با خۆشەویستی و ئاشتی جێگرەوەی توندوتیژی بێت
December 16, 2020
وتار و بیروڕا
لە ناخی مرۆڤ کۆمەڵێک غەریزە و ھەست و چەمک ھەن و کاردانەوەیان بە زۆری بە ژینگەی مرۆڤ و پەروەەردە و کارکردنی دەرەکی بەسەر مرۆڤ بەستراون، ئەگەر بڕوانینە چەمکی خۆشەویستی کە دەرەنجامی پەروەردەی ژینگەیەکی دروست و دەروونێکی ئارام و ئاشتییە، کاردانەوەکەی روو گەشی و ھیواو بەختەوەری و نەرم و نیانییە.
پێچەوانەی ئەم چەمکە، توورەیی و رق و کینە و یاخی بوون لە ھەموو شتێکە، کە کاردانەوەکەی توندوتیژییە، کە روخێنەری ناخی تاک و کۆ مەڵگایە.
تا تاک بتوانی خۆشەویستی بەدەوروبەر و بە نیشتمانی ببەخشێ و، دوور بێت لە توندوتیژی، پێویستە مرۆڤ لە ناخەوە دروست بکرێت لە ژینگەیەکی تەندروست و بە ھەستێکی کوردانە پەروەردە بکرێت، گرنگە خێزان دیمەنێکی جوان و ئارام بۆ منداڵەکانی فەراھەم بکات تا ئەوانیش دوور بن لە رەفتاری قێزەون و گێژاوی بیرکردنەوەی ھەڵە و توندڕەو.
توندوتیژی غەریزەیەکی شاراوەی وێرانکەرە لە ناخی مرۆڤدا، پەروەردەی نادروست لە ژینگەیەکی توندڕەو، گەشە بەم چەمک و غەریزەیە دەدات، ئەم چەمکە لە ھەڵسوکەوتی ھەندێک تاک زۆر بە زەقی دەردەکەوێت و لە شێوەی مامەڵەکردن لەگەڵ دەوروبەری بە توندوتیژی ونەھێشتنی ھیچ بەھایەک و ئارامییەک بۆ ژیان.
پەروەردە لە ماڵەوە دەست پێدەکات و قوتابخانە تەواو کەریەتی و کارکردنی دەرەکی بەسەر مرۆڤ رۆڵێکی گرنگی ھەیە لەسەر مرۆڤ .
پەروەردە رێڕەوی ژیانی ھەر مرۆڤێک بژارە دەکات و بیناغە و بنیاتنانی شێوەی ژیان ورەوشت و تێروانینی تاک بۆ ژیان دیاری دەکات، ھەر تاکێک بەشدارە لە دروستکردنی کۆمەڵگایەکی راست و تەندروست یان کۆمەڵگایەکی نا دروست و سەقەت.
یەک لە چەمکە گرنگەکانی بەردەوامی ژیان و نییشمان چەمکی ئاشتییە، کە بە پێکەوە ژیان و تەبایی و واقیعی بوون گەشە دھوکات و ژیانێکی پڕ لە ئارامی ورێز گرتن دەبخشێتە تاک و کۆ مەڵگە.
بەداخەوە ئەوەی ئەمڕۆ لە ھەندێک شوێنی کوردستان بە ناوی خۆ پیشاندان روودەدات، لە راستیدا توندوتیژی و تووندڕەوییە بەرۆکی ھەندێک لە تاکەکانی کۆمەڵگەی گرتووە، خۆی لە بنەڕەتدا گێژاو خواردنەوەیە لە ناو ریشەی رق و کین و نائارمی دەروونی کە دەرەنجامی پەروەردەی نادروست و کامل نەبوونی عەقڵە لە ھەندێ کەس، ھەروەھا بەفرسەت وەرگرتنی دۆخی ئەم کەسانە لەلایەن خۆفرۆشان وخاک فرۆشان، بە کار ھێنانیان وەک رۆبۆت بۆ مەرامی شەخسی خۆیان و دوور لە خۆشەویستی و ئینتما بۆ نیشتمان و میللەت.
ئازادی رادربڕین و خۆپیشاندان مافی مرۆڤە، بەڵام بە رێنمایی خۆی و، ئاشتیانە و، بێ ئازاردانی جەستەیی و، کوشتن و تێکدان و دزینی ماڵ و تووندوتیژی.
پێویستە ئەوانەی بەم کارە ھەستاون و ھەڵدەستن بە خۆیاندا بچنەوە، و دوور بن لەو ژینگەیەی کە ھانیان دەدات بۆ کاری توندوتیژی، تا ئەم کارە ناڕەوایانە دووبارە نەکەنەوە، نەبنە کەسانی بەکرێگیراو. ھەول بدەن کە خۆ شەویستی وئاشتی جێگرەوەی تووندوتیژی بێت و، ھەموومان ببینە پاسەوان و پارێزەری ئاشتی و تەبایی لە کوردستان، پێویستە بیر لەوە بکەینەوە ئەگەر چەمکەکانی ئاشتی و خۆشەویستی بۆ ولاتانی جیھان پێویست وگرنگ بێت بۆ کوردستان لە ھەموویان زیاتر گرنگتر و پێویست ترە، بە تایبەتی لەم کات و ساتە ھەستیارە کە دوژمن لە ھەوڵدایە بۆ نەھێشتنی قەوارەی ھەرێم. ھەر لاوازییەک لە چەمکەکانی خۆشەویستی و ئاشتی لە کوردستان دەبێتە دڵخۆشی بۆ دوژمن و، بە زەرەر دەگەڕێتەوە بۆ نیشتمان، گرنگە باوەڕمان بە یەکبوون و تەواوکردنی یەکتری ھەبێت بۆ بنیاتنای کوردستانێکی ئارامتر و پێشکەوتوو تر.