رێكخستنی نێوماڵی خۆمان، یه‌كسانه به بونیاتنانی كوردستانێكی زۆر به‌هێز
March 29, 2021
وتار و بیروڕا
عێراق سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه له دوخێكی ناجێگیرو نائارام دایه، ده‌توانم بڵێم له لوتكه‌ی لاوازیش دایه، به‌ڵام به‌داخه‌وه به هۆی ناته‌بایی و یه‌كڕیزی لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی نێوخۆیی و به‌غدا لایه‌نه سیاسییه شیعیه ده‌ستڕویشتووه‌كان له‌م ناته‌باییه و له یه‌كترازانه سیاسییه‌ی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وپه‌ڕی سوود ده‌بینن و به ویستی خۆیان یاری به چاره‌نووسی گه‌لی كوردستانه‌وه ده‌كه‌ن.
جێگه‌ی ئاماژه پێدانه له‌م ناسه‌قامگیریه سیاسیه و ئه‌منی و بێ سه‌روبه‌ریه‌ی كه باڵی به سه‌ر عێراقدا كێشاوه، كورد ده‌یتوانی به یه‌ك ده‌نگی و یه‌ك هه‌ڵوێستی زورێك له‌و مافه ڕه‌وایانه‌ی خۆی بسه‌پێنێت و، ببێته ژماره‌یه‌كی به‌هێز له نێو هاوكێشه سیاسییه‌كانی عێراق و ناوچه‌كه‌دا و كۆمه‌ڵگه‌ی نیوده‌وڵه‌تیش زیاتر حیسابی بۆ بكات.
چونكه پێگه‌یه‌كی سیاسی به‌هێز ده‌توانێت زورێك له هاوكێشه نه‌رێنییه‌كان بگۆڕێت بۆ لایه‌نی ئه‌رێنی، واته بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستان و تاكه هێزی سه‌ره‌كی ئێمه‌ش له هاوهه‌ڵوێستی و یه‌كگرتوو بوونی ماڵی كورد دایه.
هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر كوردستان تادێ له هه‌ڵكشاندان، له لایه‌ك ئه‌م گوشار خستنه‌ی سه‌ر هه‌رێم له ڕووی بودجه‌و موچه‌وه ئه‌مه هه‌ر ته‌نها ره‌هه‌ندێكی ئێكونومی له خۆ ناگرێت، به‌ڵكو په‌یوه‌سته به چه‌ندین ڕه‌هه‌ندی تره‌وه و، له سه‌روی هه‌مووشیانه‌وه جێبه‌جێ كردنی ئه‌جندایه‌كی سیاسی ده‌ره‌كیه له دژی ئه‌زمونی فیدڕاڵی هه‌رێمی كوردستان؛
كه ده‌یانه‌وێت به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت له شێوه‌كان ئیراده‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان بخه‌نه ژێر ركێفی خۆیانه‌وه و زه‌مینه‌ش زۆر له باره بویان به و هویه‌وه كه شیعه هه‌م زۆرینه‌یه و هه‌م باڵاده‌سته؛
بۆیه ئێمه‌ش ده‌بێ ستڕاتیژیانه بیر بكه‌ینه‌وه چونكه كێشه‌ی ئێمه كێشه‌یه‌كی سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییه، ئێمه له‌گه‌ڵ عێراق ئه‌مڕۆ نییه كێشه‌مان هه‌یه، به‌ڵكو سه‌ده‌یه‌كه ئه‌م كێشه‌یه به‌رده‌وامه‌و بێ چاره‌سه‌ر ماوه‌ته‌وه.
دوژمنانی كورد ئامانجی سه‌ره‌كیان لێدان و ڕاگرتنی دۆزی نه‌ته‌وه‌یی كورده، مه‌سه‌له‌ی بودجه و موچه‌و و چه‌نده‌ها شتی تری لاوه‌كی ئه‌مانه میكانیزمێكن له نێو نه‌خشه‌ی سیاسی دوژمنانمان دا له هه‌مبه‌ر هه‌رێم قۆناغ بۆ قۆناغ به كاری ده‌هێنن.
كه‌وابێ له كۆتایی دا گه‌ر كورد نێوماڵی خۆی ڕێك نه‌خاته‌وه و ئه‌و بوشاییه سیاسیه‌ی كه هه‌یه له كوردستان پڕ نه‌كاته‌وه، له وانه‌یه له ئایینده‌دا چاره‌نووسێكی زۆر خراپتر له‌وه‌ی كه ئێستا هه‌یه چاوه‌ڕێمان بكات و ئه‌جندای نه‌یارانی دۆزی كورد باڵ به سه‌ر كوردستاندا بكێشێت.