دوورتر لە ئاسایشی عێراق لە
دان
February 23, 2010
وتار و بیروڕا
دەست لە كاركێشانەوەی ئەدمیرال فالۆن فەرماندەی سەركردایەتی ناوەڕاستی ئەمەریكا بە هۆی هەڵوێستەكانی بەرامبەر بە عێراق و ئێران، دووبارە فایلی پەیوەندییەكانی ئێران و ئەمەریكا لەلایەك و عێراق و ئەمەریكا لەلایەكی دیكەوە خستەڕوو، هەرچەند وتەبێژی كۆشكی سپی ئەوە رەتدەكاتەوە كە دەست لەكاركێشانەوەكەی ئەدیمرال فالۆن پەیوەندی بە مەسەلەی ئێران و عێراقەوە هەبێ، بەڵام چاودێرە سیاسییەكان تەئكید لە بوونی ئەو پەیوەندییە دەكەنەوە، ئەدمیرال فالۆن لەگەڵ كێشانەوەیەكی خێرایی هێزەكانی ئەمەریكایە لە عێراق و هەروەها دژی بەكارهێنانی هێزە دژی ئێران و پێیوایە هیچ سوودێكی بۆ ئەمەریكا نییە و وا بڕیاربوو لە مانگی داهاتوودا راپۆرتێك سەبارەت بەو دوو مەسەلەیەوە پێشكەش بە ئیدارەی ئەمەریكا بكات.
جیاوازی لەدیدی نێوان ژەنەراڵ پاتریو و ئەدمیرال فالۆن گەیشتبووە رادەیەك كە دەبوایە یەك لەو دووە گۆڕەپانەكە بۆ ئەویتر چۆل بكات.
ئیدارەی ئەمەریكا بە پێچەوانەی ئەدمیرال فالۆن بایەخێكی زۆر بە فایلی ئێران دەدات و بە مەترسییەكی گەورە لەسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی نێویندا دادەنێ.
ناونیشانی گفتوگۆكانی ئەمەریكا و ئێران كەوا چاوەڕوان دەكرێ خولی چوارەمی لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەنجام بدرێ، ئاسایشی عێراقە، بەڵام ئەمەریكا و ئێران هەر یەكە و دیدی خۆی سەبارەت بەو مەسەلەیەوە هەیە، لە كاتێكدا لایەنی ئەمەریكی پێداگیری لەسەر مۆركی تەكنیكی گفتوگۆكان دەكات كە ئامانجە سەرەكییەكەی هێنانەدی سەقامگیرییە بۆ عێراق، لایەنی ئێرانی ئاماژە بەوە دەكات كە ئاسۆی تەسویەكردنی تەنگژەكەی عێراق دەبێ لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەكانی وڵاتانی دراوسێ بێت، بەتایبەتی بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی ئێران.
ئەمە راگەیاندراوەكەیە و لە ژێر ناونیشانی ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق و ناوچەكەیە، هەرچەند ئەم راگەیاندراوە بایەخی خۆی هەیە، بەڵام كاریگەری گفتوگۆكانی ئێران و ئەمەریكا فرە لایەنە و تەنیا كاروباری عێراق ناگرێتەوە، بەڵكو كاروباری رۆژهەڵاتی نێوینیش، لەوانە فایلی ئەتۆمی ئێران و، تەسویە كردنی كێشەی عەرەب- ئیسرائیل و، بەر لەویش بازرگانی نەوتی جیهانی و هەردوو ئیستیحقاقە ئەمنی و ئابوورییەكەی تاران بەڕاشكاوی دەیەوێت چوارچێوەی وتووێژەكان تەنیا دەربارەی ئاسایشی نەبێت، بەڵكو گشتگیر بێت، دەیەوێت دان بە رۆڵە هەرێمایەتییە رۆژهەڵاتییە نێوینەكەی بنرێ، بەڵام ئەولەویاتی واشنتۆن وەدەستهێنانی خەڵاتە نەوتییەكەی عێراق و رۆژهەڵاتی نێوینە، بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵی ئەوە دەدات لە رێی سەفاقەتی جۆراوجۆرەوە بگاتە ئامانجە ستراتیژییەكانی كە لەوانەیە بۆ گەیشتنی بەو ئامانجە تەنازولاتیش بكات.
لە نێوان ئەو دوو ئامانجە گەورەیەدا، لەوانەیە وتووێژی ئەمەریكا و ئێران و لە ژێر ناونیشانی ئاسایشی عێراق دەست پێ بكاتەوە و لەو پێناوەشدا چەند كۆنگرەیەكی وڵاتانی دراوسێ و بە بەشداری ئێران ببەسترێ كە ئامانجی گشت ئەو وڵاتانە هێنانەدی بەرژەوەندییەكانیەتی.
