ناكۆكییەكانی شیعە- شیعە دەربار®
February 23, 2010
وتار و بیروڕا
لەوانەیە ئەو مەسەلەیە بەپێی وەسفی چاودێران ئەو ناكۆكییەمان بۆ روون بكاتەوە كە لە بنەڕەتدا لەنێوان ئەو دوو حزبەدا هەیە.
لە كاتێكدا نوێنەر و لایەنگرانی حزبی دەعوە(رێكخستنی مالیكی) بەرگری لە پێكهێنانی ئەنجوومەنەكانی(ئیسناد) دەكەن، كە پلانێكی تۆكمەیان داناوە بۆ راكێشانی زۆربەی سەرۆك عەشیرەت و لق و پۆپەكانی لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور، ئەوا سەركردەكانی ئەنجوومەنی باڵا تەئكید لەوە دەكەنەوە كە بوونی ئەو جۆرە ئەنجوومەنانە پێویست ناكات، چونكە ئەو پارێزگایانەی كە لێیان دروست دەكرێ باری ئەمنییان باشە و سەقامگیرە.
هەتا چەند سەرچاوەیەكی بایەخدار بەكاری عەشایەری تەئكید لەوە دەكەنەوە كە بێ شك ئەو ئەنجوومەنانەی ئیسناد پەنجەرەیەك دەكەنەوە بۆ ململانێیەكی عەشایەری لە پارێزگاكاندا و سیاسەتكارانیش لەوە دوورتر دەڕۆن و دەڵێن حزبی دەعوەی ئیسلامی لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكان هەوڵی وەدەستهێنانی دەنگی عەشایەرەكان دەدات، ئەویشی لەرێی ئەو ئەنجوومەنانە كە حكومەت دەستی بڵاوە لەگەڵیاندا.
ئەو كۆدەنگییەی كە سەرۆك حكومەتە مەحەلییەكان لێی دەرچوون و نوێنەرایەتی پارێزگاكانی نەجەف و بەغدا و بەسرە و ذي قار و موسەنا ومیسان و واست و دیوانییە و بابلیان دەكرد، پاش بەشداریان لە كۆنگرەی (بەكاراكردنی دەسەڵاتی حكومەتە مەحەلییەكان بەپێی دەستوور، كە لە پارێزگای بابل گرێدرا، دەربارەی ئەوەی كە پارێزگاكانیان پێویستیان بە ئەنجوومەنەكانی(ئیسناد) نییە، چونكە پارێزگاكانیان لەرووی ئەمنییەوە سەقامگیرن، زەقترین بەڵگەیە لەسەر دابەشبوونی شیعە-شیعە لە چەند هەڵوەستەیەكدا، كە ئەمەیش بەپێی چاودێران ئەوە دەگەیەنێ كە نییەت پاكی لە نێوان گشت لایەنە سیاسییەكاندا نییە.
ئەو كۆنگرەیە كە بە چەند راسپاردەیەك كۆتایی پێ هات، بەشداربووان كۆك بوون لەسەر رەتكردنەوەی پێكهێنانی ئەنجوومەنەكانی(ئیسناد) لەبەر ئەوەی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور لە ئەمنیەتێكی باش دان و هیچ داپۆشێكی یاساییش بۆ پێكهێنانی ئەو ئەنجوومەنانە نییە و لەبارێكدا ئەگەر پێویست بە پێكهێنانیشی كرا ئەوا پێویستە ئەنجوومەنی وەزیران یان هەر لایەنێك كە یاسا رێ پێ دەدات، بگەڕێتەوە لای حكومەتە مەحەلییەكان بۆ وتووێژكردن و رێككەوتنی لەسەر پێكهێنانی یان پێك نەهێنانی.
