ئامانجی سیاسی توركیا و دونیای س

ئامانجی سیاسی توركیا و دونیای س
لەوەتەیAKP سەركەوتنی لە هەڵبژاردنەكانی توركیا وەدەستهێناوە، حكومەتی توركیا هەمیشە شەڕێكی دەروونی لە بەرامبەر هەرێمی كوردستانی عێراق دا هەڵگیرساندووە، بەوەندەش نەوەستا هێرشی سەربازی دەستیپێكردو بارودۆخەكەی ئاڵۆزتركرد. ئەمە لە كاتێكدا سەركردایەتی كورد لەم هەرێمە هیوای زۆری بە سەركەوتنی akp هەبوو، كەچی خەریكە جیاوازییەك نەمێنێ لە نێوان AKP و حزبەتوركەكانی دیكەی توركیا كە بەربەرەكانی AKP یاندەكردلە كاتی هەڵبژاردندا.
ئێستا دەركەوت AKP ئەو حیزبە نییە بتوانێ موعجیزە دروست بكات، سەرباری بەرەنگاربوونەوەی لابەلای هەندێ جاری لەگەڵ سوپادا، بەڵام نەیتوانی تا سەر لەسەر بەربەرەكانیكردنی سوپا بەردەوام بێت، ئێستا ئەردۆگان و هەروەها حیزبەكەیشی ئاراستەی سیاسیان شێلووە، جارێك باس لە مافی كوردان دەكەن، جارێكی تر كە سوپا چاوی سوور دەكاتەوە، باس لە هێرش و پەلامار دەكەن،ئەمەش تەواو پێچەوانەی جێگیربوونی دیموكراتییەت و تەناهی و ئاشتییە لە ناوچەكە.
با بپرسین ئایا توركیا لەم پەلامارەی بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان چ سوودێكی پێدەگات؟ ئایا بە هێرشی عەسكەری PKK لەناو دەچێت؟ یان با كەمێك روونتر قسە بكەین، ئایا بەراستی ئامانجی توركیا پێكانی PKK ەیە ؟، مەگەر توركیا لە ئێمە باشتر نەزانێ كە كێشەی PKK بە گورزی عەسكەر چارەسەر ناكرێت، بگرە كە بەرەو بەهار دەچین، بە هۆی ئەم توندو تیژییەی توركیاوە گرفتی زیاتر بۆ ناو خاكی توركیاش دروست دەبێت, كەواتە ئامانجی بنچینەیی حكومەتی توركیا ? لە پەنای PKK ەوە - تێكدانی ئەو ئارامییەیە كە هەنووكە لە هەرێمی كوردستاندا هەیە. دەنا بۆچی هەنگاوێكی جیدی لە توركیا بۆ كوردەكان نانێت تا گرفتی كوردان چێ ببن؟ قیروسیا لە PKK!!
لەوەتەی ماوەی ئەم شەش مانگەی دوایی بۆ جێبەجێكردنی مادەی 140 دیاریكراوە، توركیا ئارامی لێ هەڵگیراوە، بیانووی سەیر سەیر دەدۆزێتەوە، ئاخر هەموو دونیا ئێستا وا دركی پێ دەكەن كە ئاوارەكردنی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان و بۆردومانكردنی گوندو خاكی هەرێم و تێكدانی پرد كە بۆ هاتوچۆی خەڵكن، دەبێت چ پەیوەندییەكی بە PKK ەوە هەبێت؟!! ئایا بە تێكدانی پرد و تێكچوونی ژیانی ئاسایی خەڵكی ئەو ناوچانەی كە لە هێرشەكانی توركیاوە نزیكن، توركیا دەتوانێ تا سەر رای گشتی بۆ خۆی وەدەست بهێنێ؟
توركیا یەكەم جاری نییە سەركێشی دەكات، بەڵام لەوەتەی مادەی 140 هەنگاوی جیدی بۆ دەنرێت، سەبری لێ هەڵگیراوە و ئەم هەموو سەروەت و سامانەی خۆی دەرخواردی عەسكەر دەدات، كە تا ئەیلولی 2006 خەرجیەكانی عەسكەر گەیشتبووە 200 ملیار دۆلار لە بەرامبەر PKK كە ئەمە گەورەترین زیانگەیاندنە بە خودی توركیا .
راستە توركیا ئاڵۆزی پێ دروست دەكرێت و ئارامی كوردستانیش دەشێوێنێ، بەڵام رووی توركیاش بە تایبەت AKP ئەوەندە گەش نابێت تا ئیتر متمانەو بڕوای پێ بكرێت. ئایندەی توركیا بە عەقڵیەتی بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆن و نەخوێندنەوەی ئەوی تر گەشە ناكات، بەڵكو زۆرترین زیان بەخۆی دەگەیەنێ، بەر لەوەی لە هەر وڵات و نەتەوەیەكی دیكە بگەیەنێ.
AKP كە هاتە سەر حوكم دەبوو بەرنامەی هەڵبژاردنەكەی وردە وردە جێبەجێ بكردایە، دەبوو لە لایەك گرنگی بە كارە خزمەتگوزارییەكان و لە لایەكی تریشەوە پەیوەندیە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكانی خۆی گەشە پێبدابوایە، بەڵام ئەوەی لەكاتی هەڵبژاردنەكاناو لە گوتارەكانی ئەوكاتی ئەردۆگانا بینیمان ئاو نەبوو سەراب بوو، ئێستا خەریكە سەفیری ئەمریكا لە بەغدا و پتریۆس و سۆلانا و بەریتانیاو زۆری تر لەو هێرشەی توركیا نیگەران و دڵپڕ دەبن، باشتر لە جاران لە نیازی توركیا دەگەن، سەرۆكی كوردستانیش بە حەكیمی خۆی وردە وردە رای گشتی نێودەوڵەتی بەلای خۆیدا دەهێنێ، كە دەرەنجام توركیا جگە لە شەرمەزاری هیچی دیكەی بۆ نامێنێتەوە.
Top