قەیران و كێشەكانی هەرێمی كوردستان و ئەقڵانییەتی دەوڵەتمەدار لە تێپەڕاندنیدا
January 27, 2021
وتار و بیروڕا
كاراكتەری دەوڵەتمەدار پرسێكی گرنگە لەناو فیكری سیاسیدا و لە كۆمەڵگەی مەدەنیدا سەرهەڵدەدات، لەسەردەمی ئەفڵاتوونەوە باسكراوە و، بە دیدی ئەفڵاتوون، دەوڵەتمەدار دەبێت فەیلەسووف بێت، ئەمەش بەو مانایەی دەوڵەتمەدار دەبێت بیر لە كێشەكانی كۆمەڵگە لەسەر هەموو ئاستەكانی «سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی و.. هتد» بكاتەوە و، چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزێتەوە. بەڵام پرسیاری سەرەكی لێرەدا ئەوەیە: ئایا هەموو كەسێك ئەو لێهاتووییەی هەیە كە بتوانێت ببێتە دەوڵەتمەدار و بە سەركەوتوویی كاروباری دەوڵەت بەڕێوەبەرێت؟
زانستی فیكری سیاسی بە چەند خاڵێك تایبەتمەندییەكانی دەوڵەتمەدار دیاری دەكات، لێرەدا هەرە دیارەكانیان دەنووسین:
1- هەندێك كەس كە دەبنە دەوڵەتمەدار بە شێوەیەكی سرووشتی ئەو لێهاتووییەیان تێدایە بۆ ئەوەی ئەو رۆڵە بگێڕن، هەروەها دەبێت خاوەنی ئەزموونێكی فراوان بێت و، لە هەمانكاتدا نابێت دەوڵەتمەدار خاوەنی ئایدیۆلۆژیەتێكی دیاریكراو بێت.
2- پێویستە دەوڵەتمەدار شێوازێك لە كاریزمای هەبێت، بۆ ئەوەی هەم بتوانێت گەلەكەی لە دەوری پڕۆژەیەك كۆبكاتەوە، هەمیش كاریگەرییەكی ئەوتۆی هەبێت، كە بتوانێت لەنێوان لایەن و بۆچوونە جیاوازەكاندا خاڵی هاوبەش دروست بكات و، پڕۆژەی دەوڵەتداری دابڕێژێتەوە، توانای كاری پێكەوەی گروپی هەبێت.
3- گرنگە دەوڵەتمەدار فەلسەفەیەكی دیاریكراوی بۆ حوكمڕانی هەبێت و پرۆژە و بیروبۆچوونێكی بۆ حكومەت هەبێت و، توانای جێبەجێكردنی ئەو پرۆژەیەشی هەبێت.
4- گرنگە مەزندەی بۆ روودانی قەیران و كێشەكان هەبێت و، پێش روودانیان ئامادەباشی بۆ كردبێت، هەروەها لە كاتی قەیران و كێشەشدا توانای بڕیاری یەكلاكەرەوەی هەبێت و، كات بەفیڕۆ نەدات و، چارەسەر بۆ كێشەكان بدۆزێتەو و دوایان نەخات، یان لێی گەڕێت بۆ كاتێكی دیكە.
