سایکۆلۆژیەتی قۆڵبڕین و ھەڵخەڵەتاندن

سایکۆلۆژیەتی قۆڵبڕین و ھەڵخەڵەتاندن

لە ڕووی دەروونییەوە قۆڵبڕین و ھەڵخەڵەتاندن و فێڵکردن لە پێناو بەدەستھێنانی پارەی کەسانی دیکەیە، یان بە موڵکایەتی کردنی بە ناڕەوا لەسەر موڵک و ماڵ و سامانی کەسانی دیکە. کە بەھاو نرخیان زۆرە، وەکو ئاڵتون و خانوو و ئۆتۆمبێل لە ڕێگەی تەزویرو ھەڵخەڵەتاندن و فێڵکردن و درۆکردن، ھەروەھا موبالەغەکردن لە مەدحکردنی خۆی بۆ سەرنج ڕاکیشانی دیکە بۆ وروژاندن و ئەوانی دیکە. وروژاندنی پاڵنەرو ھەڵچوون و سۆزی کەسانی بەرامبەر. مەرج نییە کەسی قۆڵبڕ یان فێلاوی کەسی خوێندەوارو خاوەن بڕوانامە بن، بەڵام زیرەکی و کارامەیی و شارەزایی زۆریان ھەیە. ھەندێک جار شارەزایی تەواویان لە یاسای موڵکایەتی و ڕێنمایەکانی لایەنی پەیوەندیدار ھەیە، و پێچ و پەنایەکانی یاسا شارەزایە بۆ ئەوەی دڵنیایی وەھمی بداتە کەسەکانی بەرامبەر، یاری بەھەست و سۆزی خەلک دەکات و زیرەکانە خاڵی لاوازیان دەدۆزێتەوە بۆ ئیغراکردنی کەسەکە (قوربانییەکە) بە وەعدی درۆینە بۆ دەستکەوتی گەورە، ئەوانیش ھەرچی ھەیانە ڕادەستی قۆڵبڕی دەکەن کە دەکەونە ژێر کاریگەری وەعدە درۆینەکان لە حالی بێئاگایی. کە بەئاگادێنەوە کار لەکارترازاوە و بۆیان دەردەکەوێت قۆڵبڕ زۆر لەوان زیرەکترو ھۆشیارتر بووە.
• خەسڵەتەکانی کەسی قۆڵبڕ ‌ و ھەڵخەڵەتێنەر:
- درۆ، ئەمە تەوەری سەرەکی کارەکەیە بەڵام زۆر کارامەیە لە ڕێکخستنی درۆ لەسەر دوو ھێل: یەکەم خاڵی لاوازی کەسەکە دەدۆزێتەوە بۆ ئەوەی درۆیەکە باوەربکات. دووەم درۆیەکە ماوەیەکی زۆر بخایەنێت تا زوو ئاشکرا نەبێت.
- فێڵباز ، ئەمەش خەسڵەتێکی ناوەندیە پاڵپشتی درۆیەکانی دەکات.
- مبالەغەکردن، واتە زۆر باسی دڵسۆزی و شەرەف و ئەمانەت و بەھاکان دەکات ، خەلک واھەست دەکات کە کەسێکی مەردە و کەس لەو دڵسۆزتر بە ئامەنەتر نییە. جاری واھەیە سوێندی زۆر ھەستیار دەخوات وەکو ( تەڵاق ) بۆ ئەوەی کەسی بەرامبەر بەتەواوەتی باوەر بکات.ھیچ بوارێک شک نەھێڵێتەوە.
- سوکایەتی کردن بەسیستەم و یاساو دابونەریت، کەسی قۆڵبر وا خۆی نیشاندەدات کە دەتوانێت پازبدات بەسەر یاساو سیستەم و دابونەریتی کۆمەڵایەتیی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی.
