لە نەمانی قەوارەی کوردستان نەتەوەی کورد هەتیو دەبێت !

لە نەمانی قەوارەی کوردستان نەتەوەی کورد هەتیو دەبێت !

چەند زوو لەبیرمان کرد ، ئەو ڕۆژە ڕەش و پڕ ترس و برسیانەی بەسەر کورد ھاتن ھێندە زۆرن ھەتا دونیا ماوە نابێت لەبیر بکرێن ، نەوە لە دوای نەوە دەبێت لەمێشکیان بچەسپێنین کەچەند ڕۆژی سەختمان بەڕێکردوە تا ئەم قەوارەیەمان بەدەست ھێناوە ، ئەگەر ئەم قەوارەیە نەمێنێت کوبانێ یەکی تر یان ھەر شارێکی تری کوردی لەژێر ھەڕەشەی لەناوچون بوو کێ بەھانایەوە دەچێت ؟ جارێکی تر کە بڕیاری قڕکردنی کورد درا بۆ کامە پارچەی کوردستان کۆچ بکەن ھەست بەوەنەکەن کە غەریب و بێکەسن ؟،

لەنەبونی ئەم قەوارەیە ، کە کورد ئەنفال دەکران زیندەبەچاڵ دەکران قڕدەکران برسی دەکران دەبوو ھەر چاوەڕێی ئەوەبین کامە وڵات کەمێک ویژدانیان دەجوڵێت لەسەر کورد دێتە دەنگ ، کامە وڵات ھەندێک لەجل و بەرگی کۆنی خۆی وپارچە نانێک و قومێک ئاو بۆ کورد دەھێنێت بۆ ئەوەی کەمێک گەرمایان بێتەوە و تینوێتی و برسیەتیان بشکێنن ! ،
کورد ئەوەندە برسی کراوە ئەگەر موسڵمانانی جیهان بتوانن 30 ڕۆژی ڕەمەزان بەڕۆژوبن کورد دەتوانێت یەک ساڵ بەسەر یەکەوە بە ڕۆژو بێت ! کورد لە زستانان ئەوەندە سەرمای بووە دەتوانێت زۆر بەئاسانی لە جەوی ساردی مۆسکۆی ڕوسیا بگونجێت و بژێت ، ئەوەندەش لە ھاوینان گەرمای بووە دەتوانێت زۆر بە ئاسانی لە گەرمای بیابانی عەرەبی بگونجێت و بژێت ! ،

لەنەبونی ئەم قەوارەیە کە بابو باپیرمان کۆچیان دەکرد لە بەردەمی گورگی «عەرەبی» تینو بەخوێنی کورد دەبو کۆچیان بکردایە بۆ بەردەم گورگی «تورک و فارسی» تینوتر بەخوێنی کورد ،
بە ڕێگاوە ھەزاران مناڵ ھەتیو دەبون ، ھەزاران مناڵ لەسەر سینگی دایکیان ڕەق دەبونەوە لەسەرما یان بەھۆی نەبونی شیر لەسینگی دایکیان دەمردن لە برسا ھەتا دایکیان نەک ھەر پارچەکی بچوکی نانیان نەدەبوو بەڵکو پەلکی داریشیان بەدەست نەدەکەوت بیخۆن بۆ ئەوەی کەمێک شیر بێتە سینگیان و بە مناڵەکانیان بدەن بە جەرگێگی سوتاوەوە بەدەستی خۆی مناڵە ساواکەی دەناشت ،

لەھەبونی ئەم قەوارەیەدا ، ھەرێمی کوردستان بوە ناوەندێکی پارێزراو بۆ کوردانی ھەرچوار پارچەی کوردستان ، بووە بە سەقفێکی پارێزراو لەبەرامبەر تۆپەکانی حکومەتی بەعس و ھەموو دوژمنەکانی کورد ،
لەھەبونی ئەم قەوارەیەدا دەسەڵاتدارانی کورد بۆ یەکەم جار توانیان ھێز بنێرنە پارچەیەکی تر بەرگری لە ناوبردنی نەژادی کوردی بکەن «پێشمەرگە و کۆبانێ» ، بۆ یەکەم جار کوردەکانی پارچەیەکی داگیرکراو کۆچیان کرد بۆ پارچەیەکی کوردستانی ئازاد ھەستیان بەوە نەدەکرد کە غەریب و بێ کەسن بەڵکو ئەوەندە ئارام بون ھەروەکو ماڵی خۆیان نزیکەی یەک ملیۆن کوردی ڕۆژئاوا ھاتنە باشوری کوردستان ، بۆ یەکەم جار کورد خۆی ھاوکاری نارد بۆ پارچەکانی تری کوردستان هەر کەلوپەلی خواردن و جلوبەرگ و ....هتد ،

ئاخر بە چ ویژدانێک دەتانەوێت ئەم قەوارەیە نەمێنێت کورد ھەتیو بکەوێتەوە لە پارێزگاریکردن لە نەژادی خۆی ، دەتوانن حیزبەکان لاواز بکەن و بیگۆڕن دەتوانن حکومەتکان بگۆڕن حکومەتی نوێ پێکبھێنەوە بەڵام ھەر کەس و لایەنێک دەست ببات بۆ لاوازکردن و ھەڵوەشاندنەوەی قەوارەی ھەرێمی کوردستان پێش یاسا و حکومەتی ھەرێم دەبێت لای خەڵکەوە ئەو دەستە لە ڕەگەوە دەربھێنرێت بۆ ئەوی جارێکی تر کەس جورئەت نەکاتەوە باسی ھەڵوەشاندنەوەی ئەم قەوارەیە بکات .
Top