لەپەراوێزی هاتنی پاپا فرانسیس

لەپەراوێزی هاتنی پاپا فرانسیس

ئاریشە قووڵەكانی بەردەم شارستانییەت و مرۆڤایەتی فاكتەرگەلێكی لەپشتەوەیە، لێ هیچ كامیان بەقەد دەمارگیریی ئایینی و نەتەوەیی زیان و مەترسییان بۆ سەر مرۆڤایەتی دروست نەكردووە. مێژووی مرۆڤایەتی دوور و نزیك پڕیەتی لەم مەترسی و شەڕو كاولكارییانە كە تاكو ئەمڕۆ شوێنەوار و كاریگەرییەكانی ماون.
ململانێی دژوار و ناتەندروست و نالۆژیكی نێوان بەشێكی زۆری وڵات و نەتەوە و ئایدیا و گرووپ و لایەنەكان دەگەڕێتەوە بۆ دەمارگیری و ئەنانییەت و قبووڵنەكردنی یەكتر و، غیابی دیالۆك و تێگەیشتنی دروست بۆ دەقەكان، لەو چوارچێوەوە هەستی خۆسەپێنی و گرژی و تەنانەت سڕینەوەی بەرامبەر بەرهەم دێ و، تەفسیری عاتیفی و میزاجی دەبێتە جێگرەوە و سەپاندنی هێز بۆ ئاراستەكردنی كۆمەڵگە، هەر لێرەوەیە سەدان بۆچوون و هەزاران ئاراستە و هەڵوێست سەرهەڵدەدات و، دواجار پرۆسەی سەقامگیری و پێكەوەژیان دەكەوێتە مەترسی و، تەشەنوج و ترازان و تیرۆر و خاپووركردن و داگیركاری دەبێتە كەرەستە و كاری گرووپە توندئاژۆكان لە رووی ئایینی و نەتەوەییەوە.
تاكە بەدیل بۆ راگرتنی هاوسەنگی و ئارامیی نێودەوڵەتی و بووژانەوەی ژیان و مرۆڤایەتی و پێشوەچوونی شارستانیەت تەنیا و تەنیا ئاشتیی،ە وەك گوتراوە «لا سلام في العالم من دون السلام بين الشعوب والأديان.» بۆیە هەر هەنگاوێك بۆ چەسپاندنی بنەماكانی ئاشتی لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆ و دەرەوە لە پێناو پاراستنی كەرامەتی ئینسان و سەقامگیریی كۆمەڵگە، ئەركێكی گەورە و لەپێشینەی مرۆڤە بە جیاوازی ئایین و نەتەوە و رەگەز و دەنگ و رەنگەوە.
ساڵی 2019 دوای سەردانی پاپای ڤاتیكان بۆ میسڕ و مەغریب و ئیمارات و چەند وڵاتێكی عەرەبی، لە سەر ئاستی وڵاتانی ئیسلامی پەیمانی (برایەتی ئینسانی) لە ئەبوزەبی پایتەختی ئیمارات لەنێوان ئەزهەر و ڤاتیكان و بە ئیمزای شێخی ئەزهەر و پاپا لەپێناو ئاشتیی جیهانی و پێكەوەژیان ئەنجام درا.
پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیكان كە دێتە عێراق و كوردستان حەتمەن خوێندنەوەی جۆراوجۆری بۆ دەكرێ و، هۆكاری هەمەلایەنەی هەیە، بەپێی شرۆڤە و راگەیاندنەكان ئامانجی ئەو زیاتر بۆ پەسنی پێكەوەژیان و گەشە و گەیاندنی پەیامی ئاشتییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئیدی هەر هەوڵ و هەنگاوێك لە چوارچێوەی چەسپاندنی ئاشتی و ئارامی بۆ خزمەتی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەگشتی و عێراق و كوردستان بەتایبەتی گرنگ و جێی بایەخە و رێزگرتن لەو هەوڵانە هێمای تێگەیشتنە. بەتایبەتی بۆ هەرێمێكی وەكو كوردستان كە پێگەیەكی ئارام و پێكەوەژیانە بۆ سەرجەم نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان و لە ناوچەیەكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نائارام و ناسەقامگیردایە، پێویستی بە هەموو پاڵپشتی و پشتگیرییەكە، چونكە هێزەكانی تاریكی چاویان بەو ئارامی و سەقامگیرییەدا هەڵنایەت كە هەموو لێقەوماو ئاوارە و پەناهەندەی عێراق و وڵاتانی ناوچەكە روویان تێكردووە و، مەسیحیەكانیش یەكێكن لەو پەناهەندانەی كە لە ترسی توندوتیژی ئایینی و مەزهەبی لە عێراق و مووسڵ و دەشتی نەینەوا روویان لە هەرێمی كوردستان كرد.
Top