بۆچی مالیكی سوورە لەسەر دروستك

بۆچی مالیكی سوورە لەسەر  دروستك
عێراقی نوێ بریتی بوو لە وڵاتێكی وێران لە هەموو بوارەكانی ژیان كە لە دوای رووخانی سەدامەوە بۆگەلانی عێراق مایەوە، بۆیە چاوەڕوان دەكرا ئیتر عێراقی نوێ، عێراقی دیموكراسی و فیدڕاڵ و بونیادنانەوەو خۆشگوزەرانی و داهێنان بێت، چاوەڕوان دەكرا عێراق بە هەمان ئەزموونی ئەو وڵاتانەدا بڕوات كە دوای شەڕێكی دۆڕاو، پەندیان وەرگرت و وڵاتی خۆیان كردە وڵاتێكی پێشكەوتووی پیشەسازی و تەكنیكی.
كەچی لە دوای رزگاركردنی عێراقەوە، كە ئەوە نزیكەی پێنج ساڵ و نیوە، عێراق هەمیشە بە گرفتە ناوخۆییەكانییەوە دەناڵێنێ و سامانی نەوت رۆژانە بەفیڕۆ دەڕوات، عەقڵیەتی خۆفەڕزكردن بەسەر ئەوی بەرامبەر و سایكۆلۆژییەتی توندوتیژی خەریكە جارێكی تر عێراق بەرەو ئاقارگەلێكی زۆر ترسناك دەبات.
مالیكی لەبیری چۆتەوە لە پەرلەمان دەنگیان بۆداوەو بە جیاوازی تەنها یەك دەنگ بووە بە سەرۆكی وەزیران، ئێستا هەموو بەرنامەی مالیكی بۆ ئەوەیە چۆن بتوانێت لە حوكمدا بمێنێتەوە، بۆیە كاتێك باس لە بەهێزكردنی ناوەند دەكات دەیەوێ لە پەنای ئەو بەهێزكردنی ناوەندەوە خۆی بەهێز بكات، چونكە لە بنەڕەتدا ناوەند بە تەنها هی مالیكی نییە بەڵكو هی تەواوی ئەو لیستانەیە كە دەنگیان هەیە لە پەرلەمان، بەڵام ئەوەی مالیكی دەیكات لە دەرەوەی خواستی ئەو هێزانەیە كە بەشدارن لە حوكم، بۆ نموونە لەو شوێنانەی حیزبی ئیسلامی دەستڕۆیشتوون مالیكی هاوكاری سەحوە دەكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی حیزبی ئیسلامی وەك عەلی حاتەم چەند رۆژێك لەمەوبەر وتی ئەو حزبە سونیانە بە هیچ شێوەیەك نوێنەرایەتی ئێمە ناكەن و ئێستاش شەڕمان لەگەڵ قاعیدەو تیرۆر تەواو بوو جا نۆرەی حزبی ئیسلامییە.ئا لێرەوەیە خەریكە گرفتەكان دەگەنە ئاستێك كە دواتر چارەسەركردنیان ئاسان نییە.
ئەو بەیاننامەیەی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی رۆژی 25/9 بڵاوی كردەوە سەبارەت بە بڕیاروەرگرتنەكانی مالیكی بۆ دروستكردنی ئەنجوومەنەكانی ئیسناد، زۆر زەقە و هەڵكردنی گڵۆپێكی سوور بوو بۆ مالیكی، چونكە مالیكی بە شێوەیەك ئیسناد دروستدەكات كە هیچ پێوەندیان بە دەوڵەتی عێراقەوە نییە بەڵكو راستەوخۆ سەر بە مالیكین، ئەم هێزە زۆرو زەبەندەش راستە مالیكی دەیەوێ بە ئەمریكا بڵێ ئەگەر تۆ سەحوە دروستدەكەی ئێمەش دەتوانین شتی گەورەتریش بكەین، بەڵام ئایا بۆ مالیكی ئاسانە ئیسناد لەبەرامبەر سەحوە لە لایەك و لە لایەكی تر لە بەرامبەر رێكخراوی بەدرو ئینجا هێزەكانی تر بەكاری بهێنێ، ئەوەی جێگەی سەرنجە مالیكی لە بنەڕەتدا مەبەستی بەهێزكردنی دەوڵەتی عێراق (وەك دەوڵەت) نییە، بەڵكو دەیەوێ لە پەنای ئەم قسانەیەوە خۆی بەهێز بكات،ئەوەتا رێككەوتنی ئەمنی نێوان عێراق ئەمریكای لە دەست وەزیری دەرەوە دەرهێناو خۆی سەرپەرشتی دەكات، سووپای عێراق هەر خۆیەتی، هێزی ئیسناد هەر سەر بە ئەون، خەریكە وردە وردە خۆی دەبێتە هەموو شتێك،بۆ ئەمەش هەڵەی گەورە لەوەوە دەستی پێكرد، لەگەڵ دەسپێكی عێراقی نوێ و داڕشتنی دەستووردا، ئەو دەسەڵاتانەی جاران سەرۆك كۆمار هەیبوو، لێی سەنرایەوەو پێشكەشی سەرۆك وەزیران كرا،وەك ئەوەی هەمیشە سەرۆكوەزیرەكانی عێراق پەپوولە ئاسا بووبن، لەبیریان چووبوو سەرەك وەزیرەكانی پێشووی عێراق بە هۆی دەسەڵاتی فراوانی سەركۆمارەكان، سەرۆكوەزیرەكان هیچیان بۆ نەدەكرا.
Top