 23, 2010
وتار و بیروڕا
هەر ئەو بەرپرسانە پێیان وایە كە ئەو تەنگژە داراییەی ئەمەریكا ئەگەر چارەسەرێكی بەپەلە و گونجاوی بۆ نەدۆزرێتەوە لەوانەیە كار بكاتە سەر ئابووری گشت جیهان و ببێتە هۆی هاتنە كایەی جیهانێكی نوێ.
لەراستیدا كەس هەستی بەو تەنگژە گەورەیە نەدەكرد، شتێكی كتوپڕ بوو كە جاربەجار تووشی سیستەمی سەرمایەداری دەبێت، تەنگژەكەش كە هەندێ لە ئابووریناسانی، جیهان بەگەردەلوولی دارایی ناوزەدی دەكەن پەیوەندی بەم ئیدارە یان ئەو ئیدارە، یانیش بەم سەرۆك و ئەو سەرۆكەوە نییە، بەڵكو هەر وەكو ئەو كەسە بێت كە بەبێ بانگهێشت كردنی ئامادەی داوەتێك بێت.
سەرۆك بووش بۆ دەرچوون لەو تەنگژەیە بەدوای 700ملیار دۆلار دەگەڕێ كە ئەمەیش لە مێژووی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا پارەیەكی زۆرە و كۆنگرێسی ئەو وڵاتەی تووشی نیگەرانی كردووە، نەوەكو وڵات تووشی ئەو بێ بازاڕییە بێ كە لە بیست و سییەكاندا تووشی ببوو.
بمانەوێ یان نەمانەوێ ئێستا مەسەلەی پاشەكشەی ئابووری ئەمەریكا جێی مەسەلەی شەڕی عێراقی گرتۆتەوە، چونكە یەكێكە لەو مەسەلە گرنگانەی كە كاریگەرییەكی زۆر دەكاتە سەر پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمەریكا كە بڕیار وایە لەسەرەتای مانگی تشرینی دووەمی داهاتوودا ئەنجام بدرێت.
بە باوەڕی ئەمەریكییەكان یەكێك لەو هۆیانەی كە بونەتە هۆی ئەوەی مەسەلەی پاشەكشەی ئابووری جێی مەسەلەی عێراق بگرێتەوە ئەوەیە كە گوایە باری ئێستای عێراق لە رووی ئەمنییەوە باشترە، بەتایبەتی پاش پرۆسەی زیادكردنی ژمارەی هێزەكانی ئەمەریكا كە بووە هۆی شكستی هەڵگەڕاوە چەكدارەكان و پاشەكشەكردنی ئاستی توندوتیژی، ناوەڕۆكی ئەو مەسەلەیەش ئێستا لە هەموو كات روونترە بە حوكمی ئەو قسەیەی كە دەیكەن گوایە پیشاندانی هێز حەتمەن سەركەوتنی بەدواوە دەبێت.
بەڵام هەر ئەم جۆرە باوەڕە بوو كە وای لە ئەمەریكا كرد كە ئەو شەڕە لە عێراق بكات.
ئامانجی ئەو شەڕە بە دیارخستنی لایەنی ستراتیژی هێزە عەسكەرییەكە بوو، بەڵام ئەوەی روویدا نەك هەر سنووری ئەو لایەنەی كەشف كرد، بەڵكو ئەم شەڕە سەرچاوەی هێزە راستەقینەكەشی لاواز كرد كە خۆی لە دەسەڵاتی ئەخلاقی دەبینیەوە.
بێ شك رووداوەكانی ئەم دواییە سەر لە نوێ تەئكیدیان لەو مەترسییە شاراوە كرد كە لە رێبازی ئیدارەی سەرۆك بووش بەدی دەكرێ.
هەمیشە ئەوە لەبەرچاوە كە كاتی دەرچوونی ئەمەریكا لە عێراق لەوانەیە بەپێی هەڵبژاردە و ئارەزووی خۆی نەبێت، ئیلا ئەلاهومە بۆ جارێكی دیكە یاسای نێودەوڵەتی پێشێل بكات، ئەمەیش مەسەلەیەكی ترە.
