کەوتنەکان ئەگەر نەتڕووخێنن، دەبنە وانەی ژیان

کەوتنەکان ئەگەر نەتڕووخێنن، دەبنە وانەی ژیان

ژیان خەونێکە روژی یەکێکمان خەبەرمان نابێتەوە ... ھەر ناشزانین چۆن بە زوویی دەڕوات و کۆتایی بە تەمەن دێنێت.
لەم تەمەنە کورتەی کە کۆتایی نادیارە، گەشبین بە و خەم ھەڵمەگرە، خەم بەبادە. فێری ھونەری لە بیرکردنی کێشەکان بە.
- کە ھیچ کێشەیەک بوونی نییە ...خۆت کێشە بۆ خۆت دروست مەکە.
- کە کێشەت ھەیە، خاوەنی کەسیەتییەکی بەھێز بە، مەڕووخێ و چۆک دامەدە ..بگەڕێ بۆ چارەسەر، بەھێز بە لەبەر دەم رووداوەکانی ژیان .
ھیچ شتێک بەھێزتر نییە لەو کەسە تێکشکاوەی دووبارە ھەوڵی دەسپێکی تازە ئەدات بۆ ژیان ( لا شی اقوی من الشخێ المحگم الژی ڕعاد ترمیم نفسە).
دەبێ ئەوەش بزانین، کەس بێ کیشە نییە.. جیاوازیمان لە چارەسەر کردنەکاندایە ... باشترین وانەش بو چارەسەری کێشەکان سوود وەرگرتنە لە پلانی سەرکەوتووەکان و فێربوونە لە ئەزموونی شکست خواردووەکان .
بازرگانێک ھەبوو، گشت سامانەکەی لە دەست دابوو، سەرەڕای مایە پووچی قەرزێکی زۆریشی لەسەر کەڵەکە بوو، بەھۆی زیرەکی و بوێری خۆیەوە کەوتە ھەڵەوە و لەشەو رۆژێکدا ھیچی نەما، جگە لەبڕوا و متمانەی بەخۆی.
ھەواڵی مایە پووچ بوونی بازرگان بەخێرایی لەناو بازاڕ بڵاوبووەوە، ناحەزان دڵخۆش و دۆستەکانی دڵگران بوون، بەڵام دۆستەکان پێش نەیارەکانی پشتیان تێکرد، بازرگان تەنیا مایەوە و ستەمی رۆژگار و بێ ئەمەکی یاران دەیھاڕی.
ئەوانەی قەرزیان لە لای بوو، بەر دەرگایان لێگرت، فشاریان بۆ ھێنابوو، جگە لە بازرگانێکی وریا کە ھەلەکەی قۆستەوە و پلانی دانا بۆ ئەوەی کاری لەگەڵ بکات، چونکە دەیزانی بازرگانێک کە شکستی خواردووە، شارەزاترە لەبازرگانێکی سەرکەوتوو.
لەگەڵ ھاوڕێیەکی باسەکەی کردەوە کە بەنیازە راوێژ بە بازرگانی مایەپووچ بکات، ھاوڕێکەی بەگاڵتەجاڕییەوە گوتی؛ چ سوودێکی ھەیە، زانیارییەکانی بەکەڵک بھاتبایە خۆی مایەپووچ نەدەبوو، بازرگان پێی گوتی شکست روداوێکی چاوەڕوان نەکراوە.
بازرگان درێژەی پێدا کەسێک کە سەرکەوتووە ھیچ شارەزایی پەیدا نەکردووە، پێچەوانەی شکستخواردوو کە رێگاکانی بەرەو شکست دەناسێت، ئەگەر ئازایەتی لەدەست نەدابێت، باشترین سەرچاوەیە بۆ دەورو بەر. (وەرگیراوە)
تۆش ئەی مرۆڤ بەھێز بە ... ژیان کەوتن و ھەستانەوەیە ... وانە وەربگرە لە کەوتنەکانت .. گرنگ نییە چۆن و لە کوێ دەکەویت .. گرنگ ھەنگاوە ژیرەکانە بۆ ھەستانەوە.

Top