چارەسەری ئەم دۆخە لە ھەولێرە نەک لە بەغدا !

چارەسەری ئەم دۆخە لە ھەولێرە نەک لە بەغدا !

خەڵکی ھەرێمی کوردستان بەھۆی قەیرانی ئابوری چیتر بەرگەی سەختیەکان ناگرێت ، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ھەستی نەتەوایەتی لای تاکی کورد لاواز دەبێت ، ناحەقی خەڵکیش مەگرن چونکە ژیانی ئەمڕۆ لەسەر پارە بەندە ئەگەر پارە و موچەش نەبێت خەڵک چۆن بژیت ، چارەسەری ئەم دۆخەش لەدەستی حیزبەکانە بەتایبەتی «پارتی ، یەکێتی» ، ھەرچۆنێک بێت ھەرچەند ململانێی سیاسیش لەنێوانمان ھەبێت دوژمن نین ، کێشەی نەتەوەیی مان نیە ھەردوکمان کوردین ئەگەر گۆشتی یەکتریش بخۆین ئێسکەکەی فڕێ نادەین بەڵام لەگەڵ بەغدا کێشەی نەتەوەیی مان ھەیە دوای یەک سەدە لە خەبات نزیکەی نیو ملیۆن قوربانی دان ھێشتا دان بە قەزیەی کوردی نانێن ، ئەگەر پێیان بکرێت نەک گۆشتمان بەڵکو ئێسکەکانیشمان دەشکێنن ،
بەغدا ھەرگیز چارەسەری تەواوی بەکورد نادات بەڵکو تەنھا بەنجمان دەکات ، ھەمیشە کار لەسەر ئەوە دەکەن کێشە و ململانێ لەنێوان کوردەکان دا زۆر بێت شکستی حوکمڕانی خۆیان بەکورد پەردەپۆش دەکەن ، ئەمڕۆ داوای نەوت دەکەن سبەی داوای ھەموو داھات بە دارو بەردەوە دەکەن ، ئەمڕۆ بۆ ڕاکێشانی ھەست و سۆزی فەرمانبەران دەڵێن با موچە ڕاستەوخۆ بەغدا دابەشی بکات سبەیی داوای ھەڵوەشاندنەوەی قەوارەی ھەرێمی کوردستان دەکەن ئەمە دەکەن تەنھا بۆ شکاندنی ئیرادەی تاکی کورد ،
جا دەبێت ئەوە بزانن ھەرگیز چارەسەری کورد لەبەغدا نیە بەڵکو لە ھەولێرە و ھەولێریش موڵکی ھیچ حیزبێک نیە بەڵکو موڵک و ناوەندی ھەموو کوردەکانە لەھەر چوار پارچەی کوردستان ،
واز لە ناکۆکیەکان بھێنن یەکتر قبوڵ بکەن بەھای ھاوبەش دروست بکەن ، ئەوەش بزانن نە پارتی بە یەکێتی لەناودەچێت نە یەکێتی بەپارتی لەناودەچێت ھەردوکتان دەبێت دان بە یەکتر دانێن وەکو حیزبی یەکەم و دووەمی کوردستان ، بە زووترین کات دەبێت کۆبونەوەی فراوانی ھەموو حیزبەکان لە ھەولێر ڕێک بخەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک ھەرکەسێک لە ھەر پلە و پۆستێک دا بێت دژی ئەم لێک نزیکبونەوەیە بێت بۆ ڕای گشتی دەربخەن و لەپۆستەکەی دوری بخەنەوە ،
خەڵک چیتر بەرگەی ئەم ھەموو سەختیانە ناگرێت ھەر خەڵکی کوردستان ڕاپەرینی کرد ئەم بەشەی کوردستانی ئازاد کرد ، ئەگەر دەستی دەرەکی ھاتە ناو ھەر ئەوان دەتوانن ئەم پارچەیە وێران بکەن ئەوکات ھەمومان بەیەکەوە تێیدا دەسوتێین ، نە ئێمە ڕزگار دەبین نە ئێوە و قەزیەی نەتەوەیی کورد بۆ ھەتا ھەتایە دەمرێت چیتر زیندونابێتەوە .
Top