لوبیی پشتیوانی؟؟

لوبیی پشتیوانی؟؟
لوبی بریتییە لە دەستەیەک لە کەسایەتی خاوەن توانا لە بوارەکانى (سیاسی ، ئابوری ، پەیوەندی نێودەوڵەتى ، یاساناسیی ، ڕاگەیاندن و سەربازی ) دا، پێکدێت لە : (سیاسەتمەدار ، سەرمایەدار ، یاساناس ، ئەندام پارلەمان ، بەرپرسانی خانەنشین ، کەسانى دەسترویشتوو ، روژنامەڤان و کەسایەتی سەربازی هتد ...) ، لە هەمو جیهاندا بەتایبەتى لە ولاتانى زلهێزى بریاربەدەستدا وەک دیاردەیەکی باو بوونی هەیە و بووە بە شێوەیەکى کاراى کارى دیبلوماسی ، (لوبی) لە کارو چالاکى رێکخراودایە لە بواری شلوڤەکارى ڕووداوەکان ، دابینکردنى پشتیوانی و خستنەڕووى کێشەکان بەهەستیارییەکى سەرنجراکێشەوە ، چەندین گەلی بەش مەینەت توانیویانە سودمەندبن لە لوبی دروستکردن و بگەنە خواستە رەواکانیان هەر بو نمونە ؛ هەردوو (گەلی جولەکەو گەلی ئەرمەن )، بویە دروستبونی (لوبییەک) ی تایبەت بە پرسی کوردوستان زور گرنگە ، کە ئێستا لە ئەمریکا کاری بو دەکرێت ، دەبێت بە هەندى وەرگرین و هاوکاربین لە بەخشینى زانیارییەبەلگەدارەکان ، بەڵکو پێویستە سەنتەرێکى تایبەت بەومەبەستە بکرێتەوە ، بە پێی ئەو زانیارییانەی لە بەردەستدان ، زیاتر لە (١٠٠) کەسایەتی خاوەن پێگەو پیشەی جیاوازی ئەمریکی سەرقاڵی پێکهێنانی ئەو لوبییەن ، لەو کەسایەتییە دیارانە ؛ ((جێب بوشی برای جورج بوشی سەروک کوماری پێشوتری ئەمریکا ، هاوارد بێرمان ، سەروکی پێشوی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەی کونگرێسی ئەمریکا ، ستیڤن رێدبێکەر ، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ، جوزێف لیبەرمان ، سەناتوری پێشو ، مێری کاندرو ، سەناتوری پێشو ، مارک کێرک ، ئەندامی پێشوی کونگرێس ، ستیڤ ئێسرییاڵ ، ئەندامی پێشوی کونگرێس ، جەنەراڵ دەیڤید پێتریاس )). لوبییەکە ناودەنرێت (دادپەروەری بو کورد) و لەلایەن چالاکترین کومپانیای پارێزەرانی ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێت ، هەروەها گەورە ملیاردێری ئەمریکی (توماس کاپڵان) لە ڕوی داراییەوە هاوکاری دەکات . لوبییەکە کار دەکات لە پێناوی هاندانی سەروکی ئەمریکا ( بایدن ) و ئیدارەکەی ، بو ئەوەی زیاتر هاوکارو پشتیوان بن لە ئاستی پرسی رەوای خەڵکی کوردوستاندا ، لێرەدا بو ئەوەى (لوبی کوردوستان) شێلگیرانە لە بەرگریدا بێت و بەتوانایەکى بەهێز کاربکات ، ئەرکى لە پێشینەى هێزە سیاسییەکانی کوردوستان وەک خواستێکى رەواى نەتەوەیی لە چوارچێوەى پروسەى نیشتیمانسازیدا (هێنانەدى یەکریزی و یەک گوتارییە ) و، سەروی هەمو بەرژەوەندییەکانی دیکە دابنرێت.
Top