بەپێی زانیاری، گشت پارێزگاران و سەرۆك ئەنجوومەنی پارێزگاكان كە سەر بە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی بوون پێكهێنانی ئەو جۆرە ئەنجوومەنانەیان رەتكردەوە و پێیان وایە كە لەلایەن حزبی دەعوەی ئیسلامییەوە پێكهێنراون، ئەمە بێجگە لە پارێزگاری كەربەلا كە بەیاننامەی رەتكردنەوەكەی ئیمزا نەكرد كە سەر بە حزبەكەی مالیكییە.
حەسەن محرج كە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بابلە لەسەر لیستی رەوتی سەدر دەڵێ: ئێمە ئەوە باش دەزانین كە ئەگەر ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی بەركەوتی هەبوایە لە كێكە عەشایەرییەكە، ئەوا دژی پێكهێنانی ئەنجوومەنەكانی (ئیسناد) رانەدەوەستا و پێشی وایە ئەو ئەنجوومەنانە هیچ داپۆشێكی یاساییان نییە و مەبەستیشی لە پێكهێنانیان هێنانەدی هەندێ ئامانجی حزبی و شەخسییە، واتە كۆكردنەوەی عەشایەرە لە دەوروپشتی حكومەت و حزبی فەرمانڕەوا كە ئەمەیشی هەمان رەفتارەكەی رژێمی پێشووی عێراقە، ئەو پارەیەی كە بۆ پێكهێنانی ئەو ئەنجوومەنانە خەرج دەكرێ بە هەدەردانی پارەی گشتییە كە پێویستە فەرمانگە چاودێرییەكان و دەستەی نەزاهە دژی بووەستن.
بەپێی زانیاری حكومەت. بڕیار دراوە 75ملیۆن دینار وەك وردە خەرجی بۆ هەر ئەنجوومەنێكی پارێزگا تەرخان بكرێت، ئەمە بێجگە لەو مووچانەی كە بۆ ئەندامانانی ئەو ئەنجوومەنانە تەرخان كراوە كە تا ئێستا نازانرێ گوژمەكەی چەندە.
لە راستیدا بیرۆكەی دامەزراندنی ئەنجوومەنەكانی ئیسناد هی مالیكییە و لە دامەزراندنیشیدا دەیەوێ دوو ئامانج بپێكێ:
1- ئەو ئەنجوومەنانە دژ بە ئەنجوومەنەكانی (سەحوە) فیت بكاتەوە كە ئەمەریكییەكان دروستیان كرد، بەتایبەتی لە ناوچە سوننەنیشینەكاندا.
سەرەتا لە ئەنبار دروستكران كە ئەوكات رێكخراوی قاعیدە دەستێكی باڵای هەبوو لەو پارێزگایەدا، دواتر لە ناوچەكانی دیكەش دروستكران، بۆیە ئێستا ئەنجوومەنەكانی ئیسناد بە فەرمانی مالیكی دژایەتی ئەنجوومەنەكانی (سەحوە) دەكەن و لە دوا چالاكیاندا(15)سەركردەی ئەنجوومەنەكانی(سەحوە) یان لە ئەعزەمیە دەستگیر كردووە و وا چاوەڕوانیشی دەكرێ بەردەوامی بە دژایەتیان بدەن، چونكە مەسەلەی یەكخستنیان لەگەڵ هێزە ئەمنییە حكومییەكاندا پێ هەزم ناكرێ، پاش وتوێژێكی زۆری ئەمەریكییەكان لەگەڵ مالیكیدا ئینجا بەوە رازی بوو كە تەنیا20%ی چەكدارانی سەحوە بخاتە ناو هێزە ئەمنی و عەسكەرییەكانی عێراق، مەبەستی مالیكیشی لە وەرگرتنی ئەو رێژەیە بۆ ئەوەیە هاوسەنگی ناو ئەو دوو هێزە زۆر تێك نەچێ و زۆرینەش هەر بۆ شیعە بمێنێتەوە.
بە قسەی دێڤد پترایۆس، سوپای ئەمەریكا مووچەی (99)هەزار ئەندامی ئەنجوومەنەكانی(سەحوە) دەدات، كە مووچەی هەر ئەندامێك 300 دۆلارە.
