عێراق،مێژووی خوێن

عێراق،مێژووی خوێن

ولاتێك خاوەنی دووەم یەدەگی سامانی سروشتی لەسەر ئاستی جیهان ، ولاتێكی وێران و پاشه گەردان، ئەو ولاتەی لەدوای دامەزراندیەوە لە بیستەكانی سەدەی رابردووە ، هەمیشە لەلایەن هەندێك سەركردەی شۆڤێنی و نەتەوەپەرستەوە تووشی گەورەترین نەهامەتی هاتووە، سەركردە سیاسیەكانی ئەم ولاتە بەبێ خواستی دانیشتوانەكەی بەدروشمی بریقەداری یەكپارچەیی گەورەترین ماڵوێرانیان بەسەر ولاتەكەدا هێناوە، سەدام حسین بۆ سەركوتكردنی تەواوی پێكهاتەكان كۆمەلێك دروشمی بریقەداری وەك پاسەوانی دەرگای رۆژهەڵاتی نیشتیمانی عەرەبی و بەغدا پایتەختی عروبەی كردبۆوە ئامرازێك بۆ سەركوتكردن و لەناوبردنی سەرجەم ئیرادەكانی ولات و چەوساندنەوەی میللەتەكەی.

پرۆسەی ئازادی عێراق لەساڵی 2003 ئومێدی بۆ زۆرینەی عێراقیەكان بەسەرجەم پێكهاتەكانەوە گەڕاندەوە،بنەماكانی دروستبوونەوەی عێراقی نوێ كەخۆی لە سازانی نیشتمانی و هاوبەشی دەبینیەوە، زۆری نەبرد بەهۆی دەستەبردارنەبوونی هەمان عەقڵیەتی پێشوو جارێكی دیکە هیوای عێراقیەكان هەرزوو لەناوچوو، مۆتەكەی جەنگی ناوخۆیی و ماڵوێرانی بەرۆکی خەڵکی گرتەوە،عێڕاق بۆوە مەیدانی
دووبارەبوونەوەی مێژووی خوێن.
سیاسەتی هەڵە، بەغدای كردە ترسناكترین شاری جیهان خەڵکی عێڕاقیشی کردنە خەمبارترین خەڵکی جیهان،پاسپۆرتی عێڕاقیش ململانێی خانەی خراپترین و بێهؽزترینی دەکرد و دەکا،تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس و چالاکانی مافی مرۆڤ بووە زەنگی ئاگادارکردنەوەی میدیاکانی دونیا کە رۆژنامەوانانیان پێویستە وەک گۆڕەپانی جەنگ مامەڵە لەگەڵ پایتەختی عێڕاق و شارەکانی دیکەی بکەن.کارکردن بۆ زەمینەسازی بۆ بەڕێوەبردنی عێراق بە زۆرینەی سیاسی ئامانجی هەرە گەورەی هێزە مەزهەبیە شیعیەکان بوو کە ئێستا عێڕاقی پێ بەڕێوە دەبەن و لەو رێگایەشەوە عێڕاقیان کردۆتە درێژکراوەی بەرژەوەندیەکانی وڵاتێکی ئیقلیمی.
تێپەراندنی یاسای قەزر و بڕینی بەشە بودجەی هەرێم یەكێکە لە مێژووی دووبارەی چەند ساڵەی عێڕاق و یەکێک لە بەرهەمەکانی سیستەمی زۆرینەی سیاسی عەرەبی،بۆیە دەڵێم عەرەبی چونکە لە پرای دژایەتی کردنی مافە دەستووریەکانی خەڵکی کوردستان جیاوازیەکی ئەوتۆ لە نێوان عەرەبی شیعە و سونە نابیندرێ.
سەركردە نوێیەکانی عێراق هەمان بیركردنەوەی سەدام حسێنیان هەیە بەڵام ئەوجارەیان لەژێر عەبای رەشی مەزهەب، سەدام بەناوی هزری نەتەوەپەرستی عێراقیەكانی دەچەوساندنەوە، ئەمان بەناوی هزری تائیفی تووندڕەوی شیعەپەرستی و ئامادەسازی بۆ گەڕانەوەی ئیمام مەهدی و تۆڵەكردنەوەی خوێنی ئیمام حوسێن، هەمان مێژوو دووبارە دەكەنەوە، خەڵكی عێراق بەرەو هەمان چارەنووسی نادیار دەبەن، ئەوەی جیاوازە تەنیا گۆڕینی دەموچاوەكانە لەكەسایەتی بەعسی شۆڤێنیەوە بۆ كەسایەتی تائیفی شۆڤێنی، ئەوەی ئەمرۆ لەرابردوو جیادەكاتەوە گۆرینی كارەكتەرە سیاسیەكانە بەڵام مێژووەکە دووبارەیە کە مێژووی خوێنە.
سەدام حسین بەبیانوی ڕزگاركردنی قودس ،ساڵانە ملیۆنان دۆلاری لەداهاتی عێراق بۆ هاوكاری گروپە فەلەستینەكان تەرخان دەكرد، رەنگە تەنیا ئامانجیشی لەم بوارەدا، وێناكردنی دەستەلاتەكەی بووبێت وەك كارەكەتەرێكی نەتەوەیی ، لەكاتێكدا گەلی عێراق تووشی برسیەتی و هەژاری هاتبوون، بەڵام گروپە فەلەستینیەكان پارە و چەك و جبەخانەیان بۆ دابین دەکرا، هاوكاری تەواو دەكران، ئێستاش بەهەمان شێوازی سەركردە تائیفیەكان بەناوێكی جیاوازتر پارە و داهاتی عێراق بەهەدەر دەدەن، ئەویش پاراستنی شكۆی مەرجەعیەت و شیعەگەریتی و خزمەتی وەلیولفەقیهە.
عێراقیەكان لەهەموو كەس زیاتر تووشی نائومێدی هاتوون، چونكە هیچ جۆرە دەرچەیەكیان بۆ ئایندە نەماوە، گەنجی عێراقی دەتوانێ چاوەرێی دوو شت بکا،یان ببێتە چەکداری حەشدی شەعبی یان وڵات جێبێلێ، عێراق خاوەنی گەورەترین سامانی سروشتییە بەلام بۆ دابینكردنی موچە قەرز پارە دەكات، ئێستا یەکێکە لە قەرزارترین وڵاتانی دونیا.
ئەو پارەیەی لە بودجە بۆ حەشدی شەعبی داندراوە کە زیاتر لە سێیەکی تێکڕای بودجەی عێڕاقە،نیوەی زیاتری بۆ حوسیەکانی یەمەن و میلیشیاکانی سوریا و حیزبوللای لوبنانی دەڕوا،لەبەرامبەر ئەوەشدا بە شکاندنی نرخی دینار بەبێ ئەوەی حکومەتی عێڕاق بچووکترین بەرپرسیارێتی بخاتە سەر شانی نزیکەی نیوەی موچەی فەرمانبەرانی بڕیوە و بازاڕی ئاڵۆزکردەوە و چاوەڕوان دەکرێ نرخی کاڵاکان زۆر بەرزبێتەوە بە شێوەیەک عێڕاق ببێتە گرانترین وڵات و پارەکەشی ببێتە بێ نرخترین و خەڵکەکەشی هەژارترین و حکومەتەکەشی فاشلترین.
Top