ئەمڕۆ عێراق داوای دەرچوونی هێزەكانی ئەمەریكا دەكات لەماوەی یەك ساڵدا، بەمەرجێ هەر هەموو كشانەوەكە بەكۆتایی هاتنی ساڵی 2011تەواو بێت.
لەوانەیە پاشەكشەكردنی ئاستی توندووتیژی پێشڤەچوونێكی باش بێت و لەوانەشە پرۆسەی زیادكردنی ژمارەی هێزەكانی ئەمەریكا رۆڵێكی گەورەی بینیبێ لەو پێشڤەچوونە، بەڵام هەواڵەكانی ئاستی توندووتیژی كە تائەو ساتەش بەرۆكی عێراقی بەرنەداوە شتێكی حەتمی بوو كە ببێتە سەردێری رۆژنامە جیهانییەكان ئەگەر لە شوێنێكی غەیرە عێراق روویدابا، عێراق تەنیا وڵاتە لە جیهان كە دانیشتووانی هەست بە رۆژێكی خۆش دەكەن گەر بێتو ژمارەی مەدەنییە كوژراوەكانی تەنیا 25كەس بێت.
بەڵكو دەتوانین ئەوەش بڵێین كە رۆڵی زیادكردنی ژمارەی هێزەكانی ئەمەریكا لە كەمكردنەوەی ئاستی توندوتیژی تا ئێستا ئەوەندە روون نییە.
بەڕای من چەند هۆكارێكی تر هەن كە رۆڵیان لە زیادكردنە كە زەقترە، وەك باوەڕهێنان بە چەكدارە سوننەكان تا لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا شەڕی قاعیدە بكەن، بەڵام ئەو پرۆسەیە هەر وەك ستراتیژییەتێكی ترسناك وابوو، بۆیە پێویست بوو ئەمەریكا لە جیاتی پتەوكردنی میلیشیایی تایفی بەدوای حكومەتێكی بەهێزی یەكگرتوو بگەڕێ.
راستە حكومەتی عێراق هەستی بەو مەترسییە دەكرد و هەر زوو دەستی كرد بە گرتنی هەندێ لەسەركردەكانی ئەو میلیشیانە كە ئەمەریكا پاڵپشتی دەكردن، بەڵام ئەگەرەكانی سەقامگیری لە داهاتوودا هەر بەدڵگیری ماونەتەوە.
بەزیادكردنی ژمارەی سەربازەكانی ئەمەریكا وا دانرابوو كە ئەم زیادكردنە هەوڵێكی لەبار دروست دەكات بۆ تەسویەكی سیاسی كە ببێتە بنچینەی هەر سەقامگیرییەك لە مەودایەكی دوورودرێژدا، بەڵام ئەوەی روویدا وا نەبوو، كە ئەمەیش لەگەڵ بەهانەكانی ئەمەریكا یەك دەگرێتەوەو كە پاكانەیان بۆ شەڕی عێراق و هەڵسوكەوتی سەركەوتنی لەو شەڕە دەكرد.
لە واقیعدا تێچوونی عەسكەری و ئابووری بۆ ئەم موغامەرەیە رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر بۆمان روون دەبێتەوە، چونكە هەتا ئەگەر ئەمەریكا سەقامگیری لەعێراقدا بێنێتەدی، نەك هەر زەمانەتی ئەوەی ناداتێ كە سەركەوتنی لەسەر تیرۆردا وەدەستبێنێ، بەڵكو زەمانەتی سەركەوتنیشی ناداتێ لە هێنانەدی ئامانجە ستراتیژییە كۆگرەكاندا.
هەروەها كارەكانی ئەمەریكا لە ئەفغانستاندا بەو شێوەیە نییە كە بەدڵی ئەو وڵاتە بێت، خۆ پاكستانیش هەر زۆر دوورە لەو سەقامگیرییەی كە ئەمەریكا مەبەستییەتی.
