کاریگەری پلانی نەیاران دژ بە هەرێمی کوردستان (موشەک باران کردنی هەولێر وەک نموونە)
February 18, 2021
وتار و بیروڕا
هەرێمی كوردستان وەک قەوارەیەکی سیاسی و یاسایی لە چوارچێوەی کۆماری فیدرالی عێراق بە درێژایی ٢ دەهەی رابردوو بە تایبەتی دوای ساڵی ٢٠١٤ رووبەروی کومەڵێک گرفتی ئابووری و سیاسی ناوخۆيي وە دەرەکی بویەوە.
بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی ناوەند بە هۆی کێشە سیاسیەکان، سەرهەڵدانی شەڕی داعش، دابەزینی بەهای نەفتی خاو وە چەندین هۆکاری ناوخۆيی تر، گرنگترین ئەو هۆکارانە بون کە بونەتە هۆی لاواز بوونی ئابووری هەرێمی کوردستان کە دواجار کاریگەری سیاسیشی بە دوای دا هات..
جێی ئاماژەیە، گومان لەوەدا نییە کە ووڵاتە ئەقلیمیە دژبەرەکانی هەرێم ڕولەکی کارایان هەبووە لە فشار خستنە سەر ئەم هەرێمە، ئەوان بەشێکی گرنگی ئەم پلانانە بوون، کە گرنگترین ئامانجیان لاواز کردنی سەنگی هەرێمی کوردستان وە لە کوتایی دا سڕینەوەی قەوارەی سیاسی ئەم هەرێمە بووە.
لە روانگەی ئابووریەوە شاری هەولێر وەک پایتەختی هەرێمی کوردستان بە سەنتەرێکی گرنگی بازرگانی و وەبەرھێنان دادەنرێت لە سەر ئاستی عێراق وە جێی سەرنجی زۆربەی وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتی بویە.
زیاتر لە مە، لە رووانگەی سیاسیشەوە هەولێر لە سەر ئاستی عێراق بە ئارامترین شوین دادەنرێت بۆ پەیوەندی دیپلوماسی وە کاروباری کونسولی، کە دەکرێت بگوترێت زوربەی وڵاتە بەهێزەکانی جیهان خاوەن کونسولخانە یان نیوێنەرایەتی گرنگن بوینە لەم شارەدا، بۆیە گرنگی ئەم شارە هەرگیز مایەی دلخوشی نەیارانی نەبووە، ئەوان بەردەوام لە پلان و بوسە دا بونە بو تێکدانی ئارامی ئەم شارە.
لێرەدا بو گشت لایەک رونە کە هێرشە موشەکیەکانی شەوی ٢٠٢١/٢/٢٥ سەر شاری هەولێر پلانەکی تری نەیارانی هەرێمی کوردستانە بو فشار خستنە سەرئەم هەرێمە، بە تایبەتی بۆ تێکدانی ئارامی هەولێری پایتەخت وە گەیشتن بە ئامانجە چەپەلەکانیان، لە لایەکی تریشەوە دەکرێت مەسێجەک بێت بۆهاوپەیمانان بە تایبەتی بو ئەمریکییەکان بە مەبەستی بە ئامانج کردنیان یا خود وەک ئاگادارکردنەوەیەک.
لێرەدا دەکرێت بگوترێت، چەندین هوکار و بەرژەوەندی وە هاوسەنگی نێودەوڵەتی بونیان ھەن کە رێگرن لە زیاتر فراوان بونی ئەم هێرشانە, هەرچەندە ئەم جورە هێرشانە شوک و کاریگەرییەکی کاتی بە دوای دا دێت، بەڵام لە کوتایی دا نەک تەنها نابێتە ئەگەری کاریگەرییەکی درێژخایەن بو سەر سەنگ و گرنگی هەولێری پایتەخت بە پێچەوانەوە هاوکاری و هەماهەنگی نێوان کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان ، هاوپەیمانان وە کومەڵگای نێودەوڵەتی فراوانتر دەکات لە سەر ئاستی هەرێمی وە نێودەوڵەتی.