یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكان سە
February 23, 2010
وتار و بیروڕا
دواخستنی دانیشتنی رۆژی یەك شەممە3/8ی پەرلەمانی عێراق بۆ رۆژی دووشەممە و دواتر بۆ سێشەممە و چوارشەممە پاش زنجیرەیەك لە نەبوونی تەوافوق و بڕوا نێوان قەوارە پەرلەمانیەكانی عێراق بوو سەبارەت بە وەرەقەی پێشنیاركراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، تایبەت بە كەركووك كە حزبی ئیسلامی عێراق رۆڵێكی سەرەكی بینی لە نەگەیشتنی بەو تەوافوقە.
هەرچەند ئەمەریكا فشارێكی زۆری خستە سەر حكومەتی عێراق بەپەلەكردن لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا، بەڵام بە هیچ شێوەیەك نەیتوانی كۆتایی بە ناكۆكییەكان بێنێ و تەوافوقێك لە نێوان كورد و عەرەبدا دروست بكات.
پاش نەگەیشتنە تەوافوق، ئەمەریكییەكان دەستیان كردووە بە ووروژاندنی ئەو مەترسیانەی كە چاوەڕوان دەكرێن رووبدەن كە پێیان وایە لە وانەیە، قاعیدە ئەو بارە بۆخۆی ئیستقلال بكات.
تۆمی تۆماسی سەركردەی ژمارەی(2)ی باكووری عێراق پێی وایە كە زۆربەی دانیشتوانی ناوچەكە هەستی تۆڵەسەندنەوەیان پێوە دیارە و ئەوەی لە شاری كەركووكیش روویدا لەوانەیە كار بكاتە سەر ئەو ناوچانەش كە تیایدا كورد و عەرەب ناكۆكیان لەسەر سنووری نێوانیان هەیە.
ژەنەراڵ تۆماس تەئكید لەوە دەكاتەوە كە كەركووك وەك شەپۆل كاریگەری خۆی هەیە، ئەگەر بەربەستێكی بۆ دروست نەكرێ لەوانەیە ببێتە هۆی روودانی گیروگرفتێكی زۆر.
گروپی(127)كە تا رۆژی 6ی ئەم مانگە هاوپەیمانی كوردستانی بەوە تۆمەتبار دەكرد كە گوایە تەگەرە دەخاتە بەردەم پرۆسەی هەڵبژاردن، هەر بەخۆی لە دانیشتنی رۆژی چوارشەممە داوای دواخستنی دەكرد.
لە دوایین پێشنیاریدا، نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دروستكردنی تەوافوقێك سەبارەت بە چارەسەركردنی مەسەلەی هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركووك پێشنیاری كرد هەڵبژاردنەكانی شاری كەركووك بۆ ماوەیەك دوابخرێت كە لە مانگی كانوونی یەكەمی 2009تێپەڕ نەكات و لەو ماوەیەشدا ئەم كارانە بكرێن:
1- ئەنجوومەنی پارێزگا بەردەوام بێت لە جێبەجێكردنی ئەركەكانی خۆی.
2- باری پارێزگای كەركووك وەك خۆی بمێنێتەوە.
3- پێداچوونەوەی تۆمارەكانی باری دیموگرافی شارەكە بكرێت.
4- رێز لە سەرجەم ماددە دەستوورییەكان بگیرێت كە پەیوەندییان بە كەركووكەوە هەیە.
5- گفتوگۆكردن بەردەوام دەبن و یاسایەكی تایبەت دەربكرێت دەربارەی كەركووك لە رادەیەكدا كە لە 31ی مانگی تشرینی یەكەمی 2008 تێپەڕ نەكات.
ئەم پێشنیارەی نەتەوە یەكگرتوەكان تا ڕادەیەك لە پێشنیارەكانی دیكەی باشتر بوو، بۆیە لیستی هاوپەیمانی كوردستانی پێی رازی بوو، ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی و حزبی دەعوە بە هەردوو باڵییەوە و هەروا رەوتی سەدریش گشتیان ئامادە بوون دەنگی لەسەر بدەن، بەڵام لایەنەكانی دیكە، بەتایبەتی حزبی ئیسلامی عێراق و بەرەی حیوار و بەشێكی ئەلعیراقیە و گروپەكەی خەلەف ئەلعەلیان و بەرەی توركمانی تەگەرەیەكی دیكەیان لەبەردەم پێشنیارەكە دروست كرد كە بووە هۆی دروست نەبوونی ئەو تەوافوقەی كە پێویست بوو.
گروپی(127)خاڵی پێنجەمی پێشنیارەكەی نەتەوە یەكگرتووەكانی كردە بیانوو و ویستی بڕگەیەكی بۆ ئیزافە بكات كە ئەگەر لەو كاتەی بۆی دیاریكراوە ئەنجام نەدرێت ئەوا دەبێت تەوافوق لە نێوان لایەنەكاندا بكرێت و ماددەی 24ی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانیش كە لەلایەن سەرۆكایەتی كۆماری عێراقەوە ڤیتۆكرا ببێتە ئەلتەرناتیڤی ئەو خاڵە، كە ئەمەیش لەلایەن هاوپەیمانی كوردستانییەوە رەتكرایەوە- بۆیە لەبەرنەبوونی هیچ ئەنجامێك و لەسەر داوای لایەنی سوننی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بەو یاسایە و تایبەت لە شاری كەركووك داوای دواخستنی و پێدانی كاتی زیاتری لەسەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق كراو هەڕەشەی ئەوەشیان كرد ئەگەر جەخت لەسەر دەنگدان لەسەر یاساكە بكرێت ئەوا بەشداری دانیشتنی پەرلەمان و دەنگدان لەسەر یاساكە ناكەن.
هەرچەند لیستی هاوپەیمانی بە پێشنیاری سێیەمی نەتەوە یەكگرتووەكان رازی بوو، بەڵام دوو مەترسی تێدا بوو، بۆیە گروپی(127)جەخت لەسەر ئەو ئەلتەرناتیڤە دەكاتەوە و هەردوو مەترسییەكەش بریتین لە:
1- ئەگەر تا 31ی تەشرینی یەكەم ئەو یاسایە گەڵاڵە نەكرا ئەوا لەوانەیە گومان بخرێتە سەر شەرعییەتی دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك و ئەو كاتە گروپەكە داوای شتێكی تر بكات وەك ئەوەی ئەلتەرناتیڤەكە.
2- لە كاتی گفتوگۆكردن لەسەر ئەو یاسایە مەترسی ئەوە هەیە كە هەمان كێشەكانی پێشوو دووبارە سەرهەڵبدەنەوە.
لەوانەیە خەڵك ئەو پرسیارە بكەن و بڵێن: باشە مادام پێشنیارە (5)خاڵییەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەو كۆدەنگیەی لەسەر بوو و، هاوپەیمانی كوردستانی و ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی و حزبی دەعوە بەهەر دووباڵیەوە و هەروەها رەوتی سەدر و سەربەخۆكان ئامادە بوون دەنگی لەسەر بدەن بۆ دەنگدانەكە نەكرا كە بە زۆرینەی دەنگ دەتوانرا تێپەڕ بكرێ؟
ئەو لایەنانە زۆر باشیان كرد كە ئەمەیان نەكرد، چونكە ئەگەر ئەمەیان بكردایە ئەوا تووشی هەمان هەڵەی گروپی(127)دەبوون و یاساكە دەچووە سەرۆكایەتی كۆمار و ئەمجارە لەلایەن د.تاریق ئەلهاشمییەوە رەت دەكرایەوە و هەمدیسان لایەنەكان دەبوایە لە خاڵی سفرەوە دەست پێ بكەن.
هاوپەیمانی كوردستانی لەو ماوەیەدا دووشتی چاكی كرد یەكەمیان جیاكردنەوەی مەسەلەی بودجەی تەواوكاری لە مەسەلەی یاسای هەڵبژاردن كە زۆر لایەنی دژ پرۆپاگەندەی ئەوەیان دەكرد كە گوایە هاوپەیمانی و لایەنەكانی دیكە دەیانەوێ وەك سەفقەیەك بەكاری بێنن، واتە دەنگ بە بودجەی تەواوكاری نەدەن تا دەنگ بە یاسای هەڵبژاردن نەدرێ و بەمەیش پروپاگەندەكەی لایەنە دژەكانیان پووچەڵ كردووە.
