11ی ئەیلول لە مێژووی گەلی كوردستاندا،شوێنێكی پڕ بایەخ و گرنگی گرتووە،ئەو شوێنە گرنگەش هەر وا بە سووك و سانایی نەهاتۆتە دی،بەڵكو لە ئەنجامی چەندین ساڵەی خەباتی نەپساوە و ئینجا لەخۆبوردوویی بارزانی نەمر دروست بووە، راستە سەردەمی شۆڕشی ئەیلول قۆناخێكی تەواو جیا بوو لە هی ئەمڕۆ و، خەباتی شاخ بەراورد ناكرێ لەگەڵ خەباتی شار، بەڵام بارزانی كەسایەتییەكی كاریزمی- سیاسی- كۆمەڵایەتی- نیشتمانی ئەوتۆ بوو كە لەتەواوی كوردستاندا وێنەی نەبوو،ئەمەش لە ئەنجامی ئەو تەوازوع و ئەو خۆ نەویستی و دادپەروەری و شەهامەتەیەوە هاتبوو،كە هەمیشە لە هەوڵی رزگاری نیشتمانی و سەرفرازی نەتەوەكەی دابوو، وەك چۆن تا ئەو رۆژەی نەمریی بۆ خۆی تۆماركرد،سەری بەرزی هەر بەرزو بەرزتر دەبوو،دوژمنانی كوردیش بەم هەموو جەبەڕووتەیانەوە كەچی نەیاندەزانی چۆن زەفەری پێ ببەن ،بە شێوەیەك هەرگیز ئەم ئاواتەیان بۆ نەهاتە دی، چونكە بارزانی نەمر هیچ مەرامێكی شەخسی لەو شۆڕشەدا نەبوو كە هەڵیكردبوو،بەڵكو ئازادی و سەروەری خۆی لە ئازادی و سەروەریبوونی نەتەوەكەی خۆیدا دەدۆزییەوە .بارزانی نەمر لە بەرەنگاربوونەوەی سەختیدا هۆشی منە بوو،لە تێكۆشانی جەربەزەییدا گیڤارا بوو(ئەی ئەوە نەبوو بەدەم هاواری كۆماری مەهابادەوە چوو)، لە ئاشتی و راستگۆیی و خۆنەویستیدا ماندێللا بوو، بەڵام ئەو نەمرە خاوەنی میللەتێكی نادیار بوو، خاوەنی خەباتێكی داخراوی میدیاكانی جیهان بوو، ئەو نەمرە دەیزانی تاكە رێگا لەبەردەم كورددا خەباتی نەپساوەو تێكەڵ بوونە لەگەڵ ئازاری نەتەوەكەیدا ،بۆیە تواناكانی خۆی تەنها بۆ حكومەتی سەركوتكار تەرخان نەكردبوو، بەڵكو ئەو شوێنانەی كەوتبوونە ژێر دەسەڵاتی شۆڕشیش دادپەروەری كۆمەڵایەتی تێدا بەرقەرار بوو،كەس نەیدەتوانی زوڵم لە كەس بكات، خۆی لە خەڵكی سادەو ساكاریش جودا نەدەكردەوە، دڵنیام ئەگەر سەردەمی بارزانی نەمر ئەو دوورەپەرێزییەی راگەیاندنی لەسەر نەبوایەو، جیهان وەكو ئێستا سەردەمی شەفافییەت و گەیاندن بوایە، بارزانی دەبووە سیمبولێك بۆ تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمە لە كاتێكدا هێشتا كورد خۆی بە تەواوی لە پەندو وانەكانی بارزانی نەمر ئاشنا نەكردووە!!.
بارزانی نەمر دەستكەوتی زۆر گەورەی بۆ دوای خۆی بە جێهێشت، لە خەباتی سیاسی، لە دادپەروەری كۆمەڵایەتی، لە راستگۆیی و لە خۆ نەویستی،لە سەر بڵندی بەرامبەر دوژمنان، لە شەهامەتی بێ وێنەییدا،هەموو ئەمانە دەستكەوتن بۆ كورد و بۆ سەركردایەتی كوردستان،كە رێك ئەمڕۆ لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستیمان بەو رێنمایی و بەو خۆنەویستی و بەو تێكەڵبوونەی ناو خەڵك هەیە.
بارزانی بۆ هەموو كورد میراتێكی زۆر دەوڵەمەندە، بەڵام ئەم میراتە پێویستی بە دروشمی بریقەدارو دروشمی شۆڕشگێڕانەی رووت نییە، بەڵكو پێویستی بە تێگەیشتن لەو میراتە دەوڵەمەندەو ئینجا هەوڵدان بۆ جێبەجێكردنی هەیە،نەك هەر لە خەباتی سیاسیماندا،بەڵكو لە ژیانی كۆمەڵایەتی و لە تەواوی رەفتاری رۆژانەماندا،ئەگەر ئەمە نەكەین پێم وانییە ئایندەیەكی باش پێشوازیمان لێ بكات كە نەتەوەكەمان چاوەڕوانییەتی. كەواتە ئەگەر تا ئێستاش بە پێی پێویست نەمانتوانیوە،سوود لە پەندو وانەكانی بارزانی نەمر وەربگرین،پێم وایە دەكرێ لەمڕۆ بە دواوە بە ناخی ئەم پرسەدا بچینە خوارەوەو سەرلەنوێ خوێندنەوەیەكی جیدی بۆ بكەین،هەر بەمەش دەتوانرێ ئەم گەلە لەم هەموو نەهامەتی و پڕ دەردەسەرییەیدا، كەمێك ئارام بێت.