ئیدارەی ئێستای ئەمەریكا لەو كاتەی كە پلانە ستراتیژییەكەی بۆ گێرانەوەی ئاسایشی لە بەغدا و ناوچەی ئەنباردا راگەیاندووە، دەستی بە گفتوگۆكردن لەگەڵ ئێران كردووە.
هەر چەندە ئەو سەركەوتنەی كە لەو بوارەدا ئەمەریكا وەدەستی هێناوە لەگەڵ ناوەڕۆك و ئامانجە ئەمەریكییەكە ناگونجێ، بەڵام گفتوگۆی ئەمەریكا و ئێران رانەوەستاوە و تا ئێستا دبلۆماسییەتی ئێران بەردەوامە لە خستنەڕووی ئەلتەرناتیڤە سیاسییەكەی خۆی لەگشت نێوەندە دەوڵەتییەكاندا، ئەوروپی و رووسی و ئەمەریكیدا.
ئەگەر خەڵاتی داواكراو نەوت بێت، ئەوا ئیدارەی ئەمەریكا لە هاوینی ئەمساڵدا دەیەوێ پەیمانێكی دۆستایەتی و هاریكاری لەگەڵ عێراقدا مۆر بكات، بە دەربڕینێكی تر پەیمانە نوێیەكە كە هەر وەكو هۆشیار زێباری وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێ: پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی عێراق و هێزەكانی ئەمەریكا و مەسەلەی سەروەری سەركردایەتی كردنی كردەوە ئەمنی و عەسكەرییەكان و كۆنترۆڵكردنی هێزەكانی عێراق رێك دەخات، ئەمە سەرەڕای ماوەی مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراقدا.
هەموو ئەو شتانە لە دەرەوەی ویلاتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەرێوە دەچێت، ئەم ئەنجوومەنە لە بڕیارەكانیدا داوای بە بەرنامەكردنی كشانەوەی هێزو فرە رەگەزەكانی دەكرد لە عێراقدا، ئەم وڵاتەشی لەبارێكدا داناوە كە لە ژێر داگیركاریدایە و سەرپەرشتی ئەو دانووستانە ئەمەریكی عێراقییەش ناكات كە چوار چێوەیەكی گشتی بۆ پەیوەندییە دووقۆڵیەكان دادەنێ، بەپێی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا نەك عێراق.
پرسیار ئەوەیە: بۆ ئێران لە بارێكی وادا روو لە دانووستان لەگەڵ واشنتۆن ناكات بۆ زامنكردنی بەرژەوەندییەكانی لە عێراق و رۆژهەڵاتی نێویندا؟
ئایا ئەم بارە دەبێتە هۆی لەیەك تێنەگەیشتنی ئەمەریكا و ئێران دەربارەی عێراق، دوور لە ئیرادەی عێراقییەكان؟
رەوتی سەدر لە كایەی یەكەمی وتووێژە ئەمنییەكانی نێوان تاران و واشنتۆن ئاماژەی بەو مەسەلەیە كرد و پێی وابوو كە ئەمەی دەكرێ دانپێدانێكی ئێرانییە بە ئەمری واقیع، واتە واقیعی ئینتدابی ئەمەریكی لەسەرعێراقدا، پێداگیریشی كردبوو لەسەر هاونیشتمانێكی عێراقی بۆ گەیشتنی بە بەرنامەیەكی سیاسی نیشتمانی كە گشت لایەنە ناكۆكەكانی عێراق لەسەریدا رێك بن و هەر بەخۆشیان بەرنامەیەك دابنێن بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا.
لەوانەیە ئەو كەشە سیاسییە هەر لەسەرەتایی پارساڵەوە باڵی بەسەرنێوەندێكی فراوانی عێراقدا كێشا بێت، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزی تەنگژەكەی عێراقەوە فشارێكی زۆری خستبووە سەر عێراقییەكان بۆ ئەوەی نەگەنە دیدێكی هاوبەش سەبارەت بە سەقامگیری سیستەمە نوێیەكەیان.
با بگەڕێینەوە سەر پرسیاری پێشوو سەبارەت بە زامنكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێران پاش ئەوەی كۆنگرەكانی وڵاتانی دراوسێ بوو بە (مقاصە)یەكی ئەمنی و سیاسی و ئابووری و هەر لایەنێكیش بوو بە خاوەن بەرنامە و داواكاری خۆی.
توركیا دەیەوێ چارەسەرێكی بنەڕەتی بۆ كێشەكەی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستاندا بدۆزێتەوە و لە ژێر هەر بە هانەیەكیش دروستبوونی قەوارەی كوردستانی سەربەخۆ لە عێراق رەت دەكاتەوە، كە پێی وایە لە دوا رۆژدا هەڕەشە لە یەكێتی خاكی توركیاش دەكات.
