بۆ لێناگەڕێن پارتی بگەڕێتەوە كەركووك؟

بۆ لێناگەڕێن پارتی بگەڕێتەوە كەركووك؟


گەلێك هۆكاری ئاشكرا و ڕوون هەن لە بابەتی گەڕانەوەی پارتی بۆ كەركووك، بەڵام بە گشتی مەسەلەی پارتی و كەركووك، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول، ئەو كات (بارزانیی نەمر) سوور بووە لەسەر وەرگرتنی ماف و شایستە سیاسی و داراییەكانی كورد لە كەركووك، ئەو مساوەمە نەكردنە بووەتە هۆی ناكۆكیی هەمیشەیی نێوان كورد و حكومەتەكانی ڕابردووی عێراق، لەو زەمەنەشدا "پارتی" لە كەركووكدا جێگەی دیار بووە،چونكە لە چاندنی تۆوی خۆشەویستیی بۆ نیشتمان و هەوڵدان بۆ بەرزكردنەوەی فكری ناسیۆنالیستی لە كەركووك، ڕۆڵی باڵای هەبووە، هەر ئەوەش هۆكارێكە بۆ ڕێگركردن و كۆسپ دروستكردن بۆ گەڕانەوەی پارتی بۆ كەركووك.
بە گشتی ئەو گردبوونەوە و خۆپیشاندانە ئاراستەكراوانەی كەركووك بۆ ڕێگری لە ڕادەستكردنەوەی بارەگایەكی پارتی ئاماژەگەلێكی تێدان: ١- ئەگەر پارتی لە كەركووك بێت، كورد بەهێز دەبێتەوە و ڕۆح بە بەری خەڵكی شاری كەركووكدا دەكرێتەوە، بێ جیاوازی بۆچوون و ئایدیۆلۆژیای سیاسی. ٢- بە گەڕانەوەی پارتی ئەو بێدەنگ و شەرمنییەی كە هەیە، نامێنێت، بە تایبەت لە پرسی حەقی كورد لە نێو یەكە ئیدارییەكان و دەسەڵات و پێگەی كورد لە كەركووك. ٣- گەڕانەوەی شكۆ و هێز. كە ڕوونە كە پارتی بگەڕێتەوە، سەربڵندانە دەگەڕێتەوە و سیاسەتی دیكتاتۆریەت و حوكمی عەسكەرتاریەت لە كەركووك قبوڵ ناكات. ٤- كاریگەریی گرنگ و یەكلاكەرەوە لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق و گۆڕانی هاوسەنگیی هێز و دەنگ لەنێوان كورد و عەرەب و نەتەوەكانی دیكە. ٥-هەوڵدان بۆ گەڕانەوەی ماف بۆ هەموو ئەو كەسانەی كە لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان غەدریان لێ كراوە، پاش داگیركردنی عەسكەرییانەی. ٦-بێدەنگ نەبوون لە پرسی بەعەرەبكردن و ڕاگواستنی عەرەب لە شارەكانی دیكەی عێراقەوە بۆ كەركووك. ٧- بە گەڕانەوەی پارتی ئەگەری گەڕانەوەی "پێشمەرگە" لە كەركووك زیاتر دەبێت، وەك لە ئێستادا ئەمریكا پشتگیری لە پێشمەرگە دەكات، هەر لە پڕچەككردنەوە تا ڕێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە. هەموو ئەمانە و چەندانی دیكەش هۆكارن كە نە میلیشیا شیعەكان و نە حكومەتی عێراقیش ناڕاستەوخۆ خۆشیان لە گەڕانەوەی پارتی بۆ كەركووك نەبێت، ئەم هەنگاوەی ئێستاش لە چوارچێوەی فشاری ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتیدایە، بۆیە ئەم جۆرە گردبوونەوانەی میلیشیا شیعەكانیش دەستێكی ئاراستەكراوی لەپشتە و هەمان دەستی شكاندنی ڕێككەوتنی شنگالە، كە مەبەست لێی سەروەرنەبوونی یاسا و تەراتێنی ئەو هەموو گرووپە چەكدارییانەیە كە بوونەتە سەرئێشە بۆ كەركووك و هەموو ناوچە كوردستانییەكان. چارەسەر: یەكگرتوویی و یەكبوونی هەموو لایەنە كوردستانییەكانە، بۆ بەهێزكردنەوەی دەسەڵاتی كورد لە كەركووك و هەوڵدان بۆ فەراهەمكردنەوەی ژیانی خەڵكی شاری كەركووك و ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك لە ڕووی سیاسی و دارایی و سەنگەوە..
Top