زیاتر لەوە، زۆربەی شیكارە سیاسییەكان لەسەر ئەوە رێكن كە بەشێك لەو هۆیانەی بونەتە هۆی ئەوەی روسیا بچێتە ناو بەشێكی خاكی جۆرجیا و پەیدابوونی مەترسی سەرهەڵدانەوەی شەڕی سارد، بڕوای مۆسكۆ بوو بەوەی كە ئەمەریكا بەهۆی مژولی بەدوو شەڕی بێ ئەنجام لە عێراق و ئەفغانستان ناتوانێ وەڵامی روسیا بداتەوە.
بەكردەوە ئاشكرا بوو كە ئەم حیساباتەی روسیا زۆر وردبوو، ئەوەش ئاشكرابو كە دەرامەتی گەورەترین و دەوڵەمەندترین وڵات لە جیهاندا- ئەمەریكا- سنووردارە.
چونكە ئەو شەڕەی كە عێراقی دەكرد بە پشت بەستنی بوو بە ئیئتمان، كە ئەمەیش وایكرد قەرزی نیشتمانی ئەمەریكا لە ماوەی ئەو پێنج ساڵە بەبڕی دوو لە سەرسێ زیاد بكات.
سەرەڕای ئەمە بارەكە بە بەردەوامی بەرەو خراپی دەڕوات و، وا چاوەڕوان دەكرێ كە بوودجە لە كورتی بدات و ئەو كورتهێنانەش تەنیا لە ساڵی 2009دا بگاتە زیاتر لە نیو ترلیۆن دۆلار، ئەمە بێجگە لەوەی كە ئەو شەڕە و بەو شێوەیەی كە كرا بواری مانۆری بەرامبەر بە ئەمەریكا تەسكتر كردەوە، بە تەئكیدیش دەڵێین ئەمە ماوەی پاشەكشە ئابوورییەكە قوڵتر و درێژتر دەكاتەوە.
ئەگەر هەندێ لە ئەمەریكییەكان پێیان وابێ كە پرۆسەی زیادكردنی ژمارەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق سەركەوتنی وەدەستهێناوە و ئامانجەكەی خۆی پێكاوە، ئەوا بەو مانایە دێ كە پێویستە ژمارەیەكی دیكەش بنێرنە ئەفغانستان، بەبێ ئەوەی بزانن كە ئەو فەشەلەی لە عێراقدا كردوویانە بۆ كەمی سەرباز ناگەڕێتەوە، بەڵكو بەپلەیەك بۆ چەند هۆیەكی ستراتیژی.
كەواتە كاتی ئەوە هاتووە ئەمەریكا و ئەوروپا فێری وانە بن لە عێراق، یان ئەو راستییە حاشاهەڵنەگرە بەبیر خۆیان بێننەوە كە گەمەكردن بە چەند پەتێك ئەو سیاسەتە نییە كە سەركەوتن وەدەست بێنێ، رۆژێك لەگەڵ كورد و رۆژێك لە گەڵ سوننە و رۆژێكیش لەگەڵ شیعە، بەراستی تا ئێستا نازانن چۆن سوود لە هاوپەیمانی راستەقینەی خۆیان وەرگرن، مەبەستیشم لێرە ئەمەریكاو بەریتانیایە كە دوولایەنی سەرەكین لە هێزە فرە ڕەگەزەكاندا.
پرسیار ئەوەیە: ئایا ئەمەریكا بیر لە كشانەوەیەكی خێرا دەكات ئەگەر بێتو ئەو گەردەلوولە داراییە بەردەوام بێت و چارەسەرێكی بۆ نەدۆزرێتەوە؟
بە باوەڕی ئێمە هەر كشانەوەیەكی خێرا ئەنجامێكی خراپی لێ دەكەوێتەوە، نەك هەر بۆ عێراق، بەڵكو بۆ گشت جیهان، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی كە ئابوورییان لە فەلەكی ئابووری ئەمەریكا دەسوڕێتەوە، یان ئەو وڵاتانەی كە بە كۆمەكی ئەمەریكا وڵات بەڕێوەدەبەن، خۆ ئەو ئەنجامە خراپە وڵاتانی ئەوروپاش دەگرێتەوە كە سیستەمی داراییەكەی لە هی ئەمەریكا جیاوازترە.
لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی ئەو تەنگژەیە و رەتكردنەوەی پلانی چارەسەركردنی لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەران پشكە ئەوروپییەكان دابەزیوون.
دەنگدەرانی ئەمەریكا كە سەرەتا دژ بە پلانەكەی سەرۆك بووش بوون و پێیان وابوو كە ئەو پلانە هیچ سوودێكی ئەوتۆی لێ ناكەوێتەوە، لەگەڵ دابەزینی بۆرسە هەر زوو هەڵوێستی خۆیان گۆڕی و داوایان لە كۆنگرێس كرد كە دەنگ بە پلانەكە بدەن.
كۆنگرێس دوای رەتكردنەوەكە هەستی كرد كەهەڵەیەكی گەورەی كردووە، بۆیە لە دانیشتنی چوار شەممەی رابردوو رەزامەندی لەسەر دا و ئەنجوومەنی نوێنەرانیش لە دانیشتنی رۆژی هەینی ئەویش بە زۆرینەی دەنگ رەزامەندی لەسەر دا.
سەرەڕای رەزامەندی دان، هەندێ لە سیاسەتكارانی هەردوو حزبی كۆماری و دیموكرات ئەو پلانە بەو پیاوە دەشوبهێنن كە تووشی نەزیف بووبێ و خوێنی بدرێتێ بەبێ ئەوەی ئەو خوێنە سوودێكی ئەوتۆی بۆی هەبێ، لە راستیدا سەرۆك بووش فشارێكی زۆری خستە سەر ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ ئەوەی دەنگ بە پلانە هەموارەكە بدات كە تیایدا هەردوو پاڵێوراو و سەرۆكایەتی ئەمەریكا جۆن مەكین و ئۆباما بەشداربوون، هۆی ئەو فشار خستنەشی بۆ ئەوەبوو جێی پەنجەی لە ماوەی حوكمداری خۆیدا لەسەر ئابووری ئەمەریكا بەجێ بێڵێ.
ئەوەی ماوە بیڵێین ئەوەیە كە راستە ئەم پلانە ئاگری تەنگژەكە یان گەردەلوولەكە دەكوژێنێتەوە، بەڵام گرنگ ئەوەیە كە لە دوای كوژاندنەوەی ئاگرەكە چارەسەری ئاسەوارەكانی بكرێ و لەمەشدا بانكە ناوەندییەكان دەتوانن بەشێوەیەكی عاقڵانە مامەڵە لەگەڵ ئەو مەسەلەیە دا بكەن.
ئەوەی جێی سەرنجە لە كاتی دەنگدانەكەی ئەنجوومەنی نوێنەران كە 263 دەنگ بەرامبەر بە 171 دەنگ بوو، دیموكراتەكان رۆڵێكی سەرەكیان بینی لە دەنگدانەكە نەك كۆمارییەكان، واتە لە كۆی 235 كەس كە دەنگیان دا 172 یان لەگەڵ پلانەكە و 63یش دژی بوون، كەچی كۆمارییەكان لە كۆی 199 كەس كە دەنگیاندا، 91 یان لەگەڵ پلانەكە و 108 یش دژی بوون، كە ئەمەیش وەكو خاڵێكی ئیجابی بۆ دیموكراتەكان تۆمار دەكرێ لە ململانێ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا.
بە هەر حاڵی ئەگەری كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق بەندە بە كاریگەری ئەو پلانەی كە دەنگی بۆدرا.
ئەگەر تا كۆتایی ئەمساڵ ئەنجامێكی باشی لێ كەوتەوە و كۆمارییەكانیش لە هەڵبژاردندا بردیانەوە ئەوە ئەگەرەكە لاواز دەبێت، بەڵام ئەگەر ئەنجامێكی باشی لێ نەكەوتەوە و دیموكراتییەكانیش لە هەڵبژاردندا بردیانەوە ئەوا ئەگەرەكە بەهێز دەبێت، بەتایبەتی ئەگەر زانیمان جۆن بایدن پاڵێوراوی دیموكراتەكان بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی ئەمەریكا دوێنێ بۆ جاری سێیەم داوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكای كرد لە عێراق.