پرسیاری دیكە ئەوەیە: ئایا لە دەرەوەی دامەزراوەی دەوڵەت، كاراكتەری دەوڵەتمەدار دروست دەبێت؟ مێژووی فیكری سیاسی لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا پێمان دەڵێت: زۆر لە شۆڕشگێڕە گەورەكانی جیهان لە سەردەمی شۆڕشدا، ناتوانین پێیان بڵێین دەوڵەتمەدار، بەڵام لە بەڕێوەبردنی شۆڕش و هەوڵەكانی بۆ سەرخستنی ئامانجی شۆڕشەكە سیفەتی دەوڵەتمەداری هەیە و، وەك دەوڵەتمەدار رەفتار دەكات، لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازیی كوردستاندا، «مەلا مستەفا بارزانی» نموونەی ئەو شۆڕشگێڕەیە كە لە بەرێوەبردنی شۆڕش و هەوڵەكانی بۆ سەرخستنی ئامانجەكانی شۆڕش سیفەتی دەوڵەتمەداری هەبووە، هەروەها «مسعود بارزانی»یش كە لە چەندین وێستگەی ماوەی سەرۆكایەتیی خۆیدا، راستە ئەویش هەر شۆڕشگێڕ بووە، بەڵام لە شێوازی مامەڵەكردنی لەگەڵ چارەسەركردنی كێشەكان، وەك دەوڵەتمەدار بیری كردووەتەوە، هەروەك چۆن دوای راپەڕینی ساڵی 1991، بە پێشنیاركردنی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كوردستان دەسەڵاتی شۆڕشگێڕیی گۆڕی بۆ دەسەڵاتی دەوڵەتی و پاشانیش پەرلەمان و حكومەت دامەزران و سیمای دەوڵەتێكی دیفاكتۆی وەرگرت. بۆ ئێستاش چاوی ئومێد هەر لەسەر فیكری مسعود بارزانی-یە، بەڵام دەبێت ددان بەو راستییەشدا بنێین، لە ئێستادا كە هەموو هاوكێشە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان لە گۆڕانكاریی بەردەوامدان و، هەموو كات چاوەڕێی رووداوی سیاسیی لەناكاو دەكرێت، ئەم ئەركە ئاسان نییە، بەڵام ئەزموون و بیركردنەوەی بارزانی زۆر جاران لە بارودۆخە قورسەكاندا، دەروازەی ئومێدی كردووەتەوە.
قەیران و كێشە كەڵەكەبووەكان و
بەرنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەت
كاتێك سەرۆك وەزیرانی كوردستان راشكاوانە دەڵێت: «كێشە و قەیرانەكانی كوردستان كەڵەكەبووی چەندین ساڵی رابردوون و بۆ ئەم كابینەیە ماونەتەوە...»، ئەمە مانای ئەوەیە كێشە و قەیرانەكان لە كاتی خۆیدا چارەسەر نەكراون و، ساڵ لە دوای ساڵ لەسەر یەكدی كەڵەكە بوون و، لە ئێستاشدا چارەسەریان ئاسان نییە.» پاشان باسی دەكەین بۆ چارەسەر نەكراون»
پرسیار لێرەدا ئەوەیە: ئایا سەرۆك مسعود بارزانی و، پارتی دیموكراتی كوردستان وەك حزبی فەرمانڕەوا، لەسەر بنەمای خۆئامادەكردن و خۆڕێكخستنەوە بۆ شێوازێكی تازەی حوكمڕانی بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختەیان لە ساڵی 2018 كرد، یان تەنیا ئەمەشیان گەمەیەكی سیاسی بوو، بۆ ئەوەی پەردەیەك بەسەر كێشە و قەیرانە كەڵەكەبووەكاندا بدرێت؟ بێگومان وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستی بە هەڵدانەوەی مێژوویەكی دوور نییە و، هەموولایەك لە بیریانە كە دوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، هەموو حزبە سیاسییەكان لە حكومەت كشانەوە و، تەنانەت مانەوەی تیمی یەكێتی-یش لە ناو حكومەت، پشتیوانی حزبەكەیانی لەپشت نەبوو، لەمەش خراپتر، زۆربەی حزبە سیاسییەكانی كوردستان بەنیاز بوون، ئەوەی حەیدەر عەبادی و حەشدی شەعبی لە داگیركردنەوەی هەرێمی كوردستان پێیان نەكرا، لە رێگەی بانگەشەكردنیانەوە بۆ حكومەتێكی «رزگاری نیشتمانی»، بە تەواوەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵبوەشێننەوە و پاشاگەردانی لە كوردستان دروست بكەن، بۆ ئەوەی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان هەر نەمێنێت! لەناو ئەم ژینگە سیاسییە ئاڵۆزەدا، لەسەر راسپاردەی بەڕێز مسعود بارزانی، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بانگەشەی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە كرد، تەنانەت داوای كرد هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان بكەونە پێش هەڵبژاردنەكانی ئایاری 2018ی پەرلەمانی عێراق، بەڵام حزبەكانی كوردستان لەسەر ئەو بنەمایەی كە پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق شكستێكی گەورە دەهێنێت و لەبەریەك هەڵدەوەشێت، پێداگرییان كرد كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەوێتە دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق، بەڵام كاتێك لە هەڵبژاردنەكانی ئایاری 2018، پارتی دیموكراتی كوردستان بەبێ بەشداریكردنی لە هەڵبژاردنەكانی كەركووك، 25 كورسیی پەرلەمانی عێراقی بەدەست هێناو بووە یەكەم حزب لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان كە ئەو ژمارە كورسییە بەدەست بهێنێت، ئیدی حزبەكانی كوردستان گەڕانەوە بۆ ئەوەی كە رێككەوتنێكی سیاسی بكرێت و پارتی بۆ چوار ساڵی دیكە حكومەتی لابێت و هەڵبژاردن دوابخرێت، بەڵام پێداگریی سەرۆك مسعود بارزانی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن، هەموو لایەكی ناچار كرد كە لە 30ی ئەیلوولی 2018 لە هەرێمی كوردستان هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، پارتی لەم هەڵبژاردنەش لە كۆی 100 كورسیی پەرلەمانی كوردستان 45 كورسی بردەوە و، وەرچەرخانێكی گەورە لە هاوكێشەی سیاسی و حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان هاتە ئاراوە.
ئەوجا ئەگەر لێرەوە، ئەم باسە گرێ بدەینەوە بەو پێناسەی لە پێشەكیی ئەم بابەتەدا بۆ كەسایەتی و تایبەتمەندیی دەوڵەتمەدار ئاماژەمان پێ كردووە، ئەوا ئەمجارەشیان بەڕێز مسعود بارزانی وەك شۆڕشگێڕێكی مەزن بە تایبەتمەندیی دەوڵەتمەدار بیرێكی تازەی بۆ چارەسەركردنی كێشە كەڵەكەبووەكان لە هەرێم داڕشتەوە، ئەو بیرە تازەیە بەرنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو، كە هەر لە دەستپێكەوە، بە پۆلێنكردنی كێشە و قەیرانەكان و ئەولەوییەتی چارەسەركردنیان، چەندین هەنگاوی گرنگی هەڵگرت، كە لێرەدا بە چەند خاڵ ئاماژەیان پێ دەكەین:
1- چارەسەركردنی كۆی كێشەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی عێراق بەپێی دەستووری 2005ی عێراق، بۆ ئەمەش هەر لە یەكەم هەفتەی دەستبەكاربوونیەوە، سەردانی بەغدای كردو، لەگەڵ حكومەتی د.عادل عەبدولمەهدی گەیشتە رێككەوتنێكی سەركەوتووی كۆنكرێتی.
2- ناردنی یاسای چاكسازی بۆ پەرلەمانی كوردستان و دوای پەسەندكردنی، میكانیزمی گونجاوی بۆ جێبەجێكردنی داڕشت.
3- هەوڵەكانی خۆی خستە گەڕ بۆ هەمواركردنەوەی یاسای وەبەرهێنان و داڕشتنی بەرنامەیەكی فراوان بۆ بەرهێنان كە زیاتر لە 1050 پڕۆژەی گەورە و مامناوەندی و بچووكی لەخۆی گرتبوو، هەموو ئەم پڕۆژەیانەش لە رێگەی وەبەرهینەرانی ناوخۆیی، بیانی و هەروەها وەبەرهێنانی هاوبەش لە نێوان حكومەت و كەرتی تایبەتدا جێبەجێ دەكرێن، ئەمە لە پێناوی ئەوە بوو سەرچاوەیەكی گەورەی هەلی كار لە كوردستان دروست بكات و، جووڵەی ئابووری لە كوردستان هاوسەنگ بكاتەوە.
