ڕازیبوون بە ژیان

ڕازیبوون بە ژیان


سەیرە ژیان ! کەم کەس بەو بەشەی کە لە ژیاندا ھەیەتی ڕازیە.
پێم سەیرە، لەگەڵ کەسێکی دەوڵەمەند دوام تەمەنای ژیانێکی سادەی دەکرد کە بەدڵێکی ئارام وبێ ترس ڕۆژئەکاتەوە ،فەقیرێکیش لەولاوە نەفرەتی لەژیانی خۆی دەکردو تەمەنای ڕۆژێکی ئەو دەوڵەمەندە بوو.
لەگەڵ کەسێک دوام منداڵیان نەدەبوو، دەیگوت بەمن چی سەروەت و ناوداری دونیا کە منداڵێکم نەبێ نازناوم ھەڵگرێت و بۆ پیری گۆچانی دەستم بێت، لەولاوە خێزانێکی فرەمنداڵ دادوبێدادیان بوو لەدەست خزمەت و داواکارییەکانیان و دەیگوت خوا بتانباتەوە بۆ بارەگای خۆی
بەتەمەنێکی بەساڵاچوو ئاھی ھەڵئەکێشا بۆ گەنجی و ڕۆژە خۆشەکانی منداڵی، لەولاوەش منداڵێک حەزی لەزوو گەورەبوون بوو، بەبەرائەتەوە بەەھاورێکەی ئەگوت ئەھا باڵام گەیشتووە بە باڵای تۆ.
زانایەکی ڕۆشنبیر دادو بێدادی بوو لە زانست لەسەردەمی جەھالەتدا و دەیگوت لەم روژگارەدا خوشبەختی بو کەم عەقڵ و نەفامە، نەزانێکیش لەلاوە ئاخی ھەڵئەکێشا بۆ نەبوونی دەرفەتێکی خوێندن و فێربوون ......ھتد.
کاتێک گەڕامەوە و لەگەڵ نەفسی خۆم باسی ئەمانەم بۆ کرد، پێی گوتم ئەوانە ھەموو خۆشبەختن، بەڵام شتێکیان کەمە ئەویش ڕازی بوونە بە ژیان.
ماوە بڵێن ئازیزانم تەمەن کورتە، خوش بژین، وسوپاسگوزار بە بەو ژیانەی کە ھەتە، گەر خاوەنی ڤێلا و ئوتومبێلی گران بەھا نیت، بەڵام خۆ لەسەر تەختی نەخۆشخانە نیت، گەر ناتوانی بەفڕۆکە وڵات و وڵات بکەیت خۆ دەبینیت و دەبیستیت و دەشتوانی لەسەر پێیەکانت بڕۆیت، بێ ئامێری ئۆکسجین ھەناسە بدەیت، ئەی نازانی چەندەھا کەس تەمەنای ئەو ژیانە تەندروستەی تۆ دەکەن کەبێ ئامێر دەخۆیت و ھەناسە دەدەیت و دەڕۆیت.
ئەوە جگە لەوەی کەسانی دڵسۆز و ھاوڕێی باش بۆ ژیانت ئاوەدانین و ژیانت بۆن خۆشتر دەکەن، بۆیە دەبێت بەخۆت بڵێیت گەر ئەم وردە بەختەوەرییانەی دەوروبەری خۆم نەبینم، بێگومان پیویستم بە پیاچوونەوەی بیر و بۆچوونەکانم ھەیە.
ئێوەش بژین بەخۆشی و کامەرانی و قەناعەتەوە.
Top