ڕێککەوتنامەی ١١ـی ئازار خەونی کردە واقیع

ڕێککەوتنامەی ١١ـی ئازار خەونی کردە واقیع
51 ساڵ بەسەر رێککەوتنی 11ی ئازاری 1970 تێدەپەڕێت، کە لە نێوان حکومەتی ئەو کاتی عێراق و بارزانيی نەمر، سەرکردەی شۆڕشی ئەیلوول لە باشووری کوردستان، واژۆ کرا و، تێیدا کورد "حوکمی زاتی" بەدەست هات. یەکەمجار بوو حکومەتی عێراق ددان بە مافەکانی کورددا بنێ و، به‌پێی رێککەوتنەکەش بڕیار بوو تاوەکو ساڵی 1977، له ‌ڕێگه‌ی سەرژمێريی گشتی، ناوچەی ئۆتۆنۆمی بۆ گەلی کورد دیاری بکرێت، بەو مەرجەی کورد بەشداری له‌ حکومەتی عێراق بکات.
ئەمڕۆ51 ساڵ بەسەر واژۆكردنی ئەو رێككەوتنە تێدەپەڕێت، كە لەكاتی واژۆكردنی رێككەوتنەكە بەدەستكەوتێكی گەورەی سیاسی لەقەڵەم دراوە، كە بایەخی ئەو ڕێككەوتنەكە لەوەدا بوو، بۆ یەكەمجار لە بەڵگەنامەیەكی فەرمی و یاساییدا لەلایەن یەكێك لەو دەوڵەتانەی، كە بەشێكی كوردستانی لەتكراوی پێوە لكێندراوە، لەچوارچێوەی ئۆتۆنۆمیدا، ددان بە مافە نەتەوەیی و سیاسییەكانی كورددا بنرێت و، خرایە نێو دەستووری عێراق، واته‌ لە چەندین خاڵى ئەو ڕێککەوتنامەیەدا ددانن بە مافەکانی کورددا نراوە، ھاوکات گرنگی بە سنووری جوگرافيی کوردستان و زمان و ئازادی لەو ساتەدا دراوە.
ڕێککەوتنامەی ١١ـی ئازاری ١٩٧٠، دەرئەنجامی ئیرادەی پۆڵایين و خەباتی بێوچانی ھێزی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان بوو، چۆک پێدادانی بەھێزترین حزب و زلھێزترین سوپای ناوچەکە بوو، لەو سەردەمەیەدا، (بارزانيی نەمر) و خەباتگێڕانی شۆڕشی ئەیلوول ڕێککەوتنامەی ١١ـی ئازاریان کردە گەورەترین حەدەسی سەدەی بیستەم، کە ناچاری ددانپێدانان بوو بە مافەکانی گەلی کوردستان و چەسپاندنی ئۆتۆنۆمی.. ئەم ڕووداوە ھۆكارێکی گرنگە لە زیندوومانەوەی دۆزی نەتەوەیی.
پیرۆز بێت يادى ١١ـی ئازار و ڕزگاربوونی ھەولێری قەڵا و منارە. ھۆلاکۆبەزێنەکانی ئه‌م پايته‌خته‌له‌ ساڵى ١٩٩١ ئەوەیان سەلماند کە مەرج نیيە سوپای گـەورە و چەکی مەزنت ھەبێ، ئیرادە و کۆڵنەدان زه‌روورن بۆ ئه‌وه‌ى لە چاو تروکانێکدا دوژمن له‌ په‌لامار و داپڵۆسين پاشگه‌ز ببێته‌وه‌، ھەروەک ئەوەی لە ١١ـی ئازاری 1970 و ڕۆژانی پيرۆزى راپه‌ڕێنى مه‌زنى 1991 ڕوویان دا. دروود بۆ گیانی پاکی شەھیدانی ھەردوو مێژووى دره‌وشاوه‌ و شانازییەکەی گەلی کوردستان.
Top