4- راگرتنی گەندەڵی لە شوێنی خۆیدا و، بەهێزكردنی دامەزراوەكانی حكومەت و كەمكردنەوەی رۆتین و، نەخشەدانان بۆ سیاسەتی «یەك پەنجەرە».
5- دانانی بەرنامەیەكی زانستی بۆ رێكخستنەوە و دووبارە بونیادنانەوەی سیستمی بانكی لە كوردستان و، دروستكردنەوەی متمانە لە نێوان هاووڵاتیان و بانكەكاندا.
6- دانانی بەرنامەیەك بۆ ئامادەكردنی پڕۆژە یاسای بودجە لە هەرێمی كوردستان و، رێكخستنەوەی بودجەی بەكاربەر و بودجەی وەبەرهێنان بۆ ئەوەی هەم فەرمانبەرانی كوردستان كێشەی مووچەیان نەمێنێت، هەمیش كارو پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانیش بەردەوامییان هەبێت.
ئەم بەرنامەیەی كابینەی نۆیەم، تەنیا چەند مانگێك لە كەشێكی دوور لە قەیرانی سیاسی و دارایی بەردەوام بوو، بەڵام بە هۆی بارودۆخی سیاسیی عێراق و پاشانیش بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، سەرلەنوێ هەنگاوەكانی بۆ چارەسەركردنی كێشەو قەیرانەكان خاو كردەوە و، ژینگەیەكی ناسەقامگیری سیاسیشی بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام وێڕای ئەو هەموو كێشە كەڵەكەبووانە و كێشە و قەیرانە ئابووری سیاسییە تازەكانیش بەهۆی قەیرانی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، حكومەت دەستەوەستان نەبووە و، ئەگەر پێشتر خاوەنی ئەو بەرنامە تۆكمەیە نەبوایە، ئەوا هیچ گومانی تێدا نییە، كاروبارەكانی حكومەت تووشی ئیفلیجبوون دەبوون و تەنانەت شكستی حوكمڕانیشی لێ دەكەوتەوە.
فرەحزبی و سیاسەتی پۆپۆلیستی
ژینگەیەك بۆ دەركەوتنی دەسەڵاتخواز، نەك دەوڵەتمەدار
لەدوای ساڵی 2005 ـەوە كە هەردوو ئیدارەی هەولێر و سلێمانی لە چوارچێوەی كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا یەكیان گرتەوە، خواستی بوون بە دەسەڵاتدار و وەرگرتنی پلەو پۆست بووەتە دیاردەیەكی بەرچاو لە ئیشكالیەتی حوكمڕانیی پارتی و یەكێتی و دوای ئەویش لە پرۆسەكانی هەڵبژاردنی خولەكانی»3 و 4 و 5»ی پەرلەمانی كوردستان و ئەم دیاردەی دەسەڵاتخوازییەوە گوازاریەوە بۆ شێوازی كاندیدەكانی پەرلەمانی كوردستان و ئەو هاوپەیمانییە لەرزۆكانەی كە بۆ پێكهێنانی كابینەكانی «6، 7، 8 و 9» لە نێوان حزبە سیاسییەكاندا ئەنجام دراون.
كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە بە كابینەی»یەكگرتنەوەی هەردوو ئیدارەی هەولێر و سلێمانی» ناو دەبرێت، یەكەمین كێشەی بۆ یەكگرتنەوەی هەردوو ئیدارە، پڕكردنەوەی خواستی دەسەڵاتخوازیی هەردوو حزبی بەشدار (پارتی و یەكێتی) بوو، كە سەرەنجام كابینەی پێنجەم لە 42 وەزارەت پێكهات، ئەمە تەنیا لە پێناوی ئەوە بوو، تێگەیشتنێك لە نێوان پارتی و یەكێتی دروست بێت و، بتوانن لە چوارچێوەی كابینەیەكی وەزاریدا پێكەوە كاربكەن، بەڵام بە جیابوونەوەی خوالێخۆشبوو نەوشیروان مستەفا و دامەزراندنی كۆمپانیای وشە و پاشانیش دامەزراندنی «بزووتنەوەی گۆڕان» وەك حزبێكی سیاسیی ئۆپۆزسیۆن، ئیدی وەرچەرخانێكی سەیر لە پرۆسەی سیاسیی كوردستاندا رووی دا، كە ئەویش دەركەوتنی رەوتێكی پۆپۆلیستیی توندڕەو بوو، بەو مانایە كە «بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، هەرچیتان پێ دەكرێت، بیكەن». ئەوجا لێرەوە هەموو میكانیزمەكانی دەوڵەت و حوكمڕانی بوونە ئامێرێك بە دەست حزبە سیاسییەكانەوە بۆ بەدیهێنانی دیاردەی دەسەڵاتخوازیی خۆیان و، بەدەستهێنانی كورسیی زیاتری پەرلەمان و گەیشتن بە دەسەڵات.
ئاماژەكردنمان بە واقیعی ئەم باكگراوەندە سیاسییەی پرۆسەی حوكمڕانی لە كوردستاندا، بۆ ئەوەیە پرسیار بكەین: بۆچی لە ناو ژینگەی سیستمی حوكمڕانیی كوردستاندا، ئەقڵانییەتی دەوڵەتمەدار بوونی نییە؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە لەگەڵ ئەوەی ئاسان نییە، بەڵام دەكرێت راشكاوانەش ددان بەوەدا بنێین، كە لەگەڵ دەركەوتنی دیاردە و رەوتی پۆپۆلیستی لە هەر سیستمێكی سیاسیدا، ئەوا ئەقڵانیەتی دەوڵەتمەدار (ئەوجا دەوڵەتمەدار هەر كەسێك بێت) سڕ دەبێت و ناتوانێت لەناو پرۆسەكەدا بیربكاتەوە و، كارلێك لەگەڵ واقیعی سیاسی بكات و، بەر لە روودانی قەیرانەكان، پێشیان پێ بگرێت، یان لە كاتی روودانی كێشە و قەیرانەكاندا چارەسەری دەستبەجێ بدۆزێتەوە و، رێگە نەدات كێشە و قەیرانەكان بە سەر یەكدیدا كەڵەكە بن.
لێرەوە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو میكانیزمانەی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان لە دوای 2005 ـەوە هەتا ئێستا پێی هەڵسووڕاوە، دەگەینە ئەو دەرەنجامەی كە چۆن لە ماوەی 16 ساڵی رابردوودا بەردەوام پرۆسەی حوكمڕانی لەلایەك بووە و، لە بەرامبەریدا چەند رەوت و لایەنێكی پۆپۆلیستی هەبوون كە رێگەیان نەداوە حكومەت بەرنامەكانی خۆی جێبەجێ بكات، لەمەش زیاتر رێگەیان نەداوە كە دامەزراوە دەوڵەتییەكانی هەرێمی كوردستان بە هاوسەنگی كار بكەن، بۆ نموونە:
1- پرۆسەی دۆزینەوە و دەرهێنانی نەوتی كوردستان لەگەڵ ئەوەی رەزامەندی بەڕێزان سەرۆك مسعود بارزانی و خوالێخۆشبوو مام جەلال و هەردوو مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی لەسەر بووە، كە لە چوارچێوەی بەندەكانی دەستووری عێراقدا كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەم هەنگاوە هەڵبگرێت و، پەرلەمانی كوردستانیش یاسای نەوت و گازی هەرێم پەسەند بكات، بەڵام هەر لەگەڵ دەستپێكردنی ئەم پرۆسەیە، شەخسی خوالێخۆشبوو نەوشیروان مستەفا كۆمپانیاكەی (كۆمپانیای وشە) ئەم دەستكەوتە نیشتمانییەیان كردە دیۆەزمە و بوونە هاندەر بۆ حكومەتی ناوەندیی عێراق كە ئامادە نەبێت، یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی لە پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند بكات.
