گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکوک
March 22, 2021
وتار و بیروڕا
پاش خیانەتەکەی ١٦ی ئوکتۆبەر، شاری کەرکەک خرایەوە ژێر دەستهەڵاتی حکومەتی مەرکەزی، روونتر کەوتە ژێر دەستهەڵاتی گروپە شیعیەکان سەر بە ئێران.
بەم چەندە واقعێکی نوێ لە کەرکوک پەیدا و ئاماژەکان روون و ئاشکرا بوون کە دەیانەوێ چۆن کۆتایی بە پیلانەکەیان بێنن، هەر بۆیە پارتی لە رووی سیاسی و هێزەوە لەو شارە خۆی دوور خستەوە.
تەنها چەند گروپێک نەبن کە دەستیان لەو خیانەتە دا هەبوو یان هاوکار بوونە، لە کەرکوک مانەوە، بەڵام بە رێژەیەکی کەم و بێ دەستهەڵات، ئەوەش وەکو یاریێکی سیاسی بەرامبەر رای گشتی کە کورد وجودی هەیە لە کەرکوک، ئەوەتان لە چایخانەکان دانیشتوون و دۆمینەش دەکەن.
سەرەڕای ئەم پیلانە کە چەند ئەجندایەکی تری لە پشتەوە بوو، گرتنی کەرکوک ، هێرش کردنە سەر ناوچەکانی تری ژێر دەستهەڵاتی پارتی، کۆتایی هێنان بە پارتی و لە ناوبردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.
بەڵام پارتی توانی خۆڕاگر بیت و شکست بە پیلانەکە بێنێت و کارتەکانیان سەراوژێر بکات، بەڵکو پارتی توانی سەنگ و قورسایەکی گەورەتر پەیدا بکات لە رووی سیاسی یەوە لە سەر ئاستی ناوچەکە بە گشتی.
هەر لەو کاتەوەش تاکو ئێستا پارتی بە شێوازی خۆی هەوڵ دەدات چارەسەری ئەو دۆخە بکات و تا ئێستا سەرکەوتو بووە و دەتوانێت دەرفەتی باشتر بروخسێنێت بۆ گەرانەوەیەکی شکۆمەندانە بۆ کەرکوک و هەروەها چارەسەری گونجاو بۆ ناوچە دابڕاوەکانی تر.
ماوەیەکە باس لە گەرانەوەی پارتی دەکرێت بۆ کەرکوک و هەنگاوی یەکەم چۆل کردن و گەراندنەوەی بارەگاکانی پارتی یە.
دەبینین چەند لایەن و گروپێک لە دژی ئەو پرۆسەیە وەستاون و بە رێگای خۆپیشاندان و نارەزایەتی دەردەبڕن و رێگرن لە گەڕانەوەی پارتی.
ئەگەر بابەت ئەوە بێت کە پارتی حزبێکی کوردی یە و ئیتر کەرکوک شارێکی عەرەبی یە، بۆچی بارەگای هەندێک حزبی کوردی لە کەرکوکدا هەن ؟.
بەڵام بابەت تەنها حزبێکی کوردی نیە، وەکو ئەوان دەڵێن پارتی حزبێکی ئنفیسالی یە، بە واتای کار بۆ پرسی نەتەوەیی کورد دەکات و ئامانجی گەراندنەوەی تەواوی ناوچە دابڕاوەکانە بە کورکوکەوە بۆ باوەشی کوردستان.
ئەوەی زیاتریش ترسی خستۆنە ناویان، ئەوەیە کە پارتی خاوەنی ریفراندۆمە و هەر کاتی بیەوێ کاری لەسەر دەکات.
بە هەمان لێکدانەوە ئەو حزب و لایەنانەی ئێستا لە کەرکوک هەن، لایەنی نەتەوەیی نین و کار بۆ پرسی کورد ناکەن و جێگای مەترسی نین.
ئەوەیە جیاوازیەکەی پارتی لەگەڵ لایەنەکانی تر، پرسی نەتەوەیی و ئایندەی کوردستان و جەلی کورد، کە ئەم لایەنەکانی لێی تۆقیون و بە مەترسی دەیزانن لەسەر یەک پارچەیی العیراقو العزیم.
بە چاوخشاندنێک بۆ سەر ئەو کێشانەی عیراق تێیکەوتووە، هەبوونی دەستی دەرەکی کە کار بۆ ئەجندای خۆیان دەکەن دۆخەکەیان ئاڵۆز تر کردووە و عیراق بەرەو ئاقارێکی نادیار دەبەن، ئەوەمان بۆ دیار دەبیت کە گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکوک بابەتێکی مسۆگەرە و پارتی بە شکۆ و دەستکەوتی گەورەوە دەگەرێتەوە بۆ کەرکوک، جگە لەوەی چارەسەری تەواوی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداش دەکات.
ئەم خۆ پیشاندان و نارەزایەتیانەش، تەنها هەوڵێکی ترسنۆکی هەندێک لایەنە، لەبەر ئەوەی بە پێکهاتنی هەولێر و بەغدا ئەوان تەواوی دەستهەڵات و بەرژەوەندی خۆیان لە دەستت دەدەن.
گەرانەوەی پارتی بۆ کەرکوک واتا گەرانەوەی راستەقینەی کورد، گەرانەوەی ئەمن و ئاسایش و دادپەروەری.
گەرانەوەی ناسنامەی کوردستانی بوون بۆ کەرکوک، کە ئەو لایەنانە هەوڵی سڕینەوەیان داوە.