كاری باشی دووەمیان رەزامەندی دانیان بوو، بە پێشنیارەكەی نەتەوەیەكگرتووەكان و بەمەیش بۆ هەموو لایەك ئاشكرایان كرد كە لیستی هاوپەیمانی كوردستان لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنە لە كاتی خۆیدا و قەتیش رێگر نەبووە لە ئەنجامدانی، بەڵام لایەنەكانی دژ ویستیان هەڵبژاردنە بەكار بێنن وشەیەكەش بەسەری هاوپەیمانیدا بشكێنن.
هەر پاش كودەتاكەی رۆژی 22ی تەمموز و لە نووسینێكمدا ئاماژەم بەوەكردبوو كە چەند لایەنێكی سیاسی لەو هەڵبژاردنە دەترسێن نەوەكو دەنگی پێویست لە هەندێ شوێندا نەهێنن، بەتایبەتی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی و حزبی ئیسلامی عێراقی و بەرەی حیوار، حزبە شیعییە كە دەترسێ نەوەكو ئەو كورسییانەی خۆی لە ئەنجوومەنی پارێزگاكانی باشوور بدۆڕێنێ، بەتایبەتی بەرامبەر بە سەدرییەكان كە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2005 دا بەشدارییان نەكرد و بەمەیش ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی توانی دەست بەسەر زۆربەی كورسییەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی باشوور بگرێ، حزبی ئیسلامی عێراق و بەرەی حیواریش بە هەمان شێوە دەترسێن، بەتایبەت لە گردبوونەوەی عەشایەر و پێكهاتەی( ابنا العراق) و (صحوة) لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باكووردا.
هاوپەیمانی كوردستانی لە وتووێژەكانی بەغدا بە زۆربەی پێشنیارەكانی بەر ئەم پێشنیارەی نەتەوەیەكگرتووەكان رازی بوو، بەڵام دوو خاڵی هەبوو كە پێی وابوو بە هیچ شێوەیەك پەیوەندییان بەیاسای هەڵبژاردنەوە نییە:
1- مەسەلەی تەجاوزات لەسەر موڵكی گشتی كە هەندێ لایەن خستبوویانە ناو پێشنیارەكانی پێشوو كە ئەسڵەن كاری دەستەی چارەسەركردنی كێشەی موڵكدارییە.
2- خزاندنی یاسای ژمارە(13) كە تایبەتە بە پێكهێنانی هەرێمەكان و هاوپەیمانی كوردستانی ئەمەی بەكارێكی نایاسایی لە قەڵەم دەدا.
سەبارەت بە خاڵی یەكەم هاوپەیمانی كوردستان پێی وابوو كە ماددەی 58 ی یاسایی ئیدارەی دەوڵەت رێی دابوو بە قەرەبووكردنەوەی ئەو كەسانەی كە لەسەردەمی رژێمی پێشوودا بە زۆری كۆچیان پێ كرابوو پارچە زەوییەكیان پێ بدرێ، لایەنە دژەكان دەیانەوێ ئەو خانووانەی كە لەسەر ئەم پارچە زەوییانە دورستكراون تێك بدرێن.
دەربارەی خاڵی دووەمیش گرووپی(127) خالێكی دانابوو كە ئاماژەی بەوە دەكات كەركووك لە یاسای ژمارەی(13) بەدەرە، واتە ئەو پارێزگایە مافی ئەوەی نەبێت بخرێتە سەر هەرێمێكەوەو ئەو بڕگەیەش بكەنە ئەلتەرناتیڤێكی ماددەی140.
هاوپەیمانی كوردستانی وێرای رەتكردنەوەی ئەمە، هەوڵی دا ئاماژەیەك لە پێشنیارەكەی نەتەوە یەكگرتووەكاندا هەبێ بۆ ماددە دەستوورییەكان، بەتایبەتی ماددەی 140.
