لەوەتەی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە، هەمیشەگرنگی بە سیاسەتی رازیكردنی حزبەكانی كوردستانی داوە، بەڵام دوای ئەم ماوەیە كە ئێستا دەتوانین بڵێین قۆناخە تاڵەكانمان بڕیوە، حكومەت پێویستی بە كابینەیەكی كارا و بەتوانا هەیە، چونكە دیموكراسییش كە حزبە كوردستانییەكانیتر (واتە بێجگە لە پارتی و یەكێتی) زۆر باسی دەكەن مانای ئەوە نییە، ئەو لایەنانەی خەڵك بە پێی پێویست دەنگی پێ نەداون، بیانكەی بە حاكمی خەڵك،ئەمە پێچەوانەی دیموكراسییەتە، رەنگ و رووی دیموكراسییەت بەوە جوان دەبێ راو بۆچوونی جودا جودامان هەبێ، بە داخەوە تا ئێستا لە كوردستان گرووپی فشار لە گرووپی ئۆپۆزیسیۆن جیا نەكراوەتەوەو تێكەڵ و پێكەڵییەكی زۆری تێدا بەدی دەكرێت،دەبینی بەشداری حوكمڕانی دەكات و كەچی قاچێكیشی لەناو ئۆپۆزیسیۆنە، لەوەش زیاتر لێرەو لەوێ خەڵك بە ئاراستەی دژايەتيكردنی حكومەت هان دەدات،لە كاتێكدا ئەوخەڵكەی دەنگی بۆ هەردوو حزب (پارتی و یەكێتی) داوەو بە مافێكی رەوای خۆی دەزانێت كە گلەیی و تەنانەت بە مەبەستی باشتركردنی حوكم رەخنەیش لە حكومەت بگرێت، كەچی ئەو حزبانە بەجۆرێك ئەم دەرفەتە دەقۆزنەوە، وەك ئەوەی بڵێی خەڵك تەواو بێزار بووە و داوای گۆڕینی حكومەت دەكەن!! ئا لێرەدا سەر لە داواكارییە راستەقینەكانی خەڵكیش تێكدەچێت و، حزبەكان ئەوەش لە بیرخۆیان دەبەنەوەكە تا ئەو ساتەش ئەوان بەشێكن لەو حوكمەو هەمیشەش داوای ئەوە دەكەن كە مافی بەشداریكردنی زیاتریان هەبێت لەناو حكومەت، نەك تەنها ئەو بەشە بچووكەی پێیاندراوە،كارەساتەكە لێرەیە زۆرجار پرسی بەشداریكردن یا بەشدارینەكردنی ئەو حزبانە تەنها لەوەدا گینگڵیان خواردووە، كە چ وەزارەتێكیان پێ دەدرێ، تا ئێستا نەمانبیستووە، حزبێكی كوردستانی بەشداری لە حكومەتدا نەكات بڵێت لەبەرئەوەی بەرنامەی ئەم حكومەتەمان بە دڵ نییە، كاتێك لە میدیاكانیش قسە و دیمانە دەكەن، واقیعی حاڵ لە خەڵك تێكدەدەن و خۆیان لەو حەقیقەتە دەشارنەوە، كە چارەسەری هەندێ مەسەلە بە سەرەقەڵەمێك یا بە چەند لێدوانێك نابێت، لێرە دەپرسین ئەوئەندام پەرلەمانانەی كە لە دەرەوەی پارتی یا یەكێتین، بەڵكو ئەندامی حزبێكی ترن، چ جیاوازییەكیان هەیە لەگەڵ ئەندام پەرلەمانەكانی پارتی یا یەكێتی؟، یا ئەگەر وەزارەتی كارەبا درا بە یەكگرتوو، یا كۆمەڵ، یا هەر حزبێكی تر گرفتی كارەبا بەڕاستی كۆتایی پێدێت؟ یا ئەگەر وەزارەتی مافی مرۆڤ درا زەحمەتكێشان یا هەر حزبێكی تر جگە لە پارتی و یەكێتی، كۆتایی بە توندوتیژی دژ بە ئافرەتان دێت و گورگ لەگەڵ مەڕ ئاودەخواتەوە؟! ئەگەر وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی درا بە سۆشیالیست، هەرچی گەنجە پڕئیش دەكرێت و، ئەوهەموو گرفتە كۆمەڵایەتییانەی ئێستا هەن یەكسەر چارەسەردەكرێن؟ ئەمانەو زۆر پرسیارگەلی تر هەن ناكرێ خۆمانی لێ غافڵ بكەین، ناشكرێ سەر لە داواكارییەكانی خەڵك بشێوێنین، كە هەمیشە خەڵك داوای باشتركردنی حوكم دەكات لە پێناو زۆرترین كاری خزمەتگوزاری بۆ خەڵك، نەك ئاڵوزتركردنی دۆخەكە.
لەوەتەی باس لە گۆڕینی كابینەی حكومەت دەكرێ، بە مەبەستی ئەوەی خەڵكی پسپۆر و پراگماتیك، وەك دەڵێن كەسی شیاو لە شوێنی شیاو دابنرێت و سیاسەتی رازیكردنی حزبەكان وردە وردە بە كۆتا بێت، دەبینین ئاراستەی گوتاری حزبەكان بە نەفەسێكە كە لەگەڵ حكومەتێكی سیستەماتیكی یەكناگرێتەوە، هەموو گرفتی ئەوان لەوەدایە نەوەك لە حوكمدا پەراوێز بكرێن، یا پۆستێكی گرنگیان نەدرێتێ، كە ئەمە بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ پرۆسەی دیموكراسیشدا یەك ناگرێتەوە، چونكە دەنگیان نەهێناوە.
ئێستا كاتی ئەوە هاتووە گرووپی فشار لە ئۆپۆزیسیۆن جیا بكرێتەوە، یان گرووپی فشارو هەروەها ئۆپۆزیسیۆنیش لە بەشداربووی حوكم هاوێر بكرێن، ئەگەر ئەم تێكەڵ و پێكەڵییە تا ئەمڕۆش بەردەوامبووە، بە دڵنیاییەوە ئایندەی ئەم تێكەڵییە هیچ ئاسۆیەكی لەبەردەمدا نییە،گرووپی فشار بۆ باشتركردنی حوكم پێویستە، هەمیشە ئۆپۆزیسیۆنیش لە بەرامبەر حوكمدا دروست دەبێت و هەیە، ئەمەیە بوونی دیموكراسی، بەڵام كاتێك گرووپێك بەشدار بووی حوكمن بە ئاوازی ئۆپۆزیسیۆن دەخوێنن، رێك ئەوكاتە پێویست بە هەڵوەستەلەسەركردن دەكات. چونكە دەبنە مایەی تێكدانی داخوازییەكانی خەڵكیش.