- مێژووێکی درێژی ھەیە ، کەسایەتی قۆڵبڕ بە شەو ڕۆژێک دروست نابیت بەلکو مێژووێکی دریژی ھەیە لە فێڵ و گزی ودرۆ ڕەنگە کاریگەری سەردەمی منداڵی بیت وەکو ھەستکردن بەکەمی و تاوان بەرامبەرکردن و دەست درێژیکردنە سەری.ئەم کارەش وەکو قەرەبووکردنەوەی ڕابردوو دەکات.
- لە ڕادەبەدەر تەمحکارە، کەسی قۆڵبڕ ھەمیشە بیرلەوە ‌دەکاتەوە لە ماوەیەکی کەم زۆرترین پارەو سەروەت و سامان کۆ بکاتەوە، چونکە تەحمول ئارامی نییە ئەوەندە ساڵە چاوەرێ بکات تا دەوڵەمەند دەبێت ئەوەیان باشترین ڕێگەیە.
- بنچینەی چێژ وەرگرتن، ئەو کەسە دەیەوێت زۆرترین خۆشی لە ژیان ببینێت، موبالەغە دەکات لە ئۆتۆمبێل و خانوو جلوبەرگ و خواردن و سەفەرکردن بێ گوێ دانە بنەمای کۆمەڵایەتی و یاسایی و ئاکاری.
- ھەستنەکردن بە گوناە، ھەرچەند ژمارەی قوربانییەکان ( فێڵلێکراوەکان ) زیاتربێت و باری گوزەرانیان جۆراوجۆر باش نەبێت، ھیچ سۆزو بەزەیەکی نابێت ھەست بە گوناە ناکات.
- توانایەکی زیرەکی ھەیە بۆ زانین و دەستنیشانکردنی خاڵی لاوازی کەسەکانی بەرامبەری کە دەیەوێت ھەڵیانبخەڵەتێنێ.
- توانایەکی لە ڕادەبەدەری ھەیە بۆ ڕازیکردن و ھونەری قەناعەتپێکردن.
- حالەتی نەرجسیەتی ھەیە، واتە زێدەڕۆییدەکات لە خودپەرستی و لە خۆبایی بوون و لە خۆرازیبوون. سەرسام دەبێت بە ھەلسوکەوتی خۆی .
- ھەستکردن بەکەمی، بۆ قەرەبووکردنەوەی خێرای ئەو ھەستکردنە بەکەمی دەروون و کۆمەڵایەتیە پەنا بۆ ھەڵخەڵەتاندن و فێل دەبات، واھەستدەکات پارە باشترین سەرچاوەی ھێز و دەسەڵاتە.
- ھۆگری پارە، ئەو کەسانە لاوازن بەرامبەر پارە بۆیە بە ‌ھەر ڕێگەیەک بێت دەیەوێت پارە بەدەست بھێنێت.
- زێدەڕۆیی لە مەسرەفکردن، ئەو جۆرە کەسانە زۆربە مەسرەفن ھەندێکجار دەستیان کراوەیە بۆ خێرو چاکە و پیاوەتی، و بەردەوام دەڵێن ( ماڵی کەس نەخۆری بۆ چەکمەسۆری) یان ( لێدە بەلاشە خۆ ماڵی بابم نییە) ئەمە دروشمیانە .
- لاوازی ئینتما، پەرتەوازیی لە بیر و باوەرو پەیوەندی کۆمەڵایەتی واتە لەگەڵ ھەموو توێژێک پەیوەندی دروستدەکات خوێنەوارو نەخوێندەوار ئەھلی گەعدەو زانای ئاینی سیاسەتمەدارو دوکاندارو ھونەرمەند، ھەموو بەشەکانی کۆمەڵگە بۆ یە ئینتمای بۆ ھیچ تویژێک نییە.