2- دەستوور بۆ هەرێمی كوردستان، یەكێكە لەو پرسە گرنگانەی كە تەواوی پرۆسەی حوكمڕانی لە كوردستان لەسەر ژێرخانێكی پتەو سەقامگیر دەكات، لەماوەی ساڵانی 2005-2009 و لە چوارچێوەی رێككەوتنی ستراتیژیی پارتی و یەكێتی، پەرلەمانی كوردستان پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستانی تەواو كرد و، رۆژی دەنگدانیشی بە 25ی تەموزی 2009، هاوكات لەگەڵ پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی كوردستان بۆ دیاری كرد، بەڵام ئەمیشیان بەهۆی رەوتی پۆپۆلیستیی بزووتنەوەی گۆڕان و پشتگیریی حزبە ئیسلامییەكان، بووە هۆكاری ئەوەی لەسەر ئاستی عێراقی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی تەفسیری جیاواز بۆ ریفراندۆمی دەستووری كوردستان بكەن و، پاشان لەژێر گوشاری ناوخۆ و دەرەكیدا، پرسی دەنگدان لە سەر دەستوور دواخرا و، ئەم دەرفەتەش بۆ گەلی كوردستان لە دەست درا.
3- لەماوەی ساڵانی 2009 كە بەپێی رێككەوتنی ستراتیژیی پارتی و یەكێتی، دەستاودەستی ئاشتییانەی دەسەڵات لە كابینەی شەشەمدا كرا و، پۆستی سەرۆك وەزیران درایە یەكێتی، كە ئەمە یەكەمین جار بوو لە مێژووی حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان لەو ئاستە بەرزە دەستاودەستی ئاشتییانەی دەسەڵات بكرێت، بەڵام بەرەی پۆپۆلیستی (گۆڕان+حزبە ئیسلامییەكان) لەگەڵ دەركەوتنی خۆپیشاندانەكانی وڵاتانی عەرەبی لە سەرەتای ساڵی 2011، هەوڵیان دا، هەمان بارودۆخی وڵاتانی عەرەبی لە هەرێمی كوردستان كۆپی بكەنەوە، ئەوە بوو پاش ئەوەی بە بیانووی پیرۆزباییكردن لە سەركەوتنی رەوتی ئیخوان لە میسر، مۆڵەتی خۆپیشاندانیان لە سلێمانی وەرگرت، لە پڕ رەوتی خۆپیشاندانەكەیان گۆڕی بۆ هەڵكوتانە سەر بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمەش بەو ئامانجەی كە پارتی كاردانەوەی هەبێت و، رەوشێكی ئاڵۆز لە كوردستان دروست بكەن، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ئەوەی پێشتر نییەتی ئەوانی خوێندبووەوە، نەیهێشت پرۆسەی سیاسیی كوردستان بكەوێتە تەڵەی ئەو پۆپۆلیستانەوە، كەچی ئەمەشیان كرد بە بیانوو و بارودۆخێكی شڵەژاویان لە سلێمانی دروست كرد و، هەر لەوێشەوە بزووتنەوەی گۆڕان بەیاننامەیەكی دەركرد و، داوای كرد حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵبوەشێتەوە و، حكومەتێكی تەكنۆكرات لە شوێنی پێكبهندرێت، ئەوجا لەگەڵ ئەوەی هەر دوو تیمی «پارتی و یەكێتی» لەناو پەرلەمان و حكومەت هەوڵیاندا بە شێوەیەكی یاسایی مامەڵە لەگەڵ ئەم ئاژاوەیە بكەن، بەڵام پەرلەمانتارانی «گۆڕان + حزبە ئیسلامییەكان» هەموو هەوڵی خۆیان بۆ تێكدانی ژینگەی پەرلەمان خستە گەڕ، بۆ ئەوەی پەرلەمان نەتوانێت یاسا دەربكات و، حكومەتیش نەتوانێت كارلێك لەگەڵ واقیعەكە بكات، ئەم هەوڵانەش جیا لەوەی لەسەر ئاستی ناوخۆی كوردستان كاریگەری گەورەی لەسەر ناسەقامگیریی سیاسی و حوكمڕانی هەبوو، لە هەمانكاتدا زەمینەشی بۆ حكومەتی عێراق خۆش كرد كە هەڕەشە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بكات و، هێز بەرەو خانەقین و كەركووك بجووڵێنێت، ئەگەر ناوبژیوانیی هاوپەیمانان نەبوایە، هەر ئەو كات شەڕێكی سەربازیی خوێناوی لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق دروست دەبوو.
