هه‌ڕه‌شه‌كان به‌ڕێوه‌ن!

هه‌ڕه‌شه‌كان به‌ڕێوه‌ن!

كه‌نداوی (عه‌ره‌بی-فارسی)، یه‌كێكه‌ له‌و شوێنانه‌ی له‌بواری ستراتیژیه‌تی نێو ده‌وله‌تیی حیسابی تایبه‌تی هه‌ر له‌دێرزه‌مانه‌وه‌ تاكوئێستا بۆكراوه‌، چونكه‌ شوێنه‌كه‌ خالێكی گرینگه‌ له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی ووزه‌ی جیهانی و هه‌رێمی. كه ‌له‌ ڕوانگه‌ی ده‌رهێنانی نه‌وت و دابه‌شكردن و چۆنیه‌تی دابه‌شكردنی به‌سه‌ر وولاتان، ڕۆڵی كاراو كاریگه‌ر ئه‌گێڕێ.
كه‌نداو،هه‌میشه‌ ڕۆژ به ‌ڕۆژ گرینگیی و بایه‌خی به‌دیار ئه‌كه‌وێ، كه ‌جێگه‌ی بایه‌خ و تێڕامانی زڵهێزه‌كانی جیهانی بووه‌، هه‌ركاتێ زڵهێزێك باڵاده‌ستی خۆی سه‌پاندووه‌، به‌سه‌ر به‌شێك له‌ پانتایی جیهان ئه‌وه‌ كه‌نداو به‌شێك بووه‌، له‌ژێر هه‌ژموونی ئه‌و خۆسه‌پاندنه‌دا،بۆیه‌، به‌هۆی بوونی نه‌وت له‌و ناوچه‌یه‌دا، گرینگیی و بایه‌خی تایبه‌تیی خۆی هه‌میشه‌ به‌ڕووی جیهاندا، نیشانداوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی دونیا به‌ چاوێكی پر له‌بایه‌خه‌وه‌، سه‌یری بكات و له‌ڕێزبه‌ندی تایبه‌تی ژماره‌یی دابنێ.
ناوچه‌كه‌، سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كییه‌ بۆ دابین كردنی نه‌وتی خاو بۆ وولاتانی ڕۆژ ئاوایی، وه‌ به‌به‌رده‌وامیش زڵهێزه‌كانی ئه‌وروپاو وئه‌مه‌ریكا،و زڵهێزه‌كانی تری دونیاش به‌هه‌مان شێوه‌ چاوی ته‌ماحكاریان بڕیوه‌ته‌ شوێنه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی باڵا ده‌ستی خۆیان بنوێنن له‌ كه‌نداوه‌كه‌دا.
بۆ نمونه‌، له‌ جه‌نگی (عیراق – كوێت)، ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانه‌كان نه‌بوونایه‌، ئه‌وه‌ سه‌راپای وولاتانی كه‌نداو كه‌وتبوونه‌ ژێر هه‌ژموونی حكومه‌تی به‌عس، به‌ڵام هانا بردنی مه‌لیكه‌كانی كویت و سعودیه‌ و چه‌ندین وولاتی تر، هۆكارێكی ڕاسته‌وخۆبوون بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ده‌رگای واشنتۆن بده‌ن، تاكو به‌هانایانه‌وه‌ بچن، بۆ به‌ربه‌ستی كردن و وه‌ستاندنی له‌شكری عیراقی .
هه‌ر له‌و كاته‌وه‌، ناوچه‌كه‌ له‌ ئه‌زمه‌یه‌كی قووڵی سیاسی وئابوری و شه‌ڕێكی سارد ئه‌ژی و وه‌ دوو به‌ره‌ی جیاواز له‌ دونیای ئیسلام دروستبووه‌، به‌ره‌ی سونه‌ و به‌ره‌ی شیعه‌. ئه‌م ناكۆكیانه‌ی نێوان هه‌ر دووبه‌ره‌كه‌ بۆته‌ هۆكاری دروستبوونی چه‌ندین خاڵی گرینگ وهه‌ستیار له‌ ناوچه‌كه‌دا،
١-په‌یدا كردنی بازارێكی گه‌رمی ساغكردنه‌وه‌ی چه‌كه‌كانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵات. –
٢-‌ دابینكردنی كه‌ره‌سته‌خاوه‌كان.
٣- دروستبوونی بازاڕێكی جه‌نجاڵ و پڕ له‌موشته‌ری .
٤-‌چه‌ندین پێگه‌ی سارۆخ و سه‌ربازگه‌ی زه‌به‌لاحی ستراتیژی ئه‌مه‌ریكاو ڕۆژئاوا.
٥-چاودێری كردنی نه‌وتی ناوچه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ڕه‌نگڕێژی و سیستماتیك بۆ ئه‌وه‌ی به‌هه‌وه‌سی خۆیان بالده‌ستیی بنوێنن.
٦-ئه‌مه‌ریكا به‌ دوای زه‌وی ئه‌گه‌ڕێ نه‌ك خاك!. ئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆی مسۆگه‌ركردنی زه‌وی بۆ ئه‌مه‌ریكا.
بۆیه‌، ئاراسته‌ی چه‌كه‌ ستراتیژیه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل و هاوپه‌یمانه‌كان هه‌موویان ڕوویان له‌ كه‌نداوی عه‌ره‌بیه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌هه‌ر ئه‌گه‌رێكی چاوه‌روانكراو، په‌ڵاماری هه‌موو ترپه‌كانی دڵی ئیرانێ بده‌ن و له‌ په‌ڵ و پۆی بخه‌ن.
هه‌ڕه‌شه‌كان رۆژانه‌ چوار چێوه‌یه‌كی یاسایی و به‌ڵگه‌یی وه‌رده‌گرن و بۆ ئه‌وه‌ی كۆده‌نگیه‌كی به‌هێزو كاریگه‌ر له‌ دژی حكومه‌تی زنجیر به‌ده‌سته‌كان دروستبكه‌ن.
هه‌موو پێشهاته‌كان پێمان ده‌لێن: گوێزه‌وانه‌كه‌، له‌دارگوێز به‌رئه‌بێته‌وه‌ و به‌ڵام گیانی ده‌رناچێت!
Top