زۆری کرێکاری بیانی بەربەستێکە لە بەردەم نەبونی ھەلی کار .

زۆری کرێکاری بیانی بەربەستێکە لە بەردەم نەبونی ھەلی کار .
کار چالاکییەکی ھۆشیاری مرۆڤە بۆ تێر کردنی پێداویستیەکانی لەرووی جەستە و ھزرەوە،وە بە گرنگترین ڕەگەزەکانی بەرھەمھێنان ھەژمار دەکرێت.ھەردوو ڕەگەزەکانی کار ھزر و جەستە پەیوەندیەکی پێچەوانەیان ھەیە لەگەڵ بێ کاریدا .لە رابردوودا ئادەمیزاد بە ھێز و بازووی خۆی تەواوی کارەکانی خۆی ڕادەپەڕاند کە ئەمەش کاتێکی زۆری دەویست بۆ تەواو کردنیان بەڵام لە ئەنجامی بەردەوامبونی بیرکردنەوە ئامێرەکان جێگای ھێز و بازووی ئادەمیزادیان گرتەوە کە بە ماوەیەکی کەم کاری زۆر ئەنجام دەدرێت و کاتێکی زۆر کەم تەرخان دەکرێت بۆی،لە بەرامبەر کار بێ کاری ھەیە کە بریتیە لەو کێشە و گرفتە سەختانەی کە ڕووبەڕووی تاک و کۆمەڵگە دەبێتەوە و کاریگەری سلبی دەبێت بۆ ژیانی مرۆڤ و ئابوری وڵات دەشێوێنێت و کاریگەری دەروونی دەخاتە سەر ژیانی مرۆڤ، زۆربەی وڵاتان ڕێژەی بێکاری زۆری تێدایە ئەوەش دەگەرێتەوە بۆ زۆری کرێکاری بیانی یاخود نەبونی وەبەرھێنان .
شایەنی باسە کرێکارە بیانیەکان بە مەبەستی باشتر کردنی بژێوی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان کۆچ دەکەن بۆ وڵاتان کە کار و وەبەرھێنان تێیدا زۆرە ئەمەش کاردەکاتە سەر کرێکاری ناوەخۆیی کە ھەلی کار بۆ ئەو نەڕەخسێت و لە بێکاریدا گوزەران بکات،بەتایبەتی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کرێکارانی بیانی ڕێژەیان گەلەک زۆرە و خاوەن کاری تایبەت بەخۆیانن و زۆربەشیان گوزەرانیان باشە ئەمە لە کاتێکدا کە خەڵکی ناوەخۆی وڵاتەکە کارێک نیە بۆ ئەوان کە بتوانن بژێوی ژیانی ڕۆژانەیان فەراھم بکەن،کوردستانی عێڕاق یەکێکە لەو ھەرێمانەی کە ژمارەیێکی زۆری کرێکاری بیانی تێدایە و ساڵانە بە لێشاو کۆچ دەکان بۆ ئەوەی کار بکەن و خۆشگوزەرانی بۆ خێزانەکانیان دابین بکەن، ھەولێر کە پایەتەختی کوردستان و سەنتەری بزنس و بازرگانی زۆربەی وڵاتانە ڕێژەیێکی زۆر لە کرێکاری (ھیندی-سریلانکی-سوری-تورکی-فلیپینی-نیپاڵی-بەنگلادیشی)و چەندانیتر دەبینرێت،بەتایبەتی ھۆتێل و کۆمپانیای نەوت کرێکارە بیانیەکان قۆرخیان کردوە و وەکو ئەوە وایە کە خۆیان خاوەنیان بن.