4- لە كابینەی حەوتەمدا كە جارێكی دیكە دەستاودەستی ئاشتییانەی دەسەڵات لە نێوان یەكێتی و پارتی كرا و، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆك وەزیرانی وەرگرتەوە، هەموو هەوڵەكانی كابینەی حەوت بۆ ئەوە بوو، جۆرێك لە تێگەیشتن لەنێوان پەرلەمان و حكومەت و هێزی ئۆپۆزسیۆن « گۆڕان + حزبە ئیسلامییەكان» دروست بكات و، زەمینەیەكی هێمن بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان دروست بكرێت و، پاشانیش حكومەتێكی هاوپەیمانیی بنكەفراوان پێكبهێندرێت، لە هەڵبژاردنەكانی 2013ش لەسەر پێداگریی یەكێتی، ئەوە بوو پارتی و یەكێتی هەردووكیان لە دوو لیستی جیاواز دابەزین، ئەمەش هاوكێشەی سیاسی لە كوردستاندا گۆڕی، راستە پارتی هەر بە حزبی یەكەم لە هەڵبژاردنەكان دەرچوو، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان بووە حزبی دووەم و یەكێتی بووە حزبی سێیەم.
5- پرۆسەی دانوستاندنەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەم لەسەر بنەمای «چوار ساڵ ئارامی و سەقامگیری بۆ كوردستان» دەستی پێكرد، ئەم بنەمایە كە سەرۆك بارزانی و سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان وەك پێشمەرج بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی هەرێمی كوردستان دیاریان كردبوو، ئامانج لێی ئەوە بوو، ژینگەیەك بێتە ئاراوە كە ئەقڵانییەتی دەوڵەتمەدار بتوانێت مامەڵە لەگەڵ كێشە و قەیرانەكان بكات و، دەروازەیەكیان بۆ بكاتەوە، ئەوجا لەگەڵ ئەوەی ئەم بنەمایە (چوار ساڵ ئارامی و سەقامگیری بۆ كوردستان) زۆر بەو ئاستەش پتەو نەبوو، بەڵام كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان توانی لەگەڵ ئەم قەیرانانە مامەڵەیەكی دەوڵەتمەدارانە بكات، هەتا مانگی ئۆكتۆبەری 2015 كە پارتی بە ناچاری بڕیاری دا، رێككەوتنەكەی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان هەڵبوەشێنێتەوە. لێرەدا ئاماژە بەو قەیرانگەلە دەكەین كە لەماوەی 2014 تا ئۆكتۆبەری 2015 رووبەڕووی كوردستان بوونەوە:
ا- لە شوباتی 2014 حكومەتی عێراق تاكلایەنە و بەبێ ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان یەك بەرمیل نەوتی فرۆشتبێت، بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بڕی.
ب- لەگەڵ متمانەوەرگرتنی كابینەی هەشتەم لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە، تیرۆریستانی داعش مووسڵ-یان داگیركرد و، بەمەش زیاتر لە یەك ملیۆن ئاوارەی ناوخۆی پارێزگاكانی عێراق روویان لە هەرێمی كوردستان كرد.