- تۆڵە سەندنەوە، کەسی قۆڵبڕ ئەگەر باسی ناخی خۆی بکات ھەست بە ناحەقی و غەدر دەکات بۆیە بەردەوام سادیزمی لادروست دەبێت ھەست بەخۆشی دەکات کاتێک قۆڵی کەسانی زیرەک و سیاسەتمەدارو کوێخاو دەوڵەمەند دەبڕێت، لە ناخی خۆیدا کۆمەڵگە یان خەڵکانی دیکە بە تاوانبار و ھۆکاری نەھامەتی خۆی دەزانێت بۆیە کاتێ تۆڵەیان لێ دەکاتەوە ھەست بە خۆشی دەکات.
- بەرگریکردنی لە خودی خۆی، کەسی قۆڵبڕ بەردەوام بەرگری لە خۆی دەکات و نکۆلی لەوە دەکات کە ئەو فێلی لە کەس کردبێت دەڵێت: من بەزۆر پارەم لەکەس وەرنەگرتووە خۆیان ممنون بوون تا پارەیان لێ وەربگرم من بێ تاوانم.
• کەسایەتی فێلڵێکراو ( ھیڵخەلەتێنراو، قوربانی )
- تەماحکار، ئەو جۆرە کەسانە لە قۆڵبڕ تەماحکارترن کاتێ باسی قازانجی خەیاڵی دەکرێت ھیچ بنەمایەکی یاسایی قازانجی بیر نامێنێ حەزدەکات بەماوەیەکی کەم پارەکەی دووھێندە بێت. بۆیە دەپارێتەوە بەس پارەکەی لێوەربگرن لە خەیاڵی خۆی دەڵێت: مانگی ئەوەندە قازانج دەکەم و ساڵێک دەکاتە ئەوەندە کەیف خۆشدەبێت.
- تەمبەڵی: پارەکە دەداتە فێڵباز بەمەبەستی ئەوەی بەئاسانی و بەبێ ماندووبوون، قازانجی دەسبکەوێت بۆیە زۆربەیان کە پارەکە دەدەن دەڵێن: من حەقم لە ھیچ نییە مانگانە قازانجی خۆم دەوێت.
- ساوێلکەیی و سادەیی، زیرەکی و شارەزایی کەمترە لە فێلباز زوو بە سوێندو وەعدی وەھمی ھەڵدەخەلەتێ، بۆیە کەسی فێلباز بۆ ھەڵخەڵەتاندنی ئەو جۆرە کەسانە ماندوو بوونی زۆری ناوێت تەنھا دڵنیایی وەھمی دەدات بەو کەسە ئەو ھەموو پارەو سەروەت سامانی بە مەمنونی پێدەدات .
- فێلبازە، کەسی قوربانی فێلبازە چونکە دەزانێ ئەم قازانجە حەرام و ریبایە و یاسایی نییە بەڵام ھەر دەیکات لەبەر قازانجی زۆر فێل لە شەرع و یاسا دەکات دەڵێت خوا کەریمە گرنگ قازانجە.
- نەزان و تێنەگەیشتن، ئەوەی کە فێلی لێ دەکرێت، بەپێی شرۆڤەی کەسایەتی زۆر نەزانە چونکە چەندان حالەتی لەم شێوەیە دووبارە بۆتەوە دەرسی لێ وەرنەگرتووە.
- شەرم و شاردنەوە، کەسانی ھەڵخەلەتێندراو شەرم دەکەن لای کەس و کاریان بڵێن ئەوەندە پارەمان ھەیە بەردەوام دەکروزێنەوە ، یان کاتێ قۆلێان دەبڕن لە بەر پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و زانستی خۆیان کارەکە دەشارنەوە بەکەسەکە ‌دەڵێن : توخوا باکەس و کارم یان برادەرەکانم نەزانن من پارەم داوە بەتۆ.
- ڕازیینەبوون، قەناعەت نەھاتن بەو کاسبیەی ھەیەتی ئەوە دەردەکەوێت زۆربەیان حەزیان لێیە بە ناشەرعی پارەیان دەست بکەوێت کەس سوپاسگوزارنیە بەوەی ھەیەتی.
Top