پیرۆزییەکانی کورد دوژمنی تۆقاندووە

پیرۆزییەکانی  کورد دوژمنی تۆقاندووە

پیرۆزییەکانی ھەر میللەتێکک یان ھەر دەوڵەتێک پاراستنی و رێزگرتنی ئەرکی ھەموو لایەنێکە، لە ناو وڵات و لە دەرەوەی وڵات.
ھەموو کەس دەتوانێت بیروڕای خۆی بە ئازادانە دەرببڕی و رەخنە بگرێت، بەڵام دەبێت لەسنووری خۆی لانەدات ونەگاتە تێکدان و سووتاندی پیرۆزییەکانی بەرامبەر.
لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا ئازادییەکی زۆر ھەیە بۆ دەربڕینی را و رەخنە گرتن، لەگەڵ ئەوەش ھیچ کەس بۆی نییە سوکایەتی بە ھیچ کەس و پیرۆزییەکانی بکات، سوکایەتی کردن و دام و دازگا سووتاندن بە تاوان حیساب دەکرێت و سزای یاسایی خۆی ھەیە.
ئەوەی لە بەغدا روویدا، شەرمەزاریە بۆ حکومەتی بەغدا، سوکایەتی کردن بە ئاڵای کوردستان کە چەندان ساڵە رۆلەکانمان بە خوێنە گەرمەکەیان پارێزگاری لێدەکەن و لە پێناویدا قوربانی زۆریان دایە، نوێترین نموونە سێ ساڵ لەمەوبەر لەداستانەکانی پردێ و سحێلا پێشمەرگە قارەمانەکانمان خوێن و گیانی خۆیان کردە قوربانی بۆ پاراستنی شکۆی کورد و ئاڵای کوردستان، پیلانی دوژمن و خیانەتکەرانیان پووچەڵ کردەوە . دوژمن رق و قینەکەی بە سووتانی ئاڵای پیرۆزی کورد کفت نەبوو بەڵکو ھەستا بە سووتاندنی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبەغدا کە پیرۆزترین شوێنی میللەتی کوردە، ئەم کارە ناشارستانییە سوکایەتی کردنە بە پیرۆزی و عەقیدەی گەلی کورد، ئەمەش بە ھیچ شێوەیەک جێگای قبوڵ کردن نییە، پێویست بوو حکومەتی عێراق زیاتر بەرپرسیارانەتر مامەڵەی لەگەڵ ئەم رووداوە نەشیاوە کردبا و دەزگاکانی پۆلیس و حەشدی شەعبی بارودۆخەکەیان ھێور بکردبا، بەڵام ئەوەی جێگای داخە ئەوان ئەوەندەی خەریکی وێنە گرتن و موبایل بوون ئەوەندەش بیری پاراستنی پیرۆزی ئاڵای کوردستان وشوێنە کەیان نەبوو. ‌ھەر دەسەڵاتێک دەزگا ئەمنییەکانی وا لاواز بێت و ئیرادەی سەپاندنی ئارامی و سەقامکێری لە وڵات نەبی بێگومان دەرئەنجامە کەی گروپ گروپ بوونی میللە ت و نەمانی سیادەی یاسا و حکومەتە.
ھەمومان دەبینین کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەوڵەکانی خۆی خستۆتە گەڕ بۆ باش کردنی رەوشی عێراق بە شێوەیەکی گشتی وکوردستان بە شێوەیەکی تایبەتی، ئەویش لەپێناو دەربازبوون لەم بارودۆخە ناخوازیارە بوو، بەڵام دوژمانانی کورد ھەر بەردەوامن لە رق و قینەی خۆیان بەرامبەر کورد، گەورەیی و پیرۆزی ئاڵای کوردستان وای لە دوژمن کردووە تووشی ترس و تۆقینێک بن کە چاویان پێی کوێر بیت. پێویستە ماڵی کورد ئەم رق و قینەی دوژمن بکاتە ھەوێن بۆ تەبایی و ئاشتی .
روون و ئاشکرایە ئەو ھێرشەی بەغدا یەک لەدەرئەنجامەکانی خیانەتە گەورەکەی ١٦ ئۆکتۆبەرە، بێگومان نەیار و دوژمن سوودیان لەو کەلێنە وەرگرتووە کە لەناو ماڵی کورد ھەیە و دڵیان پێخۆشە، ١٦ی ئۆکتۆبەر پەڵەیەکی رەشە لە نێوچەوانی خاک فرۆشان و نەفرەت لێکراوەکان ، ئە پەڵەیە قەد ناسڕێتەوە، ١٧ئۆکتۆبەرێش پەلەیەکی رەشی ترە لە نێوچە وانی خاک فرۆشان، ئەوان رێخۆشکەری ئەم جۆرە ھەڵسوکەوتانەی دوژمنن، بێگومان ھەر سوکایەتییەک بە کورد بکرێت سوکایە تی کردنە بە وانیش.
ئەوەی گرنگە و پێویستە بکرێت دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق لێپێچینەوە یاسایییەکانیان بە راستگۆیانە بکەن و ئە وانەی بەم کارە ھەستاون سزای خۆیان وەرگرن و دەرئەنجامی لێپێچینەوە وناوەکانیان بۆ کوردستان بنێرن، پێویستە ناوەکانیش لەکوردستان لەلیستی رەش بنووسرێت تا پێیان نەگاتە کوردستان و ئارامی کوردستان زیاتر پارێزراو بێت.

Top