سوریا كە پارساڵ میوانداری كۆنگرەی شارەزایانی ئاسایش لە وڵاتانی دراوسێی عێراق كرد، زۆر بە وردی لە ئاسایشی سنوور و قاچاخی چەك و پەڕینەوەی چەكدارانی كۆڵیەوە، دانپێدانێكی ئەمەریكی دەوێ بە رۆڵە هەرێمایەتییەكەی و توانای وتووێژكردن لەسەر چارەنووسی جۆلانی داگیركراو.
وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریكاری كەنداویش لە خاڵی سەقامگیری ناوچەی كەنداوەوە دەست پێ دەكات، بەتایبەتی لە رووی نەوت و ئاسایشەوە، زۆریش لە توندبوونی كێشەی تایفی لە عێراقدا دەترسێ، چونكە پێی وایە كە ئەمە كاریگەری سلبی دەكاتە سەر ئەویش.
ئەمما ئیسرائیل، ئەویش لە هەوڵی ئەوەدایە بەلاگیری راستەوخۆی ئەمەریكا، بەتایبەتی پاش هەرەسهێنانی هێزە سەربازییەكەی عێراق بەشداری لە ئەمنیەتی رۆژهەڵاتی نێویندا بكات.
عێراقیش لە باری ئەو دەوڵەتەدایە كە سەروەری خۆی لە دەست دابێ.
دوور لە وڵاتانی دراوسێ، هێزە نێودەوڵەتییەكان خەریكی زامنكردنی بەرژەوەندییەكانیانن لە عێراق و ناوچەی كەنداو.
رووسیا رەزامەندی دەدات لەسەر سڕینەوەی زۆربەی قەرزەكانی لەسەر عێراقدا،واتە نزیكەی (12) ملیار دۆلار لە كۆی 12.9 ملیار دۆلار كە سەرجەمی قەرزەكەیە ئەویش بەرامبەر بە زیندووكردنەوەی گرێبەستێكی كۆمپانیای لوك ئۆیل كە لە ساڵی 1997 دا و لەسەردەمی رژێمی پێشوودا ئەنجام درابوو، ئەمە سەرەڕای ئامادەیی رووسیا بە وەبەرهێنانی نزیكەی چوار ملیار دۆلار لە پرۆژەكانی ئاوەدانكردنەوەی عێراقدا، بۆ ئەوەی ئەم سەقفە گەورەیە بێتە ئەنجام ، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا باسی لە گەیشتنی عێراقییەكان بۆ شێوازێكی گشتگیری ویفاقی نیشتمانی دەكات بەر لەوەی قسە لەسەر كشانەوەی ئەمەریكا لە عێراق بكەن.
ئەمە دیمەنێكە لەو دیمەنانەی كە بەپێی بەرژەوەندییەكانی نێودەوڵەتی ئاڵۆگۆڕ دەكرێن.
لەوانەیە(مقاصە)یەكی تر لەگەڵ وڵاتانی یەكێتی ئەوروپاش ئەنجام بدرێ لە چوار چێوەی كێبڕكێیەكی نێودەوڵەتی گەرم لەسەر نەوتی عێراق و ئەمنیەتی وزە لە ناوچەی كەنداودا.
ئەو هەموو شتانە لەبەرچاوی سەركردایەتی ئێران دەكرێ، بۆیە ئەویش لە هەوڵی ئەوەدایە رۆڵی خۆی لەو بوارەدا پتەوتر بكات و بەرژەوەندییەكانی زامن بكات.
لەسەرەتای مانگی ئاداردا سەرۆك كۆماری ئێران سەردانی بەغدای كرد و وتووێژی دەربارەی ئاسایش و بەرژەوەندییە ئابووری و نەوتییەكانی كرد و سەردانەكەشی بەر لە دانیشتنێكی فراوان لەگەڵ ئەمەریكییەكاندا هات، لە راستیدا ئامانجەكەی لەمەسەلەی سەقامگیری عێراق دوورتر بوو.
لە نێوان كۆنگرەی ئەستەنبۆڵی هەرێمایەتی- نێودەوڵەتی دەربارەی عێراق وسەردانەكەی سەرۆك كۆماری ئێران، بەرژەوەندییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان زیاتر هەستیان پێ دەكرێ و هەموو لایەكیش لە كێبڕكێیەكی گەرم دان، خەڵاتە نەوتییەكە و تەنگژەكەی عێراق بووەتە ماددەیەكی سەرەكی سەودایەكی نێودەوڵەتی ، هەر لە هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا تا دەگاتە فایلی ئەتۆمی ئێران.
ئایا زێدەڕۆیی ناكەین گەڕ بڵێین تەنگژەی عێراق پەیوەندی بە چارەنووسی پەیوەندییەكانی رۆژهەڵاتی نێوین ودوا رۆژی سیستەمی جیهانی هەیە؟.