ناکوکییەکانی بەغداو ھەرێمی کوردستان و یاری کردن بە چارەنووسی گەلی کوردستان

ناکوکییەکانی بەغداو ھەرێمی کوردستان و یاری کردن بە چارەنووسی گەلی کوردستان

دەسەڵاتدارانی عێڕاق پاش ساڵی ٢٠٠٣ کە ھاوکاتە لە گەڵ کۆتایی ھاتنی دەسەڵاتی رژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕ، بۆ بونیتنانەوەی دەوڵەتی عێڕاق کە ئەو کات لە لوتکەی لاوازیدابوون، توانیان بە ھاوکاری و پاڵپشتی کورد بە حوکمی ئەوەی کە کورد ئەزموونێکی سیاسی، دەستووری، یاسایی و تاد... باشی ھەیە، توانیان دەوڵەت بونیات بنێنەوە و دەستووری کاتی عیڕاقیش بۆ یەکەم جار بگۆڕن بۆ دەستووری ھەمیشەیی و لە سەر بنەمای تەوافوقی سیاسی لەگەڵ کورد ڕێک بکەون و، دانیان بە مافە دەستوریەکانی ھەرێمی کوردستان نا.

بەڵام بەرە بەرە نۆخبەی سیاسی دەسەڵاتداری ئەم وڵاتە کەوتنە دژایەتی کردنی ھەرێم و تەوافوقی سیاسی و مافە دەستووریەکانی کوردستان پێشێل کران، نەک ھەر نەچوونە بواری پڕاکتیکیەوە، بەڵکو کەوتنە سەنگەری ھەڕەشە کردن وسەنگەریان لە ئەزموونی فیدڕالی کوردستان گرت ھەتاکو ئەمڕۆش بەردەوامی ھەیە.


پێکەوە ژیانی ئاشتییانە و سیاسییانە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا پرۆسەیەکی تا بڵێی قوڕسە، چونکە بیری سیاسی شیعە ھەمان بیری سیاسی کەمینەی سوننەی عێڕاقە، کە بۆ ماوەی ٨٣ ساڵ جڵەوی دەسەڵاتی عێڕاقیان بە دەستەوە بوو، ھیچ نەما لە دژی کوردو ناسنامەکەی ئەنجام نەدەن.


خوێندنەوەی عەقڵیەتی سیاسی عێڕاق بە وردی و ئەقڵانی دەمانگەیێنێتە ئەم ئەنجامە، کە نە لە ئێستا و نە لە سەردەمی بەعسی فاشی ھەرگیز ناتوانن بونی کورد ناسنامەکەی قەبوڵ بکەن، بەڵکو سەد ساڵ زیاترە لە لایەن ھەردو پێکھاتەی شیعە و سوننەوە ھەوڵی لە نێو بردن و نواندنەوە کورد دەدەن لە نێو قەلەمڕەوی خویاندا، ئەگەر شیعە دەسەڵاتی بگاتە ئاستێک کە بتوانێت زاڵبێت بەسەر ھەرێمی کوردستاندا زور خڕابتر لە حکومەتەکانی پێش ٢٠٠٣ بەسەر ھەرێمی کوردستانیان داھێنا.

ئەوەی کە ئێستاش ڕوودەدات لە دژی ئەزمونی کوردستان و، ئەم ھەموو گوشارە سیاسیە، دیبلوماسیە و دارایی و ئابووری و سەربازییە، کە بە شێوەیەکی زۆر دیبلۆماسییانە و ژیڕانە بە ھاوکاری ئەجندایەکی سیاسی دەرەکی و چاوساغی و پاڵپشتی چەند ھێزو گروپێکی نێوخۆییمان، ئامانجە سەرەکییەکەیان بریتییە لە خۆبەدەستەودانی ھەرێم لە ھەموو ڕویێکەوە؛

دواتر ھەوڵدان بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەم قەوارە سیاسیە فیدڕالیەی ھەرێمی کوردستان و کۆتایی ھێنان بە ھەموو چەشنە دەسەڵاتێکی کوردی، چونکە ئەمانە نەک ھەر بڕوایان بە دیموکراسیەت نییە بەڵکو دوژمنانی سەرسەختی کلتووری دیموکراسین و سەرچاوەی بیری سیاسییان لە بیری ناسیونالیستی وەرگرتووە وەک دەوڵەتی سەردەست.

لە ھەمووشی ناخۆشتر ئەوەیە کە چەند تاقم و گروپێکی خۆفروش ھاوشانی ئەجندای سیاسی داگیرکارانی کوردستان یاری بە چارەنووسی گەلی کوردستان دەکەن و زۆر سەرسەختانە تر لە داگیرکاران کەوتونەتە سەنگەرگرتن لە دژی گەلی کوردستان.

لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە ھەر لە سەر داوای ئەوان مالیکی بڕیاری بڕینی قوتی خەڵکی کوردستانی دا و ھەرێمی کوردستانیان دووچاری ئەم ھەموو مەینەتی و نەھامەتییانە کرد، تاکو ئێستاش بەردەوامن لە سەر دوژمنایەتی کردنی گەل و وڵات.

لە کۆتایی دا ڕادەستکردنی ئیڕادەی سیاسی سەربەخۆیی کوردستان بە بەغدایەکی نوقم بوو لە فەسادی ئیداری و دارایی و سیاسی، واتە نەمانی قەوارەی سیاسی فیدڕالی ھەرێمی کوردستان بە ھەموو شێویەک، بۆیە کورد دەبێ ھزری سیاسی پیلانگێڕی نەیارانی دۆزی ڕەوای خۆی بە وردی و لۆژیکیانە بخوێنتەوە، تاکو بتوانێت بە ھەموو شێوەیەک ڕووبەڕوویان ببێتەوە و نەخشەکەیان لە گۆڕ بنێت.
Top