ج- لە ئابی 2014 داعش هێرشی كردە سەر هەرێمی كوردستان و شنگال و بەشی هەرە زۆری ناوچەكانی دەشتی نەینەوا و مەخمووری داگیركرد و، قەتڵوعامی كوردانی ئێزدییان كرد.
د- داعش هێرشی كردە سەر رۆژئاوا و كۆبانێ كەوتە سەر لێواری كەوتن و زیاتر لە 200-300 هەزار كوردی سووریا هاتنە هەرێمی كوردستان.
6- ئەگەر بە وردی سەرنج لەو خاڵانە بدەین كە ئاماژەمان پێ كردن، ئەم هەموو قەیرانە لەماوەی كەمتر لە دوو مانگ رووبەڕووی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوونەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی زەمینەیەكی سەقامگیری سیاسی بوونی هەبوو، ئەقڵانییەتی دەوڵەتمەدار بەمجۆرە مامەڵەی لەگەڵ ئەو كێشانە كردو بەمجۆرە ئاراستەی ئەو قەیران و كێشە قورسانەی گۆڕی:
ا- لەیەكەم هەنگاویدا و بۆ چارەسەركردنی قەیرانی بڕینی بودجە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، كابینەی هەشتەم بڕیاری دا، هەرێمی كوردستان دەست بە فرۆشتنی نەوتی خۆی بكات.
ب- مامەڵەیەكی ئەقڵانی دەوڵەتمەدارانە كرا، لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە كە روویان لەهەرێمی كوردستان كردبوو، جێگەی ئاماژەپێكردنە تەنیا لە یەك دوو هەفتەی دەستبەكاربوونی كابینەی هەشتەم ژمارەی ئاوارەكان بە رێژەی 30% بە ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان زیاد كرد.
ج- سەرۆك مسعود بارزانی لەدوای هێرشی تیرۆریستانی داعش لە ئابی 2014 كۆشكی سەرۆكایەتیی هەرێمی بەجێهێشت و، وەك پێشمەرگەیەك چووە سەنگەرەكانی پێشمەرگە و، بەمەش هاوسەنگیی هێزی بۆ بەرژەوەندیی هێزی پێشمەرگە راست كردەوە و، دەست كرا بە ئازادكردنەوەی ئەو ناوچانەی كە تیرۆیستانی داعش داگیریان كردبوو.
د- دوای ئەوەی كۆبانێ كەوتە لێواری كەوتن، سەرۆك بارزانی داوای لە پەرلەمانی كوردستان كرد، بۆ ئەوەی بڕیار بدات، هێزی پێشمەرگە بچێت بە هانای كۆبانێ-وە، ئەم بڕیارەش بووە ئەو بڕیارە مێژووییەی كە بۆ یەكەم جار پێشمەرگە سنووری سێ وڵات ببڕێت و ببێتە هاوكارێكی باش بۆ ئەوەی هاوكێشەی هێز لە كۆبانێ بگۆڕێت و كۆبانێ لە كەوتن رزگار بكات.
ه- لەماوەی كەمتر لە 120 رۆژدا، تەواوی ناوچەكانی دەشتی نەینەوا (بە بەنداوی مووسڵ و چیای شنگال و ناو قەزای شنگال)ـەوە ئازاد كران و، لە رۆژئاواش كۆبانێ ئازاد كرا.
و- ئەم ئیرادەی پێشمەرگە و ژینگەی سەقامگیری پرۆسەی سیاسی لە كوردستان گەیشتە ئەو ئاستەی كە پێشمەرگە وەك سیمبولی تێكشكاندنی ئەفسانەی داعش لەسەر ئاستی جێهان بناسرێت و، بۆ یەكەمین جار لە شوباتی 2015 كوردستان بووە ئەندامی كۆنگرە?