ئەركی رۆشنبیر
لەنێوان كۆمەڵگە&
February 23, 2010
وتار و بیروڕا
بەداخەوە تا ئەمڕۆ نەرۆشنبیرانی كورد توانیویانە ببنە نوێنەری چین و توێژەكانی ناو كۆمەڵ ، نە حكومەتیش توانیویەتی بە پێی پێویست سوود لەبیرو بۆچوون و بەرهەمی فیكرییان وەربگرێت ، ئا لێرەدایە وەك (گرامشی) و (بۆتۆمۆر)بەتایبەتی (بۆتۆمۆر) تەئكیدی لێ دەكاتەوە كە رۆشنبیر گرنگترین توێژە لە بینای كۆمەڵایەتیدا و ئینتیمای رۆشنبیران بۆ هەموو چینەكانی ناو كۆمەڵگایە، واتا رۆشنبیر نوێنەری هەموو چینەكانی ناو كۆمەڵە.
لێرە پێویست دەكات لەسەر ئەو خاڵە هەڵوەستەیەك بكەین ، دەبێت ئەو میكانیزمە چی بێت كە وا بكات رۆشنبیر پەیام و پڕۆژەی خۆی لەگەڵ حكومەت تاوتوێ بكات و حكومەتیش هەموو هەلێكی بۆ بڕەخسێنێ تا رۆشنبیر بتوانێ نوێنەرایەتییەكی راستەقینەی خەڵك بێت، دیارە ئەركی حكومەت رێكخستنی كۆمەڵگایە، رۆشنبیریش بەشداری لە دروستكردنی بارودۆخێكی نوێ دەكات ، ئەو بارودۆخە نوێیە بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگایە بۆ ئاستێكی باشتر لە جاران، چونكە حوكمڕانیكردنی باش بە هۆی توانای رۆشنبیرانەوە بنیات دەنرێ. لێرەدا هیچیان بەبێ ئەوی تریان ناتوانن كۆمەڵگایەكی زیندووی بەرهەمهێن و مەدەنی بونیاد بنێن كە جێگەی بڕواپێبوونی هەموو خەڵك بێت ،پێوەندی ئەم دوو لایەش هاریكاریكردنی یەكتری و هەندێ جاریش دروستبوونی ناكۆكییە ، بەڵام ناكۆییەكە تەنها بە مەبەستی باشتركردنی حوكم و نوێنەرایەتیكردنی باشتری خەڵكە، بۆیە پەیوەندی ئەم دوو لایە پێویستی بە رێكخستنەوەیەكی جیدی هەیە، كە تا ئێستا بە پێی پێویست نییە.