ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە پڕۆژەی®
February 23, 2010
وتار و بیروڕا
راستە حكومەتی هەرێم بەرژەوەندی هاوبەشی لەگەڵ توركیادا هەیە و ئەگەر تەنگژەی ئابووریش لەنێوان هەردوو حكومەتدا دروست ببێت،بێشك حكومەتی هەرێم زیاتر زیانی پێدەكەوێت، چونكە توركیا دەوڵەتەو دەتوانێ لەشتی تردا قەرەبووی بۆبكاتەوە، بەڵام ناشكرێ كورد خۆی زۆر بە لاوازی نیشان بدات و دیپلۆماسیەتەكەی، خەباتەكەی لە ئاستی ناوەخۆ بەتایبەتی و لە ئاستی دەرەوەشدا بە گشتی، مایە بەتاڵ بكات، حیكمەتەكە لێرە خۆی دەردەخات، ئایا ببینە بەشێك لەو شەڕەی لەنێوان توركیاو pkk بەرپایە، یان دژی pkk بوەستین، یان رێگەچارەی تر هەیە كە نابێت فەرامۆشیان بكەین. كەواتە دەبێت چیبكەین؟ .
ماوەی ساڵێك كەمترە میدیاكانی ئەمریكی و ئەوروپی زۆر پۆزەتیڤانە ئەم ئەزموونەی هەرێم باسدەكەن و تەنانەت دەیكەن بە نموونەیەكیش بۆ هەموو عێراق كە پێویستە سوودی لێ وەربگرێت، ئاخر ئەوە كەم نییە بۆ هەرێمی كوردستان لەنێو ئەم هەموو گورگەی تێیئاڵاون و دەیانەوێ بیكەن بە پاروویەكی چەور، كەچی ئەو، وردە وردە وڵات بونیاد دەنێتەوە،ئاخر ئیسرائیل سەرباری ئەم هەموو هاوكارییە نێودەوڵەتییەی بۆی دەكرێ كەچی ئەگەر زۆر دوورنەچین و لە ساڵی 1948 ەوە بیژمێرین لەوكاتەوە نەیتوانیوە گرفتەكانی لەگەڵ فەڵەستینییەكان چارەبكات، كەچی ئەم لۆجیك و عەقڵانییەتەی سەركردایەتی كورد وایكردووە حكومەتی هەرێم پێناسەی ئەمنی قەومی بۆبكرێ و بنەماكانی ئەو پێناسەیەشی هەڵگرتبێ،مێژوو پێمان دەڵێت زۆربەی ناكۆكیەكان لەبەرەی شەڕ یەكلا نەكراونەتەوە بەڵكو لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەكراون. لاوازی ئێمەش ئەوكاتە دەبێت كە گەلی كوردستان رووبەرووی شەڕێك بكەینەوە كە رەنگە بە ئەمریكاش كۆنتڕۆڵ نەكرێت، بەتایبەت ئەگەر ئێرانیش ئەم هەلەی قۆزتەوەو ئەویش بیانوویەك بۆخۆی بدۆزێتەوە، بۆ لەشكركێشی وەك چۆن ماوەیەكە باس لە جێبەجێكردنی رێككەوتنی شومی جەزایر دەكات، چارەنووسی ئەم ئەزموونە بەرەو نەهامەتی دەچێت، راستە بۆ ئەمریكاش زۆر ئەستەم دەبێت، بەڵام زیان لێكەوتووی گەورە ئێمە دەبین، بەتایبەت ئەوكاتەی توركیاو ئێران ململانێكانی خۆیان لەخاكی هەرێم یەكلا بكەنەوە، كە ئێران هەمیشە شەڕەكانی خۆی لە وڵاتێكی تردا دەكات، كەواتە ئەی چیبكەین؟ پێویستە بەزووترین كات پڕۆژەی سیاسی خۆمان هەبێت، وەك چۆن دەنیز بایكال لە سێشەمەی رابردوو نیمچە پڕۆژەیەكی لەبەردەم پەرلەمانی توركیادا پێشكەش كرد، پێویستە بەزووترین كات سەركردایەتی هەرێم وەڵامی بۆ ئەو پڕۆژەی بایكال هەبوایەو پڕۆژەیەكی چڕوپڕمان ئامادەبكردایە، ئەوە چارەسەری گونجاوە، بایكالێك كە تا دوێنێ زۆر بە توندی بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان دەدوا، پێویستە ئەمڕۆ زۆر بە وردی بە پڕۆژە وەڵامی بدەینەوە، ئەمە باشترین سەركەوتنە بۆ ئێمە، گرفتی pkk ش دەكرێ بخەینە ئەستۆی ئەمریكا (كە خۆی بەحاكمی ئەو ناوچەیە دەزانێ )وهەروەها یەكێتی ئەوروپاش كە چاودێرن بەسەر توركیاو ناوچەكەوە.