هەرچۆن مالیكی لە بوونی (سەحوە) لەناو هێزە ئەمنی و عەسكەرییەكانی حكومەت دەترسێ، سەركردەكانی سەحوەش بە هەمان شێوە لە بڕیاری ئەمەریكییەكان دەترسێن بە یەكخستنی ئەنجوومەنەكانیان لەگەڵ هێزە ئەمنی و سەربازییەكانی عێراق، ئەویش نەوەكو ئەو بڕیارە رێ بۆ مالیكی خۆش بكات بە پاكتاوكردنی سەركردەكان كە تا دوێنێ دوژمنی باوە كوشتەی مالیكی بوون، هەتا شێخ سەلاح ئەلعوبێدی كە سەركردەی سەحوەیە لە گەڕەكی دۆرەی بەغدا پێی وایە ئەمەركییەكان بەو بڕیارە ئەندامانی سەحوەیان خستە ناو تەڵەی مالیكییەوە.
چەكدارانی سەحوە هۆكارێكی سەرەكی بوون لە پێشخستنی باری ئەمنی لە بەغدای پایتەخت، ئەمەیش پاش ئەوەی كە توانیان شكست بە قاعیدە و میلیشیاكان بێنن.
ئەمەریكییەكان تا دوێنێ پێویستیان بەو هێزە هەبوو، بەڵام ئەمڕۆ نەء بەبێ ئەوەی بیر لەوە بكەنەوە ئەو سەقامگیرییە ئەمنییەی كە لە ئارادایە بێ بنەمایە و هەر كاتێك ئەگەری تێكچوونی هەیە.
شێخ ئیبراهیم قەرەغۆلی كە یەكێكە لەسەركردەكانی سەحوە لە لەتیفیە ئەو مەترسییانەی سەحوەی بە رستەیەك كورت دەكاتەوە و دەڵێ: ئێستا ئەمەریكییەكان دەیانەوێ بە كەسانێكمان بفرۆشن كە تێنوی خوێنمانن، دەبێ یەك لەو سێ رێیە بگرینە بەر، یان ئەوەتا خۆمان بە كوشت بدەین، یان عێراق بەجێ بهێڵێن، یانیش خۆمان لە رێكخراوێكی سیاسی وەك ئەوەی بەدری سەر بە ئەنجوومەنی باڵا رێك بخەینەوە.
2- ئەو ئەنجوومەنانە دژی رێكخراوی بەدر قیت بكاتەوە، ئەو رێكخراوەی كە هەر چەند ئێستا بە رێكخراوێكی سیاسی دادەنرێ، بەڵام لەناوەڕۆكدا و هەر وەكو پێشان باڵی سەربازی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامییە.
تەقیە دین ئەلمەولا كە سەركردەیەكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامییە بە سەرۆكایەتی عەبدولعەزیز ئەلحەكیم ئەم هەنگاوەی مالیكی بە پێكهێنانی ئەنجوومەنەكانی ئیسناد وەك هەوڵێك لەقەڵەم دەدات بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆی و حزبەكەی، بەڵام لە ژێر پەردەی حكومەتدا.
مەولا هۆشداری ئەوەش دەدات نەوەكو ئەو ئەنجوومەنانە بكرێنە میلیشیای چەكداری و شوێنی ئەو میلیشیانە بگرێتەوە كە بەهۆی كردەوەكانی سەپاندنی یاسا كۆتاییان پێ هات، ئاماژەش بەوە دەكات كە هەموو میلیشیاكان سەرەتا بە پێكهاتەیەكی چەكداری ساكار دەستیان پێكرد، دوایش بەرەبەرە پەرەیان سەند و تا وایان لێهات لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسا كار بكەن.