قبوڵكردنی هاوپەیمانی كوردستان بە دوا پێشنیاری نەتەوە یەكگرتووەكان تۆپەكەی خستە لای گۆڕەپانی ئەمەریكا چونكە بەو قبوڵكردنەی:
1-ئەمەریكا و بەریتانیا ناتوانن جارێكی دیكە یەخەی كورد بگرن و ئەو هەموو فشارەی بخەنە سەر.
2- كورد نابێ ببێتە هۆكار لە دواخستنی هەڵبژاردنەكان، چونكە هەڵبژاردن داواكارییەكی ئەمەریكا و رۆژئاوایە، شاراوە نییە كە رۆشنبیرییەكی شۆڤینی دژ بە كورد هەیە، بەتایبەت لەلای بژاردەی سیاسییەوە كە پێیان وایە ئەوەی كورد وەدەستی كەوتووە زۆرە.
ئەوەی 22ی مانگی تەمموز سەدمەیەك بوو بۆ زۆرلایەن، ئیئتیلافی یەكگرتوو هەر زوو هەستی بە هەڵەی خۆی كرد و گەیشتە ئەو باوەڕی كە ئەوەی ئەو رۆژە دژبە كورد كرا لەوانەیە دژی ئەویش بكرێ، بۆیە هەرزوو كۆبوونەوەی خۆی كرد و گەیشتە ئەو باوەڕەی كە لەبەرژەوەندی دایە هەمیشە لەگەڵ كورد بێ بەتایبەتی بەرامبەر بە مەدی بەعسییەكاندا، نابێ كەس تەوەقوعی ئەوە لە ساڵح موتڵەگ بكات كە قسەیەكی خێر بۆ كورد بكات، هەرواش سەبارەت بە حزبی ئیسلامی عێراقی.
راستە حزبی ئیسلامی تێدەگات كە ئەمەی دەیكات دژی خۆیشیتی، بەڵام لەبەر هەندێ هۆ دەیكات كە پەیوەندی بەهۆكاری ئەقلیمییەوە هەیە.
ساڵح موتلەگ هیچ كاتێك دژایەتی خۆی بەرامبەر بە كورد نەشاردۆتەوە و زۆر بە روونیش دەڵێ من دژی هەموو شتێكم كە لە قازانجی كورددا بێت.
كاك عارف تەیفور جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆی گێڕامەوە و گوتی: رۆژی22ی تەمموز ساڵح موتڵەگ پرۆژە یاساكەی هەڵبژاردنی پێ بوو و گوتی:
ها كاكە ئێستا چ دەڵێی؟ كاك عارفیش دەڵێ منیش پێم گوت: ئەمە پرۆژەیەكی بەعسییە، ساڵح موتڵەگ لە وەڵامدا پێی گوتبوو: خۆمنیش بەعسیم.
كاك عارف ئەوەشی پێ گوتم كە لە كاتی دەنگدانیشدا ساڵح موتڵەگ هاواریكرد و گوتی: كاكە عارف سەیر بكە ئەو دەنگەم بە ناوی حزبی بەعسەوە دەخەمە ناو سندووقەوە...!!
ئەوەی تێبینی دەكرێ ئێستا رەوتێكی بەعس لە ناو پەرلەمانی عێراق سەری هەڵداوەتەوە كە ئیئتیلافی یەكگرتوو زیاتر لە هەموو لایەنەكانی دیكە هەست بە مەترسی ئەو رەوتە دەكات كە خەریكە ئاراستەی هەڵبژاردنەكانی كەركووك بەرەو ململانێیەكی نەتەوەیی ببات، ئەویش بەدەست لە پشتدانی وڵاتانی ئەقلیمی، كە هەقە ئێمەی كورد حسابێكی ورد بۆ ئەو مەسەلەیە بكەین.
هەتا نوری مالیكی لە دانیشتنێكی بەغدا و هەروەها د. عادل عەبدولمەهدی سەرهەڵدانی ئەو رەوتەیان بە مەترسییەكی گەورە دانا بۆ سەر شیعە و كورد.