ئەوەی مایكل رۆبین لەسەر كوردو سەركردایەتییەكەی نووسی، چاوەڕوانكراو نەبوو، چاوەڕوانكراو نەبوو بۆیە مقۆ مقۆی زۆر و زۆر لێكدانەوەی جیاوازی بۆ كرا ,ئیتر چ سایتی سبەی، چ رۆژنامەی هاوڵاتی لە لایەك بۆ هەڕمێنكردنی بڵاوكراوەكانیان ,لە لایەكیتریش بۆ بەربەرەكانیكردنی حكومەتی كوردستان و پشتگیرییەكی ئەوانەی كە دژی كوردو حكومەتی كوردین ,گرنگیان بەم بابەتەی رۆبین دا ,بەتایبەتی ئەو راستییە لەوكاتەوە دەردەكەوێت كە رۆبین ئەم بابەتەی خۆی بە ئیمەیلی تایبەت بۆ سایتی سبەی ناردووە بۆ بڵاوكردنەوە، سەرباری ئەوەش دەقە ئینگلیزییەكەی هاوكات لەگەڵ دەقە كوردی و توركیەكە واتا بە وەرگێڕدراوی بۆ سەر كوردی و توركی لە یەك كاتدا لە ((ئەمریكان ئینتەرپرایس )) بڵاوكراوەتەوە ,بە شێوەیەك سێرچ لێبدەیت ئەم بابەتە نایەت تا ناوی رۆبین ئینتەر نەكەیت!! كەواتە چ سایتی سبەی، چ رۆژنامەی هاوڵاتی ، بابەتەكەیان بە ئامادەكراوی و بەبێ دەستكاریكردن بۆ هاتووە بۆ بڵاوكردنەوەی، ئەمە ئەگەر ستافی سایتی سبەی یا هاوڵاتی بەر لە بڵاوكردنەوەی دەقە ئینگلیزییەكە بۆ خاتری رۆبین نەیانكردبێتە كوردی و بۆیان ناردبێتەوە تا پێكەوە بە سێ زمان ئینگلیزی و كوردی و توركی بڵاوبكرێتەوە، سەیری ئەم سیناریۆیە بەرنامەرێژكراوە بكەن، نووسینەكەی رۆبین لە واشنتۆن پۆست یا هەر رۆژنامەیەكی دیكەی ئەمریكی یا بەریتانی بڵاونەكراوەتەوە تا ئەوانیش وەریبگرن و لای خۆیان بڵاوی بكەنەوە، بەڵكو لەكاتی نووسینی ئەم باسەی رۆبین تەنها سایتی سبەی هەروەها رۆژنامەی هاوڵاتی و بەرەی توركمانی و هەروەها توركیش دەیلی نویز ئاگاداری جۆرە نووسینێكی لەم جۆرە بوونە، ئەگینا سايتی سبەی چ وەها زوو پێی زانی و بڵاوی كردەوە ؟!!، ئەی هاوڵاتی جگە لە بڵاوكردنەوەی نووسینەكەی رۆبین، بۆچی دیمانەی تایبەت بە ناڕازیبوونی سەركردایەتی كوردی لەگەڵدا كردو نان و شەكری پێوە خوارد ؟!، ئەی باشە رۆژنامەی رۆژنامە بۆچی راستەوخۆ لە دوای هاوڵاتی دیمانەیان لەگەڵدا كرد و بە دوو قۆڵی (رۆژنامەی رۆژنامە و هاوڵاتی) دیمانەیان لەگەڵدا دەكرد و، زیاتر مەسەلەیەكی وەهایان دەورووژاند ؟!
ئەوەی لە گوتارەكانی ئەم چەند ساڵەی رابردووی سەرۆكی كوردستان (مەسعود بارزانی ) و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) ورد ببێتەوە، ئەو راستیانە هەست پێدەكات كە ئەو دوو سەركردەیە لەبەردەم چ تەحەدییەكی گەورەی ناوەخۆو هەرێمی و نێودەوڵەتین، كەچی لەگەڵ ئەم هەموو تەحەدییانەوە لە كاتێكدا ئەم سەروتارەی گوڵان دەنووسم سەرۆكی حكومەتی كوردستان نێچیرڤان بارزانی لە كۆریای باشوورەو بڕی (12) دوانزە ملیار دۆلاری لەگەڵ كۆریا مۆر كردووە كە هەر هەمووی بۆ كارە خزمەتگوزارییەكانی هاوڵاتیانی كوردستانە، بە پێچەوانەی ئیرادەو ویستی حكومەتی مالیكی، كە هەموومان دەزانین چۆن بەردەوام لە گرفت نانەوەن بۆ حكومەتی هەرێم، وێڕای هەموو ئەمانەش بڕواناكەم كەسێك هەبێ بڵێ لە كوردستاندا هیچ گرفت و ئاڵۆزییەك لە ئارادا نییە، بەڵام ئەركی نیشتمانی ئەوەیە هەموومان كار بكەین بۆ نەهێشتنی كەمو كورتییەكان و بەڕێوەچوونی ئیدارەیەكی سیستەماتیكی و دامەزراوەیی كە بتوانێت باشترین شێوەی حوكمڕانی تێدا بەرقەرار بكرێت . ئەركی نەك تەنها رۆژنامەگەری كوردی، بگرە هەر تاكێكی كورد پێویستە ئەوە بێت داوای باشترین شێوەی حوكمڕانی بكەین بە راستكردنەوەی هەڵەو كەموكورتیەكان ، نەك سەنگەر گرتن لەگەڵ ناحەزانی كورد.