ھۆتێلەکان کرێکاری بیانی دێنن کە ئەمەش خەرجیەکی زۆری دەوێت سەرەڕای موچەی مانگانە بیمەی تەندروستی و بلیتی فڕۆکە و شوێنی مانەوە و کارەبا و ئینتەرنێت و ئامرازەکانی گواستنەوە و چەندان خزمەتگوزاریتر دابین دەکرێت بۆیان،بەشێکی زۆریشیان پۆست و پلەیان ھەیە بەتایبەتی لە ھۆتێلەکان ئەمە لا کاتێکدایە کە رێژەیێکی زۆری خاوەن بڕوانامە کاری نیە و چاوەرێ دەکات کە ھەلێکی بۆ بڕەخسێت و ئەگەر بە ڕێژەیێکی کەمیش بێت بژێوی خۆی خێزانەکەی دابین بکات.
کرێکارە بیانیەکان ئەگەرچی ژیانیان لەزۆربەی خەڵکی ناوەخۆی کوردستان باشترە بەڵام بەمە ناوەستن و ھەوڵدەدەن کە خێزانەکانیان بێنن و کار بدۆزنەوە بۆیان و گوزەرانیان زیاتر باش بکەن،کۆمپانیا و ھۆتێلەکان بیانووی ئەوە دێنن کە کرێکاری ناوەخۆیی ھەرگیز ئامادە نیە شانبەشانی کرێکاری بیانی بە ھەمان مووچە کار بکات بەڵام ئەمە دوورە لە ڕاستی ئەوان کار نادەن بە خەڵکی ناوەخۆیی وڵات.
ئەگەرچی کرێکارە بیانیەکان ژیانیان لەرووی ئابوریەوە باشتربوە ھەروەھا لەرووی ئاسایش و تەندروستیشەوە پارێزراون.
کرێکارانی بیانی کاریگەری سلبیان کردۆتە سەر کرێکارانی ناوەخۆ دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان خەم دەخۆن کە ساڵانێک خەباتیان کردووە بۆ ئەوەی ببن بە خاوەنی بڕوانامە و لە شوێنێک بتوانن ئەو بڕوانامەیە قەرەبووی ئەو چەند ساڵەیان بکاتەوە و ببنە خاوەن کاری تایبەت بەخۆیان بەڵام کرێکارانی بیانی ھۆکاری سەرەکین کە ئەوان بێکار بن و ماندووبون و ڕەنجەکانیان بەزایەخ بڕوات،بەشێکیان بڕیار دەدەن نیشتیمان جێبھێڵن و کۆچ بکەن بۆ وڵاتان لەپێناو بەدەستھێنانی کار بەشێکیشیان پەنادەبەنە بەر خۆکوشتن ئەگەر چی بریارێکی نادروستە بەڵام بێ ئومێدی و بێزاری بەرۆکیان دەگرێت بەوەی کە خاوەنی بڕوانامە بیت و خەڵکی نیشتیمان بیت و کارێ نەبێت کە بتوانیت توانا شاراوەکانی خۆت بخەیتە گەڕ، حکومەتی ھەرێم پێویستە سنورێک بۆ ئەو کۆمپانیا و ھۆتێلەکان دابنێت کەچیتر بە لێشاو کرێکارانی بیانی نەھێنن و لەجیاتی ئەوان بایەخ بە کرێکارانی ناوەخۆیی بدەن و دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان فێرە وەبەرھێنان بکەن.
ئەگەر بێتو ھێنانی کرێکارانی بیانی بوەستێندرێت و کار بدرێت بە خەڵکی ناوەخۆی وڵات ئەمە وەبەرھێنان لە وڵات دەگاتە لوتکە و رێژەی بێکاری بە ڕادەیێکی زۆر بەرەو نەمان دەچێت و ژیان و گوزەرانی خەڵک دەگۆڕدرێت و ئابوری وڵات بەرەو پێش دەچێت بەشێوەیەک کە لەمەودا بتوانن داوای وڵاتێکی سەربەخۆ بکەن و گەنجان و دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان بە ئاواتەکانی خۆیان بگەیێنن ئەویش پێدان ماف و ئیمتیازاتیەکانیانن بە دابین کردنی کار و وەبەرھێنان .
Top