هەروەها دەڵێ: ئەنجوومەنی باڵا پێی وایە كە ئامانج لەم ئەنجوومەنانە بەهێزكردنی پێگەی حزبی دەعوەیە، نەك حكومەت وەك ئەوەی كە مالیكی دەیڵێ.
شارەزایانی سیاسەت پێیان وایە هەڵبژاردنی ئەو ژمارە زۆرە لەسەرۆك عەشیرەتەكان بۆ ئەوەی بچنە ناو ئەو ئەنجوومەنانە حەتمەن باری ئەمنی پارێزگاكان تێك دەدات و، جۆرە ململانێیەكی عەشایەریش پەیدا دەكات.
هادی ئەلعامری سەرۆكی رێكخراوی بەدر ئەم هەوڵەی حكومەت بە پێكهێنانی ژمارەیەك لە ئەنجوومەنەكانی(ئیسناد) لە پارێزگاكانی عێراقدا بە هەوڵێكی خەتەرناك دادەنێ و پێی وایە لەو مەسەلەیەدا هیچ هەماهەنگییەك لەگەڵ حكومەتە مەحەلییەكانی پارێزگاكان نەكراوە، بۆیە ئەو كارە بە كارێكی نادەستووری و نایاسایی دادەنێ و لەم رەفتارەشیدا پشت بە دەقێكی دەستوور دەبەستێ كە دەڵێ حكومەتە مەحەلییەكان بەرپرسن لە فایلی ئەمنی پارێزگاكانیان، هەروا عامری پێی وایە كە پێكهێنانی ئەو جۆرە ئەنجوومەنانە دەبێ بە پێشنیاری حكومەتە مەحەلییەكان و بە پاڵپشتی حكومەتی فیدراڵ بێ، نەك لەلایەن لیژنەی ئاستەوایی نیشتمانییەوە كە سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە و هیچ پەیوەندییەكیشی بەو مەسەلەیەوە نییە.
عامری دەپرسێ و دەڵێ: ئایا مەبەست لە پێكهێنانی ئەنجوومەنەكانی ئیسناد چییە، بەتایبەت لەو پارێزگایانە كە لە رووی ئەمنییەوە سەقامگیرن؟ وەك پارێزگای كەربەلا كە بەبێ ئاگاداری حكومەتە مەحەلییەكەی، پارێزگار كە سەر بە حزبەكەی مالیكییە دروستی كردووە و لە ژێر چەتری حكومەتیش كاری خۆی دەكات كە ئەمەیش بە پێشێلكردنێكی ئاشكرای دەستوور دادەنرێ.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە بەردەستن، مالیكی خەریكە ئەو ئەنجوومەنانەی ئیسناد لە ناو عەشیرەتە عەرەبیەكانی پارێزگای دیالا و كەركووكیش پێك بهێنێ، رێك لەو ناوچانەی كە لە كورد و عەرەب و توركمان تێكەڵن، بۆ ئەوەی هێزێكی چەكداری لەناو عەرەبەكاندا هەبێ كە ئەمەیش بە هانگاوێكی زۆر مەترسیدار دادەنرێ كە پێویستە هەر لە ئێستاوە كورد بۆ پووچەڵكردنەوەی ئەو هەوڵە كاری جددی بكات، بەینی خۆمان بێت حزبی ئیسلامی عێراق كە لایەنێكی سوننەیە، دژی ئەنجوومەنەكانی سەحوەیە و چاوپۆشیشی لە پێكهێنانی ئەنجوومەنەكانی(ئیسناد) دەكات و پێشی خۆشە ئیسناد رۆڵی لە كەمكردنەوەی دەسەڵاتی (سەحوە) هەبێ.
ناكۆكییەكی زۆر لە نێوان حزبی ئیسلامی و ئەنجوومەنەكانی(سەحوە) هەیە، هەتا لەم دواییەدا شێخ حەمید فەرحان ئەلهایس سەرۆكی ئەنجوومەنی رزگاركردنی ئەنبار لە لێكدوانێكیدا تەئكیدی لەوە كردەوە كە ئەنجوومەن بەڵگەی لەبەر دەستە، كە چۆن حزبی ئیسلامی عێراق پشتگیری لە رێكخراوی قاعیدەی كردووە، ئەو كاتەی كە لە ئەنباردا باڵادەست بووە.
