گوبلزەکەی ئەلمانیا و گوبلزەکانی کوردستان

گوبلزەکەی ئەلمانیا و گوبلزەکانی کوردستان

"بول یوزف گوبلز" وەزیری پروپاگندەی حکومەتی نازی ئەلمانی بوو لە نێوان ساڵانی ١٩٣٣- ١٩٤٥، کەسێکی نزیکی هیتلەر بوو.

گوبلز کەسێکی زۆر زیرەک و لێهاتوو بوو لە رووی توانای قسەکردن دا، شێوازی تایبەتی خۆی هەبوو، لە کاتی بوونی بە وەزیری پروپاگندە، تواناکانی خۆی خستە کار، بیرۆکەیەکی تایبەتی بەکار هێنا تا بتوانێت زۆرترین کاریگەری بکاتە سەر رای گشتی، ئەویش "درۆ بکە درۆ بکە تا خەلک پێت باوەر بکات"، بو بە ئایدولوژیایەکی تایبەت بە غوبلز، مەبەستی سەرەکی ئەوە بوو کە لە رووی سایکولوژیەوە زۆرترین کاریگەری پەیدا بکات.

گوبلز ئەم بیرۆکەیەی لە کاتی جەنگی جیهانی دووەم، بە باشترین شێوە بەکارهێنا، کاریگەریێکی زۆری لەسەر رووداوەکان هەبوو لە بڵاوکردنەوەی پروپاگندەی گونجاو، بە تایبەت لە دژی هێزەکانی دوژمن، لە هەر رووداو و قۆناغێک دا، ئەو پروپاگندەی کاریگەری هەبوو و کاری لەسەر دەکرد و لە زۆربەی حالەتەکاندا ئامانجی خۆی دەپێکا.

گوبلز بەم رێگایەوە خزمەتی وڵاتی خۆی دەکرد کە ئەلمانیا بوو، زۆر دلسۆز بوو بۆ هیتلەر کە بە سەرۆک و فەرماندەی دەزانی، خیانەتی لە وڵاتی خۆی نەکرد، هاوکاری و سیخوری بو دوژمنانی نەکرد، لە دژی حکومەت و وڵاتی خۆی نەوەستا، بە رێگای ئەو ئەرکەی کە پێی راسپێدرا باشترین خزمەتی پێشکەش بە وڵاتی خۆی کرد و سانازیشی بە خۆیەوە دەکر.

ئەو سەردەمەی گوبلز کاری دەکرد، جیاواز بوو لەم سەردەمەی ئێستا لە رووی پێشکەوتنی زانستی و تکنۆلۆژی، ئەو کات نە ئینتەرنێت هەبوو، نە سەتەلایت، نە موبایل، کە سوودی لێ وەربگریت و کاریگەری زیاتر بکاتە سەر بەرەی دوژمن.

تەنها رادیو و رۆژنامە، ئەویش لە ئاستێکی بەرتەسک دا، بەڵام گوبلز بە باشتربن شێوە بە ئەرکی خۆی هەستاو خزمەتی ئەلمانیای کرد.

گوبلزەکانی کوردستان، بە پێچەوانەی تەواوی بنەماکانی پابەند بوونی نەتەوەیی، کەوتونەتە کار لە دژی پرسە نەتەوەیی و چارەنوسسازەکان، لە دژی حکومەت و یاسا وەستاون، بەردەوام خەریکی پروپاگندەی خراپ و هەوڵی نانەوەی ئاژاوە دەدەن، دەستیان خستۆتە ناو دەستی دوژمن، لە خیانەت و سیخوری هیچی تریان نەکردووە، خەریکی جێ بە جێ کردنی ئەجندای دوژمنانن، بە تەواوی ئیرادەی خۆیان رادەستی دوژمنان کردووە.

ئەو ئامزارە سەردەمیانەی ئێستا هەن و بەردەستن لە سەتەلایت و ئینتەرنێت و موبایل و رۆژنامە و تۆرە جڤاکیەکان، هەروەها سوود وەرگرتن لە کەش و هەوای ئازاد لە بنەماکانی دیموکراسی و ئازادی تاک، کە دەیانتوانی سودی لێ وەربگرن و لە پێناو خزمەت کردنی گەل و وڵاتەکەیان بەکاریبێنن.

بەڵام گوبلزەکانی کوردستان دوور لە هەموو بنەماکانی هاووڵاتی بوون، تەواوی ئەم ئاسانکاریانەیان لە دژی دۆزی گەلەکەی خۆیان بەکارهێنا، تەنها و تەنها خزمەتی دوژمنان یان کرد.

هەرچی لە توانا و لەبەردەستیان دا هەبوو، کردیانە پروپاگندە وهەوڵی تێکدانی ئارامی و سەقامگیری و شیرازەی کۆمەڵایەتی یان دا.

ئەگەر لە کاتی گوبلزی ئەلمانیا دا، جیهان لەم ئاستەی ئێستای پێشکەوتن دا بوایە، ئەم ئامرازانە لەبەر دەستی هەبوانە، ئایە بە چ جۆرێک خزمەتی گەل و وڵاتی خۆی دەکرد؟.

ئەوەیە جیاوازی لەنێوان گوبلزی ئەلمانیا و گوبلزەکانی کوردستان، دوور لە چۆنیەتی ئەو سیاسەتەی کە حکومەتەکان بە کاریان هێناوە، خزمەتی مرۆڤایەتی کردووە یان نە، بەڵام گوبلزی ئەلمانیا دلسۆز بوو بۆ گەل و وڵاتی خۆی، گوبلزەکانی کوردستانیش کەوتونەتە خیانەت و خۆ فرۆشی.

بۆیە سزادانی ئەم گوبلزانە بە پێی یاسا و بە حوکمی دادگا کارێکی فەر و گونجاوە.
سەروەری یاسا یەکێکە لە بنەما دیموکراسیەکان کە هەرێمی کوردستان باوەری پێ هەیە و پەیرەوی کردووە و دەبێ بەردەوامیش بێت.
پابەند بوون بە پرسە نەتەوەییەکان ئەرکی هەر تاکێکی کوردە کە دەبێ بە دلسۆزی کاری بۆ بکات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان.
Top