بۆچی یەکڕیزی

بۆچی یەکڕیزی
سەد ساڵە گەلێکی چەوساوە خەبات دەکات، تێدەکۆشێت، قارەمانی ئەو گەلە سەدان داستانی تۆمار کردووە، هەزاران ڕۆڵەی ئەم گەلە خوێنیان بۆ ئەمڕۆ داوە، توانراووە هەرێمێک لە چەشنی دەوڵەت دروست بکرێت و چاوی جیهانی بۆخۆی ڕاکێشاوە.
یەکدەنگی و کۆدەنگی کوردان ئەمڕۆ پتر لە هەر کاتێکی تر پێویستە، تەبایی هێزە سیاسیەکان و یەکهەڵوێستی ئەوان لەمەڕ پرسە هەنوکەییەکان دەبێتە هۆی ئاییندەیێکی باشتر، پتر لە ئێستاو هەمووکات خزمەت بە دۆزی ڕەوای گەلەکەمان دەکات و کورد دەباتە قۆناغێکی باشتر لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی.
دوژمنانی گەلەکەمان ڕێگەی جیاوازیان گرتە بەر بۆ ئەوەی شوناس و کلتوری کوردانەمان نەهێڵن، بە هێزی سەربازی بێت، یان بە هێزی نەرم و سیاسەت و ڕێککەووتنە ژێر بە ژێرەکان، نەیانتوانی حەقیقەتی کوردبوونمان لێ بستێنن، نەیانتوانی کوردستان بسڕنەوەو مەسحی بکەن.
دەبێت ئەوە بزانین کە یەکڕایی دەرمانی دەردی ئێمەیە، تەوهین و تەخوین، پەلاماردان و گێرەشێوێنی، جگە لە تۆمارێکی کرێت و مێژوویەکی ڕەش، هیچی تر نییە، مێژوو ڕەحم بەوانە ناکات کە سەنگەر لە دژی براکانیان لێدەدەن و بوونەتە ڕۆبۆت و ڕیمۆد کۆنتڕۆڵی خۆیان داووەتە دەستی نەیارانی کوردستان.
کوردستان سەردەکەووێت..
Top