هەروا حزبی ئیسلامی بەوە تۆمەتبار دەكات كە پارەی فەرمانگەكانی حكومەتی لە هەردووشاری رەمادی و فەلوجە خستبووە ژێر دەسەڵاتی رێكخراوی قاعیدە بۆ ئەوەی دژی شێخ و عەشیرەت و ئەفسەرانی سوپای پێشووی عێراق و هێزەكانی پۆلیس و مەدەنییەكان بە كاريبێنی و پێی وایە باشترین بەڵگە لەسەر هاریكاری نێوان هەردوولا ئەوەیە: لەكاتی هەڵبژاردنی ساڵی 2005دا سەدان چەكداری رێكخراوی قاعیدە لە رەمادی و فەلوجە و حەدیثە و قائیم رژانە سەر شەقامەكان و لیستی بەرەی تەوافوقیان دابەش دەكردە سەر هاووڵاتیان و داوایان لێ دەكردن كە دەنگ بەو لیستە بدەن كە حزبی ئیسلامی عێراقی تێدایە.
شیكارێكی سیاسی دەڵێ: مانگی هەنگوینی حزبی ئیسلامی و رێكخراوی قاعیدە كۆتایی پێ هاتووە و ئێستا ئەو رێكخراوە لەبەر چەند هۆیەك دژایەتی ئەو حزبە دەكات كە لە دوا هەنگاودا ئەبوعومەر بەغدادی كە سەركردەی دەوڵەتی عێراقی ئیسلامییە كە لەلایەن كۆمەڵە بزووتنەوەیەكی چەكداری سەر بە رێكخراوی قاعیدە راگەیەنراوە، شەڕی دژ بە حزبی ئسلامی راگەیاندوو و داوای كوشتنی تاریق ئەلهاشمی ئەمنیداری ئەو حزبە و هەندێ لەسەركردەكانی وەك عەلاء مەكی و عەبدولكەریم سامەرائی دەكات.
ئەوەی پێویستە بگوترێت، بیرۆكەی دامەزراندنی ئیسناد لەلایەن مالیكییەوە پاش كردەی (صولةالفرسان) بوو لە شاری بەسرە، كاتێ هەندێ ئەنجوومەنی(سەحوە)ی شیعی لە بابل و كەربەلا و میسان و بەسرە دروستكرد كە بەناو بۆ پشتگیری كردن بوو لە حكومەت، بەڵام لە هەقیقەتدا وا نەبوو و مەبەستێكی سیاسی بە دواوە بوو.
بە كورتی هەر چەند من لە سەرەتاوە لەگەڵ دامەزراندنی سەحوە نەبووم، بەڵام دامەزراندنی(ئیسناد) و هەڵوەشاندنەوەی سەحوە ئاماژەی مەترسیدارن یەك: بۆ ئایندەی ئەمەریكا لە عێراق و دوو: بۆ هەریەك لە ئەنجوومەنی باڵا و كورد، كە پێویستە ئەو سێ لایەنە كار بۆ كەناركردنی مالیكی بكەن، بەتایبەتی كورد دەبێ لە هەوڵی ئەوەدا بێ ئەنجوومەنی باڵا لە مالیكی و حزبی دەعوە دووربخاتەوە و سوودیشی لە مەسەلەی ئیسناد وەرگرێ كە خاڵی ناكۆكی نێوان هەردوولایە و پەنجەرەیەكیش لەگەڵ سەحوە و رەوتی سەدریش بكاتەوە، بەتایبەتی ئەگەر زانیمان هەر لە ئێستاوە ئێران موقتەدا سەدر ئامادە دەكات بۆ ئەوەی جێی مالیكی بگرێتەوە.