دوای كشانەوەی سووپا، توركیا كا 

دوای كشانەوەی سووپا، توركیا كا 
دوای ئەوەی سەرۆكایەتی كوردستان توانی رای گشتی لەبەرامبەر ئەو هێرشەی توركیا بۆسەر كوردستان دروست بكات، گرژییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی توركیا بەرەو خاوبوونەوە چوو،ئەمە لەو كاتەی توركیا دەستی بە كشانەوەی هێزەكانی خۆی كرد، ئەوانەی هەڵوێستیشیان بەرامبەر ئەو لەشكركێشییە لاوازبوو, ئێستا هەست دەكەن لۆجیكی سەرۆكی كوردستان زۆر واقیعبینانەو نیشمانییانە بوو.
سەرۆك بارزانی ئەو حەقیقەتەی لە ئامانجی سوپای تورك بە جیهان گەیاند، كە مەبەستی توركیا تێكدانی ناوچەی ئارامی هەرێمی كوردستانە،نەك بە تەنها PKK ، لەسەر داوای پەتریوسیش سەرۆك بارزانی نامەیەكی ئاراستەی سەرۆك بۆش كرد تا ئاگاداری راستییەكان بێت, ئیتر گوشاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و هەروەها سەرۆكی حكومەتی هەرێم، وای كرد ئەو وڵاتانەی كە پێشتر گلۆپی سەوزیشیان بۆ لەشكركێشی توركان هەڵكردبوو، نەك هەر پەشیمان ببنەوە، بەڵكو هەڵوێستی پێچەوانەیان هەبێت، زەقترین وڵاتیش ئەمریكا بوو، كە دواتر هیچ بوارێكی بۆ درێژەدان بە سوپای توركیای نەهێشتەوە.
ئەوەی دەمەوێ لێرەدا بیڵێم ئەوەیە توركیا ئەو هەڕەشەیەی كە هەر لەگەڵ رووخانی بەعس دەیكرد كە هێرش بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەهێنێت، دواجار هێرشەكەی كرد بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە لەم هێرشە عەسكەرییەیدا توركیا لە هەر سێ لاوە دۆڕاندی,لە رووی عەسكەرییەوە سەرنەكەوت و گورزی كاریگەری بەركەوت، لە رووی سیاسییەوە سوپای تورك بانگەشەی ئەوەی دەكرد كە بە بیانووی لەناوبردنی PKK هێرش دەكات، كەچی خەڵكی سڤیلی كردە ئامانجی هێرشەكەی و رووخانی پرو تێكدانی ئارامی بوو لە هەندێك لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان, كە ئەمەش ناڕەزایی زۆری لێ كەوتەوە، بەتایبەت لەلایەن ئەمریكاو یەكێتی ئەوروپاو زۆر وڵاتی ترەوە. هەروەها AKP كە لەكوردستانی باكوور تەنگی بە DTP و PKK هەڵچنیبوو تەنانەت ئەردۆگان نەیشاردەوە دەیوت ئەمجارە هەڵبژاردن بكرێ سەرۆكی شارەوانی دیاربەكر دەكەوێتە دەست AKP و لە DTP وەردەگیرێتەوە، بەڵام بینیمان كاردانەوەی ئەم لەشكركێشییە،لە لایەن خەڵكی باكوور چۆن رەنگیدایەوە، بە شێوەیەك توركیا شەڕێكی وای نەكردبا هەرگیز جەماوەری PKK ئاوەها بەم خێراییە هەڵنەدەكشا و جەماوەری AKP ش ئاوا تووشی داكشان نەدەبوو, كە بە هۆی ئەم هێرشەیەوە موسداقییەتی خۆی بۆ خەڵكی باكوور خستە بەردەم پرسیارێكی گەورەوە.
ئێستا توركیا هیچی بە هیچ نەكرد، جگە لە شێواندنی دۆخەكە و خۆ دزینەوە لە واقیع، بۆیە ئیتر پێویست دەكات واقیعبینانەتر لە گرفتەكانی بڕوانێت دوور لە ریگای توندوتیژی، ئەویش بە هاوكاری هەرێمی كوردستان و ئەمریكا دەبێت، چونكە بە كشانەوەی سوپای توركیاش گرفتەكان بە كۆتا نەهاتوون، بەڵكو توركیا ئینجا پێویستی بەهەنگاوی جیدی ترهەیە، كە لەگەڵ ئەمریكاو هەرێمی كوردستان بكەوێتە گفتوگۆوە، دەنا هیچ رێگایەكی تر ناتوانێت چاری توركیا بكات. بۆیە پرسیارێك خۆی قوت دەكاتەوە، ئایا دوای لەشكركێشی عەسكەر، توركیا كام رێگا هەڵدەبژێرێ، گفتوگۆ بۆ چارەسەركردن، یان چاوسووركردنەوەیەك كە ئیتر لەوانەیە خودی PKK ەش زۆر لێی ناترسێ.چونكە ئەزموونی لەگەڵدا هەیە!.
Top