پەیوەندی AKP و DTP هاوكاری دەبێت یان م

پەیوەندی AKP   و DTP  هاوكاری دەبێت یان م
دەكرێ بڵێین ئیدی لە سبەینێوە توركیا بە قۆناخێكی نوێدا تێپەڕدەبێت , ئەو قۆناخەی لەلایەك كۆتایی بەو دڵەراوكێیە هێنا كە حزبی زۆرینە بەو رێژەیەیە نەك هەر دەتوانێ زۆرینەی پەرلەمان پێكبهێنێ بەڵكو دەتوانێ بە تەنهاش سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی حكومەت و هەروەها سەرۆك كۆماریش بۆ خۆی مسۆگەر بكات وەك AKP ئەمجارە مسۆگەری كرد , راستە سوپا و قەزائی توركیابۆ ماوەی 3 مانگ لە بینەوبەردەیەكی زۆردابوون بۆئەوەی AKP نەتوانێ ئەم پۆستانە مسۆگەر بكات , بەڵام دوا ئەنجام گەلانی توركیا لەرێگای سندووقی دەنگدان بڕیاریاندا كە كێ ئەم پۆستانە وەردەگرێت ,بۆیە ئێستا سووپا هیچی بۆ نەماوەتەوە غەیری ئەوەی رۆڵی چاودێر بەسەر دۆخەكەوە ببینێ. زەمەن گۆڕاوە , سووپا ئەو سوپایەی ساڵانی شەستەكان و حەفتاكان و هەشتاكان و نەوەدەكان و دووهەزاریش نییە تا بەكودەتایەك حكومەت بگۆڕێت ,ئێستا AKP ئەوەی دەیویست وەدەستی بێنێ , دەیهێنێ , بەڵام ئەركەكانیشی لەجاران قورستر دەبن , بۆیە ئەم خولە بۆ ئەوان كە خاوەن حكومەت و پەرلەمان و سەركۆمارن , رووبەڕووی هەموو ئەوداخوازییانە دەبنەوە كە پێشتر خەڵك بۆی نەدەهاتنەدی ,ئەمە سەرەڕای ئەوەی رەنگە گەورەترین كۆسپ بۆ ئەوان ئەوە بێت چۆن مامەڵە لەگەڵ نەتەوەی كورد دەكەن , كێشەی كورد لە توركیا تەنها كارە خزمەتگوزارییەكان نییە , بەڵكو لەناو خودی سیستەمەكەدایە , بۆیە ئەركی AKP ە پێشڤەچوونێكی بەرچاو لە مافی كورداندا بكات , كوردەكانیش چ ئەوانەی لە پەرلەمانن چ DTP دەبێت ئەجیندای خۆیان هەبێت كە چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخی تازەی توركیا دەكەن , دەنا AKP وردە وردە لە كوردستان بەڕەكە لە ژێر پێیان دەردەهێنێت , وەك چۆن بینیمان لە ناوچە كوردییەكان لەكاتی هەڵبژاردن چۆن بە هێمنی دەنگەكانیان برد و خەڵكێكی زۆر AKP ی پێ لە DTP باشتر بوو .بۆیە ئایندەی ئەم دوو حزبە لەمەودوا هەم ململانێی سەخت دەبێت , هەم هاوكاریكردنی یەكتریش دەبێت, بەڵام DTP دەبێت ئەوە بزانێت خەڵك شتی مەلمووسی دەوێت , زیاتر لەوەی بەدوای شیعاری شۆڕشگێری و ئایدۆلۆژیای وشك بكەوێت , هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی توركیاش لە 22ی تەموزدا زەنگێكی وەهۆشخۆهاتنەوەبوو بۆ DTP , كە ئیتر خەڵكیش وێرای داواكردنی مافە نەتەوەییەكانیان , بێگومان ژیانێكی ئاسوودەشیان گەرەكە.
Top